کێ بەرپرسیارە؛ شاری هەڵمەت‌و قوربانی یان بازرگانەکانی سیاسەت؟

52 خولەک پێش ئێستا

مەجید ساڵح

(1)
زۆر ئاسانە مرۆڤ لەپشت شاشەی کۆمپیوتەرەکەیەوە دابنیشێت‌و بەچەند دێڕێکی سادە، مێژوو و شوناسی شارێکی زیندووی وەک سلێمانی لەکەداربکات، بەڵام ڕاستی و مێژوو بەنوسینی لەوجۆرە ناگۆڕدرێن. کاتێک قسە لەسەر سلێمانی دەکەین، لەسەر شارێک قسە دەکەین هەمیشە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بوە لەکەرامەت، ئازادی‌و مافی ئەم گەلە.

سلێمانی لەڕۆژی دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ، هەرگیز سەری بۆ هیچ داگیرکەر و ستەمکارێک شۆڕ نەکردووە، چی لە دژی دەسەڵاتی عوسمانی و چی لە دژی مەلیکی عێراق و چی  بەرامبەر ڕژێمەکانی شەقاوەی عەرەبی لەسەردەمەکانی جمهوری.
لەسەردەمی نوێشدا، یەکەم شار بوو لەدژی گەندەڵی، دزی و نادادپەروەری دەسەڵاتی کوردی ڕاپەڕی.

(2)
ئەوانەی ئەمڕۆ دەیانەوێت سلێمانی بە "تەسلیم بوو" یان "یان خەسێنراو" تۆمەتبار بکەن، چاویان لە ئاست ڕاستییەکی گەورە نوقاندووە. خەڵکی سلێمانی کاتێک لە ٩٠٪ی دەنگەکانیان دا بە ئۆپۆزسیۆن، چاوەڕێی گۆڕانکاری ڕاستەقینەیان دەکرد. بەڵام کاتێک بینییان پۆپۆلیستەکان و  سیاسییە درۆزنەکان دەنگی ئەوانیان کردە پردێک بۆ گەیشتن بە کورسی و ئیمتیازات و بازرگانییان بە خوێن و متمانەی شارەکەوە کرد، سلێمانی بڕیارێکی مێژوویی و هۆشیارانەی دا و بایکۆتکردن و ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکانیدا. ئەم بایکۆتە نیشانەی مردنی شار نییە، بەڵکو لوتکەی هۆشیاریی سیاسییە کە ئامادە نییە جارێکی تر ببێتە سووتەمەنی یارییە سیاسییەکان.

(3)
جێگەی سەرنجە کە هەندێک کەس ئەمڕۆ دەیانەوێت ته‌واوی شارێک ناشیرین بکەن، تەنها بۆ ئەوەی ڕووی هەندێ سیاسی سپی بکەنەوە. چۆن دەکرێت مێژووی دوێنێ فەرامۆش بکرێت؟ کێ بوو خەڵکی بەر شەق دەدا؟ کێ بوو لەبەردەم کامێراکاندا سەری گەنجانی ئەم شارەی تاشی و ئەتکی کەرامەتی دەکردن؟
تاوانی سلێمانی نییە ئەگەر حیزبێک، دەزگایەکی ئەمنی، یان چەند کەسێک ڕەفتارێکی نەشیاو دەکەن. تاوانبار ئەو سیستمە سیاسی و ئەمنییەیە کە متمانەی هاوڵاتی دۆڕاندووە، نەک ئەو شارەی کە خۆی قوربانی یەکەمی ئەو ململانێ چەپەڵانەیە.

(4)
سلێمانی هەر بە شاری ڕۆشنبیری و هەڵوێست دەمێنێتەوە. ناشیرینکردنی ئەم شارە بۆ شاردنەوەی شکستی سیاسیی کەسەکان، هەم غەدرێکی گەورەیە لە مێژوو و هەم نیشانەی کورتبینی ئەو پاساوهێنەرانەیە کە ناتوانن لە هاوکێشە ڕاستەقینەکە تێبگەن. سلێمانی تەسلیم نەبووە، بەڵکو بێزارە لەو دەموچاوە دووبارانەی کە هەمیشە قوربانیدانی ئەم شارە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی