پێشەکی
پێشهاتە سیاسییەکانی ئێران لە دەیان ساڵی ڕابردوودا دەریخستووە کە یەکێک لە گرنگترین خاڵە لاوازەکانی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، نەبوونی تێگەیشتنێکى
ستراتیجی واقیعیانەیە سەبارەت بە سروشتی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا. زۆرێک لە هێزە
ئۆپۆزسیۆنەکان تەنیا لە ڕوانگەی قەیرانە ئابوورییەکان، گەندەڵیی پێکهاتەیی، دووبەرەکیی
ناوخۆیی، یان ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتییەوە کۆماری ئیسلامی شیدەکەنەوە و وا گریمانە دەکەن
کە کەڵەکەبوونی ئەو قەیرانانە دەبێتە هۆی داڕمانی ئەو سیستمە، بەڵام ئەزمونی مێژوویی
کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە ئەم سیستمە سەرەڕای گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان توانیویەتی
توانایەکی بەرز بۆ گونجاندن و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان نیشان بدات.
کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە لەلاى بەشێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، ئارەزوو
جێگەی تێگەیشتنى گرتۆتەوە؛ واتە ئەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەیانەوێت ڕووبدات وەک واقیعی
سیاسی هەست پێدەکرێت. ئەم ڕێبازە نەک هەر دەبێتە هۆی تێڕوانینێکی هەڵە بۆ پێکهاتەی
دەسەڵات، بەڵکو دەبێتە هۆی دروست بوونى وەهم و حیساباتی هەڵە لە داڕشتنی ستراتیژییە
سیاسییەکاندا. لە ژینگەیەکی وادا هەر ناکۆکییەکی ناوخۆیی وەک نیشانەی نزیک
بوونەوەى داڕمان لێکدەدرێتەوە و هەموو قەیرانێکی ئابووری وەک کۆتایی یەکلاکەرەوەی سیستمەکە
دەخرێتەڕوو، لە کاتێکدا پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی چەندین جار نیشانی داوە کە توانای
هەڵمژین و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی هەیە.
ئەم نوسینە هەوڵ دەدات بە ڕوانگەیەکی شیکارییەوە لە چەمکی سیستمی ناهاوسەنگ
لە کۆماری ئیسلامیدا بکۆڵێتەوە و نیشانى بدات کە بۆچی بەشێک لە هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن
لە تێگەیشتن لە سروشتی ئەم پێکهاتەیە هەڵەی ستراتیژییان کردووە، هەروەها لە پەیوەندی
نێوان ڕقی سیاسی، شیکاری سیاسی و بنیاتنانی ئارەزوو لە جوڵانەوە ناڕەزایەتییەکان دەکۆڵرێتەوە.
یەکەم/ کۆماری ئیسلامی وەک سیستمێکی ناهاوسەنگ
چەمکی سیستمی ناهاوسەنگ: سیستمی سیاسی کلاسیک بەگشتى لەسەر بنەمای مۆدێلەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن شیکار دەکرێن؛ واتە پێکهاتەکان کە دامەزراوەی شەفاف و پلەبەندی ڕوون و میکانیزمی پێشبینیکراویان هەیە. بەڵام کۆماری ئیسلامی تەنیا بەم مۆدێلە ڕوون ناکرێتەوە. سیستمى دەسەڵات لە ئێران تێکەڵەیەکە لە ڕەگەزە ئایدیۆلۆژییەکان، ئەمنییەکان، ئایینییەکان، ئابوورییەکان و تۆڕە نافەرمیەکانی دەسەڵات کە لە یەک کاتدا کاردەکەن. سروشتی ناهاوسەنگی کۆماری ئیسلامی بەو مانایەیە کە ناوەندی دەسەڵاتی فرەڕەهەند و سروشتێکى سەریەککەوتووی هەیە؛ بڕیاردان تێیدا هەمیشە نوسراو و شەفاف نییە؛ قەیرانەکان بە تەنها وەک هەڕەشە نابینرێت، بەڵکو هەندێکجار قەیرانەکان وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنێت؛ لە بواری ستراتیژیدا نەرمى نانوێنێ بەڵام لە تاکتیکدا نەرم و خۆگونجێنەرە. ئەم تایبەتمەندیانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەو شیکارییانەى کە لەسەر بنەمای مۆدێلی کلاسیکی داڕمانی سیاسی دامەزراون، سەبارەت بە ئێران بەهەڵەدا دەچن.
ناوەندە فرە چینەکانی دەسەڵات: یەکێک لە هەڵە باوەکانی ئۆپۆزسیۆن، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی یەک ناوەندی دەسەڵاتە لە کۆماری ئیسلامیدا. لە کاتێکدا کە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا شێى تۆڕى هەیە و فرە چینە. دامەزراوەکانی وەک ماڵی ڕێبەری باڵا، سەرکردایەتی، سوپای پاسداران، حکومەت، دامەزراوە ئەمنییەکان، بونیادە ئابوورییەکان، تۆڕی ڕۆحانییەکان و بونیادە ئابوورییە پەیوەندیدارەکان هەموویان ڕۆڵیان هەیە لە داڕشتنی هێزدا. ئەم دابەشبوونەى دەسەڵات ڕێگری دەکات لە داڕمانی لەناکاوی تەواوی پێکهاتەکە تەنانەت لە کاتی قەیرانیشدا، بەوپێیەى بەشە جیاوازەکان توانای قەرەبووکردنەوەی لاوازییەکانی یەکتریان هەیە.
دووەم/ ئارەزوو لەبری شیکاری؛ هەڵە تێگەیشتنى ئۆپۆزسیۆن
سیاسەت لەسەر بنەمای ئارەزوو: یەکێک لە چەمکە گرنگەکانی زانستی سیاسی و دەروونناسی سیاسی بریتییە لە (بیرکردنەوەى ئارەزوومەندانە/ Wishful Thinking) . لەم دۆخەدا تاکەکان واقیع نەک لەسەر بنەمای داتای بابەتیی لێکدەدەنەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای خواست و ئارەزووى خۆیان لێکدەدەنەوە. لەلاى بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا، ئەم دۆخە بە ڕوونی دەبینرێت:
أ.هەموو ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتی وەک شۆڕشی کۆتایی پێشکەش دەکرێت.
ب.هەموو ململانێیەکی ناوخۆیی وەک درزێکی کوشندە سەیر دەکرێت.
ج.هەموو فشارێکی دەرەکی وەک کۆتایی سیستەم سەیر دەکرێت.
بەڵام واقیعی سیاسی لەم تێڕوانینانە ئاڵۆزترە،
سیستمە سیاسییەکان بەر لە هەرەسهێنان، بەگشتى بە قۆناغی درێژخایەنی دووبارە خۆڕێکخستنەوەدا
تێدەپەڕن.
سێیەم / جیاوازی نێوان ڕقی سیاسی و تێگەیشتنى سیاسی
ڕقى سیاسی دەتوانێت هێزێکی بزوێنەر بێت بۆ جوڵاندنى ناڕەزایەتی و کۆکردنەوەی ڕای گشتى، بەڵام جێگرەوەی شیکاری سیاسی نییە. ئەو جوڵانەوانەى کە تەنیا پشت بە توڕەیی و ڕق دەبەستن، بەزۆری لە قۆناغی داڕشتنی ستراتیژیدا تووشی قەیران دەبن. زانینی سیاسی پێویستی بە تێگەیشتن هەیە لە لۆژیکی مانەوەی دەسەڵات، هێڵە سوورە ڕاستەقینەکانی دەسەڵات؛ میکانیزمی بڕیاردان، توانای سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردن و توانای کۆمەڵگا بۆ بەردەوامبوونی ناڕەزایەتی. ئۆپۆزسیۆن بەبێ زانینی ئەو ڕاستییانە، ڕووبەڕووی دوو مەترسی دەبێتەوە:
أ.زیادەخەمڵاندنی لاوازی دەسەڵات.
ب.بە کەم سەیرکردنی ئاڵۆزییەکانى کۆمەڵگا و ئاڵۆزی ململانێی چەکدارى.
بەشی سێیەم/ کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان
قەیران وەک ئامرازێک بۆ مانەوە: یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی خووگرتنی مێژوویی ژیانە لە قەیراندا. کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی زۆرێک لە سیستمە سیاسییەکان کە قەیران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوە دەڕوانن، لە هەندێک حاڵەتدا قەیرانی کردووە بە ئامرازێک بۆ یەکگرتوویی ناوخۆیی و کۆنترۆڵی سیاسی. نموونەی ئەم دۆخە بریتین لە شەڕی ئێران و عێراق، سزا ئابوورییەکان، گرژییە ناوچەییەکان، ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و ململانێی هەمیشەیی لەگەڵ ڕۆژئاوا. قەیران لە کۆماری ئیسلامیدا هەندێک جار ئەم ئەرکانەی خوارەوەی هەیە:
أ.بەرهەمهێنانەوەی گوتاری ئەمنی.
ب.بەهێزکردنی یەکگرتوویی هێزە دڵسۆزەکان.
ج.شەرعیەتدان بە سەرکوتکردن.
د.گواستنەوەی ڕای گشتی لە کێشە ناوخۆییەکانەوە بۆ هەڕەشەی دەرەکی.
خۆگونجانى تاکتیکی و سوور بوون لەسەر ئاستى ستراتیژی: کۆماری ئیسلامی لە زۆر حاڵەتدا لە سەر ئاستى تاکتیکى خۆیگونجاندووە نمونەى دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا، گۆڕینی حکومەتەکان، گۆڕینی گوتاری ئابووری، ڕێکخستنی هەندێک سیاسەت. بەڵام لە سەر ئاستی ستراتیژی بنەما سەرەکییەکانی خۆی پاراستووە وەک مانەوەی سیستمەکە، پاراستنی پێکهاتەی سەرپەرشتیکردنی ویلایەتى فەقێ، کۆنترۆڵی ئاسایش، ڕێگریکردن لە داڕمانی ناوەندی دەسەڵات. ئەم تێکەڵەیەی خۆگونجاندن و سووربوون بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی خۆڕاگری سیستمکە دادەنرێت.
بەشی چوارەم/ تێگەیشتن و وەهمی داڕمان
ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: لەم ساڵانەی دواییدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە یەکێک لە گرنگترین سەنگەرەکانی شەڕی تیگەیشتن. لەم بۆشاییەدا:
أ.وروژاندن جێگەی شیکاری دەگرێتەوە.
ب.خێرایی بڵاوکردنەوەی زانیاری زاڵ دەبێت بەسەر وردبینیدا.
ج.شیکارییە ڕووکەش و سۆزدارییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان دووبارە بڵاودەکرێنەوە.
بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن، لە ژێر کاریگەری ئەم لۆژیکە
میدیاییەدا، تووشی جۆرێک لە وەهمی داڕمانی هەمیشەیی بووە؛ دۆخێک کە هەموو ڕووداوێکی
سیاسی وەک نیشانەی کۆتایی نزیکبوونەوەی دەسەڵات لێکدەدرێتەوە.
شرۆڤەکارانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:سەرهەڵدانی شرۆڤەکارانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایکردووە سیاسەت زیاتر ببێتە مەیدانێک بۆ وروژاندن. زۆرێک لەم کەسانە بەهۆى نەبوونی شارەزایی ستراتیژی، تێکەڵکردنی شیکاری سیاسی لەگەڵ ئارەزوو یان وروژاندن، ڕاهێنانی بینەر بە بەکارهێنانی هەست و سۆزی سیاسی لەبری واقیعبینى. ئەنجامی پرۆسەیەکی لەو جۆرە، وەرینی متمانەی گشتییە دوای ئەوەی پێشبینییەکان شکست دەهێنن لەوەى بەدیبێن.
بەشی پێنجەم/ هیوای ڕاستەقینە و پێویستی شیکاری پێکهاتەیی
هیوا بەبێ وەهم: هیوای سیاسی ڕاستەقینە بە نکۆڵیکردن لە واقیع دروست نابێت، بەڵکو بە تێگەیشتن لێی بەوردی دروست دەبێت. سەرکەوتووترین جوڵانەوەکان ئەوانە بوون کە توانیویانە توانای ڕاستەقینەی دەسەڵات بناسن، شیکردنەوەی وردی لاوازییە پێکهاتەییەکانی حکومەت بکەن و هاوسەنگی لە نێوان ئایدیالیزم و ڕیالیزمدا ڕابگرن. هیوایەک کە تەنها لەسەر دروشم و وروژاندن دامەزرابێت، لە ساتەوەختی شکستدا دەگۆڕێت بۆ نائومێدی بەکۆمەڵ.
بەشی شەشەم/ خاڵە لاوازەکانی کۆماری ئیسلامی
هەرچەندە کۆماری ئیسلامی لە بواری بەڕێوەبردنی قەیراندا توانای زۆرى هەیە، بەڵام
ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە شکست ناهێنێت. گرنگترین لاوازییە پێکهاتەییەکان بریتین
لە لەدەست دانى شەرعیەتی کۆمەڵایەتی، قەیرانی درێژخایەنی ئابووری، بۆشایی نێوان
نەوەکان، قەیرانی جێنشینی سیاسی؛ فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و دابەزینی سەرمایەی
کۆمەڵایەتی. بەڵام بۆ ناسینی ئەم لاوازییانە پێویست بە شیکارییەکی قووڵ و درێژخایەن
هەیە، نەک تەنها کاردانەوەی سۆزداری بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ڕۆژانە.
ئەنجام
یەکێک لە گرینگترین ئاڵنگارییەکانى بەردەم ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، جێگرتنەوەی ئارەزووە
لە لایەن شیکارییەوە. بەشێک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی لەبری تێگەیشتن لە پێکهاتەی
ڕاستەقینەی دەسەڵات، وێنەیەکی خەیاڵییان لە لاوازی حکومەت دروست کردووە کە زیاتر ڕەنگدانەوەی
خواستە نەک شیکاری سیاسی.
کۆماری ئیسلامی خاوەن پێکهاتەیەکی ناهاوسەنگ و فرە چین و قەیراناوییە کە لە
ڕێگەی خۆگونجانى تاکتیکی، کۆنترۆڵی ئاسایش، تۆڕە نافەرمیەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە
توانیویەتی بەردەوام بێت. لەم جۆرە هەلومەرجەدا تەنیا ئاماژەدان بە گەندەڵی، دووبەرەکی
ناوخۆیی، یان ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی بەس نییە بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی سیاسی.
ئۆپۆزسیۆن بۆ زاڵبوون بەسەر هەڵە ستراتیژییەکان پێویستی بە گەڕانەوە بۆ شیکاری
واقیعی هەیە تا بە قووڵی لە پێکهاتەی دەسەڵات تێبگات و خۆی لە بانگەشەی میدیایی دوور
بخاتەوە. هیوای سیاسی کاتێک بەردەوام دەبێت کە لەسەر بنەمای ناسینی وردی واقیع بێت
نەک لەسەر بنەمای ئارەزوو و وەهم.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی