عەجاج لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکاندا

1 کاتژمێر پێش ئێستا

عەدنان مەلا ساڵح





وا بڕیارە سبەی پێنج شەممە گەورە تاوانباری پرۆسەی بەناو ئەنفال،( عەجاج احمد حردان) لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا دادگایی بکرێت.

عەجاج تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی بۆ سەر ئەو هاوڵاتیانەی کە لەپرۆسەی بەناو ئەنفالدا بەرەو نوگرەسەلمان ڕاپێچکران.

قۆناغی لێکۆڵینەوە و هەواڵەکردن:

عەجاج بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دانی ناوە بەبەشێک لەتاوانەکانیداو بەپێی قسەی خۆی نزیکەی ۳۰۰۰ کەس لەزیندانی نوگرسەلمان لەژێر دەستیدا بوون و هەستاوە بە پێدانی ئاوی پیس پێیان و ئەشکەنجەی داون، چەندان کەس پاش خواردنەوەی ئەو ئاوە پیسە تووشی سک چوون بوون و چەندین کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمە سەرەڕای ئەشکەنجەدانی قورسی ژن و پیاو مناڵ.دادگایی کردنی ئەم گەورە تۆمەتبارە لەژێر ڕۆشنایی ماددەی ۱۲ ی ژمارە ۱۰ ی ساڵی ۲۰۰۳ یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەبێت .

ئەم دادگایە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دروست بووە و تایبەتە بەبینینی چەند کەیسێک لەوانە :

۱ . تاوانی کۆمەڵکوژی

۲.ئەو تاوانە سیاسیە گەورانەی لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو ئەنجام دراون.

۳.تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی

بۆیە بینینی ئەو دۆسیە دەچێتە ناو تایبەتمەندی 

دادگای باڵای تاوانەکانەوە.


عەجاج لەسێدارە دەدرێت؟

دوای دەستگیرکردنی ئەم گەورە تۆمەتبارە

دەیان کەس سکاڵایان لەدژی تۆمارکردووە گەشتۆتە دادگا بڕیارە ژمارەیەک لەوانە وەک شاهید و سکاڵاکار لە دادگا ئامادەبن.

بەئەگەری زۆرەوە دادگای باڵای تاوانەکان هاوشێوەی سەدام و دارودەستەکەی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ عەجاج دەردەکات.

ئایا بڕیاری لەسێدارەدان لەعێراق جێبەجێدەکرێت؟

بڕیارەکەش دەبێت جێبەجێبکرێت.بەڵام ئەو بڕیارە بۆ جێبەجێکردنی دەبێت بنێردرێت بۆ دادگای تەمیزو، لەوێ پەسەند بکرێت ، پاشان سەرۆکی کۆمار واژوو لەسەر لەسێدارەدانی بکات بۆ ئەوەی بچێتە بواری پراکتیکیەوە.


قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال و شەهیدان


کورد لەوەتەی هەیە چەندین جار ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بەداخەوە نەمانتوانیوە یان ڕێگرییەکان نەیانهێشتووە ئەو جینۆسایدو زوڵم ستەمانەی بەرامبەرمان کراوە بیکەینە وانەیەک بۆ یەک ڕیزی ماڵی کوردو دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان و قوربانیانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراون،دەکرێت لەئێستادا پارتە کوردییەکان بابەتی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال بکەنە یەکێک لە فاکتەرەکانی هاودەنگی و ببێتە خاڵی کۆکەرەوەیان بەرامبەر حکومەتی بەغداد و وەکو مەرجی پێشوەختە بۆ دەنگدان بەکابینەی نوێی حکومەتی عێراق بیخەنە ڕوو، ئایا ئەمە لەسەردانەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکانی کوردو لەگەرمەی گفتوگۆکان بۆ متمانەدان بەکابینە نوێی حکومەتی عێراقی خراوەتە بەرباس یان دەخرێتە بەرباس ڕۆژانی ئایندە وەڵامەکەیمان دەستدەکەوێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی