سەرەتای مانگی مەی هەموو ساڵێک خەمێکی قوڵ دامان دەگرێت بۆ یادکردنەوەی ئازیزانمان لە تاوانی ئەنفالی چواردا، دوای تەواو کردنی قۆناغی سێ، حکومەتی بەعسی ڕوخاو لە ھێرشەکانی بەردەوام بوو بۆ سەر ناوچەکانی تری کوردستان بە ھەمان شێوەی قۆناغەکانی پێشوتر پلانی قۆناغی چواری دانا، دەسپێکی قۆناغی چوار کیمیابارانکردنی گوندەکانی گۆپتهپهو عهسكهری سهر به ناحیهی ئاغجهلهر بوو.
دوای سەرکەوتنی هێزەکەیان لە قۆناغی سێ دا پشویەکی چەند ڕۆژەی دا، پاشان هێزەکانی کۆکردەوە رۆژی 3/5/1988 لە ڕێگای فڕۆکە جەنگیەکانەوە بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکی گۆپتەپەدا باراند، ھاوکات گوندی (عەسکەری) بە ھەشت بۆمبی کیمیایی بۆردومان کرد ڕۆژی ڕووناکی کردە شەوزەنگ دوکەڵ و بۆنی کیمیایی ئاسمانی تەنی، بۆ رێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوای گوندەکانی (گۆپتەپە) و (عەسکەر) و (حەیدەربەگ)، رژێم ئاوی بەنداوی دوکانی بەردایەوە تا هاوڵاتیان نەتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوە و رزگاريان بێت!
جوگرافیای ئەم شاڵاوە ئاوگەی زێی بچووک بوو، کە ھێڵی سنوری ھەردوو پارێزگای کەرکوک و ھەولێر پێک دەھێنێت، کە شارۆچکەکانی رێدار، ئاغجەلەر، تەق تەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە دەگرێتەوە
دواتر هەموو ناوچەکانی (شوان، شێخ بزێنی ، ئاغجەلەر، کۆیە، بەشێکی ناوچەی سورداش، خەلەکان)ی گرتەوە ، کە راستەوخۆ زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی و پێشمەرگە شەهیدبوون و دواتر بەهۆی کاریگەری کیمیابارانەکە ژمارەی شەهیدەکان بۆ ٥٠٠ شەهید و بریندار بەرزبۆوە، رۆژی دواتریش ئۆپەراسیۆنی قۆناغی چوارەمی ئەنفال بۆ سنوری قەڵاسێوکە و چەمی رەزان و بناری خاڵخاڵان و دەشتی کۆیە و گوندەکانی زێی بچوک دەستیپێکرد، کە لەم قۆناغە بەرفراوانەی ئەنفالدا ئەم شوێنانەی گرتەوە
تەکیە ـ ئاغجەلەر و قەڵاسێوکە
چەمچەماڵ ــ ناوشوان
تەقتەق ــ بە هەردووبەری زێدا.
کۆیە ــ دەشتی کۆیە
دوکان ــ کەڵکەسماق
237 گوند لەم ناوچەیە خاپوورکران.
نزیکەی 2500 کەس لە بەری کۆیە و 3000 کەس لە بەری شوان و شێخ بزێنی و قەڵاسێوکە ئەنفاکران.
تەنانەت لە شوێنێکی وەک بناری خاڵخاڵاندا و لە چەمی بابە رووشەی جەلەمۆرد بە سەدان کەس لەو گوندانە ئەنفالکران، تەنها لە سنووری گوندی جەلەمۆرد 480 کەس گیران و ئەنفالکران
بۆ ۳٨ ساڵیادی ئەو تاوانە گەورە ڕۆشنبیران و خەمخۆران و کەسوکاری ئەنفالکراوان دیواربەندیەکیان دروست کردووە کە لە چوار پایەی ڕەشی سێ مەتر بەرزی و ٨۰ سانتیمەتر پانی پێک هاتووە، لە سەر هەردیوارێکیان ناوی سیانی ئەنفالکراوان بە ڕەنگی سپی نوسراوە کەژمارەیان ۱٤۰٨ ئەنفالکراوە، لە ناوەڕاستی چوار پایەکە ئاڵای کوردستان بە عەمودێکی بەرز هەڵواسراوە.
دیوار بەندی ئەنفالکراوان لە چەند شوێنێکی تری کوردستان کراوە.
هەرچەندە دەبوایە لە هەموو گوندەکانی کوردستان ناوی سیانی ئەنفالکراوان بنوسرایە لە شوێنێکی دیار و کەل و پەل و پۆشاکیان لە شوێنێک کۆبکرانایەوە، کە لە ئێستادا ئەو جۆرە پۆشاکانە یان نەماون یان خراپ بوون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی