​ سەردانەکەی ترمپ بۆ چین ئابوری جیهان دەبوژێنێتەوە ؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

هەژار سدیق



بەهۆی جوڵەو قسەو لێدوانە زۆرەکانیەوە، بەشێکی زۆری میدیای جیهان بەئەمریکاشەوە، گوتیان "سەرۆك شێتە"بەڵام دەرکەوت دۆناڵد ترەمپ نەك شێت نیە، بەڵکو سیاسی و سەرکردەیەکی ژیرە لەهەمان کاتیشدا بوێرو ئازایە، دۆناڵد ترەمپ هەندێ قسەو جوڵەی هەیە، هیچ سەرۆکێك نەیکردووە، بەڵام بەشێوازی خۆی کەشێوازێکی زۆر ئازایانەیە، بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکان و تەواوکردنی ئەرکە قورسەکان، هەموو شتێك دەکات.
ترەمپ لەژمارەیەك وڵاتدا بەقسەو چالاکی دیپلۆماسی ئاشتی بەدیهێناو کۆتایی بەشەڕو گرژیەکان هێنا، کەهاوشانی ئیسرائیلیش چووە ناو شەڕ لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران، گوتی دەچینە ناو جەنگ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.
ترەمپ پێش ئەوەی سیاسی بێت بازرگانە، سروشتی هەموو بازرگانەکانیش وایە بەدوای ئاسایش و ئارامیدا دەگەڕێن، ڕێککەوتن بە باشترین بژاردە دەزانن، بەڵام ترەمپ بۆ زیادکردنی فشارو ناچارکردنی تاران بە سازشکردن لەدۆسیەی ئەتۆمیدا، کردەوەی سەربازی ئەنجامدا، بۆ ڕەواندنەوەی مەترسیەکانی سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لەکەنداوی فارس.
ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پەیجینی پایتەختی چین و تاوەکو ڕۆژی هەینی لەم وڵاتە دەمێنێتەوە، لەکۆبونەوەی لوتکەی ئەمریکاو چین، کۆمەڵێك دۆسیە کەجێی بایەخی هەردوولایە قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵام گرنگترینیان دۆسیەی جەنگی ئێرانە، ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی چین تاوتوێی دۆسیەی ئێران دەکات، بەو پێیەی پەیجین فشار لە تاران بکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئەگەر چینیەکان گرەنتی ئەوە بدەن کە دەتوانن قەناعەت بەئێرانیەکان بێنن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، کۆتایی بەگەورەترین قەیرانی ئابوری دێت کەبەهۆی جەنگ و داخستنی گەرووی هۆرمز ڕووبەڕووی جیهان بۆتەوە، باوەڕم وایە چینیەکان  بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە لایەنی چاکەو خێر دەبن، چونکە ئەوان زەرەرمەندی یەکەمن لەڕووی دابەزینی گەشەی ئابوریەکەیان بەهۆی ئەم جەنگەوە.
زۆرینەی میدیا جیهانیەکانیش ئومێدی زۆریان هەیە ئەم گەشتەی ترەمپ کۆتایی بەجەنگ بێنێت، وەك چۆن لەسەرەتا ئەم هەفتەیە قوباد تاڵەبانی لەلێدوانیکیدا گوتی (ترەمپ 'وەستای ڕێککەوتنەکانە) دەتوانێت ڕێککەوتنێکی گەورە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران و دروستکردنی بوژانەوەی ئابووری بەدەست بهێنێت، سەرۆك ترەمپ دەتوانێت ڕێککەوتنێکی بەرفراوان لەگەڵ ئێران مسۆگەر بکات کە بوومەلەرزەیەکی ئابوری جیهانی دروست بکات.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی