٢٠٢٦/٥/١٧
مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بۆ ڕێکخستنی ژیانی پێویستی بە یاسا و ڕێسا هەیە. بەڵام کاتێک «گوێرایەڵی» لە پابەندبوون بە یاساوە دەبێتە «کوێرایەتی» و تەسلیمبوونی ڕەها، کۆمەڵگە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت.
کۆمەڵگەی گوێڕایەڵ؛ کۆمەڵگەیەکە کە تاکەکان بەبێ پرسیارکردن، گومان یان ڕەخنە، فەرمانی سەرەوە (دەسەڵات، باوک، یان نەریت) جێبەجێ دەکەن.
چەندین لایەنی مێژوویی و دەروونی هۆکارن لەوانە :
• پەروەردەی سەرکوتکەر: کاتێک لە خێزان و قوتابخانەدا منداڵ فێری ئەوە دەکرێت تەنها بڵێت "بەڵێ" و مافی گفتوگۆ و ڕەخنەی نەبێت.
• ترس و تۆقاندن: دەسەڵاتە ستەمکارەکان ترس وەک ئامرازێک بەکاردێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر.
• نەریتی کۆنەپەرستانە: بەشێک لە کلتورەکان ڕەخنەگرتن لە گەورەکان یان خاوەن بڕیارەکان وەک بێڕێزی تەماشا دەکەن
بە نموونە؛
- گوێرایەڵی حزبی؛ کادر و لایەنگران بەرگریکردن لە حزب و سەرکردەکەیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی نیشتمانییەوە، تەنانەت ئەگەر حزبەکە بڕیارێکی هەڵە یان دژ بە خەڵکیش بدات، لایەنگران لەژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیادا پاساوی بۆ دەهێننەوە و ڕەخنە ناگرن.
- پیرۆزکردنی کەسایەتییەکان؛ کۆمەڵگەی کوردی مەیلی بەرەو سەروەرکردنی مرۆڤ هەیە چ سەرکردەی سیاسی بێت یان شێخی تەریقەت، یاخود کەسایەتییەکی ئاینی ڕێکخراوەیی. شوێنکەوتووان فەرمان و قسەی ئەم سەرکردانە وەک دەقی پیرۆز وەردەگرن و پرسیاری لەسەر ناکەن، ئەمەش فۆرمێکی ڕوونی ملکەچی کوێرانەیە. هەروەها سیستەمی پەروەردەی کلاسیک کە لە بنەڕەتەوە مرۆڤی گوێڕایەڵ بەرهەم دێنێ و تیایدا خوێندکار گوێگرو لەبەرکەر دەبێ نەک رەخنەگر
کۆتاجار: ئاڵەنگاری واقیعی کوردی ئەوەیە کە چۆن تاکی هۆشیار فێر ببێت هەم ڕێز لە یاسا و جوانییەکانی کلتوری خۆی بگرێت، و هەم بوێری ئەوەی هەبێت لە دژی نادادی و چەقبەستوویی دەنگ هەڵبڕێت، چونکە کۆمەڵگەی زیندوو و پێشکەوتوو، ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لەسەر بنەمای «پرسیارکردن و هۆشیاری» بنیادنراوە، نەک لەسەر بنەمای ترس و بێدەنگی. بۆ ڕزگاربوون لە ملکەچی کوێرانە، پێویستمان بە سیستەمێکی پەروەردەیی نوێ هەیە کە هانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بدات، تا مرۆڤەکان فێربن چۆن ببنە هاوڵاتیی بەرهەمهێن و ئازاد، نەک تەنها شوێنکەوتووی بێدەنگ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی