دەستپێشخەری و ئیرادەی نیشتمانی بۆ رێککەوتن

1 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆزان حەمەتاتە


کاتێکی زۆر بەسەر پێكنەهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕی، راستتر بیڵێم پێکنەهێنانی حکومەت ژمارەی پێوانەیی بە لایەنە نەرێنییەکەی تۆمارکرد و ئەوەیش دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ گەورەبوونی زیاتری درزەکان لە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی، هەروەها ئەو گومانەیش لای زۆرینەی خەڵکی کوردستان تۆخ دەکاتەوە کە لیرە و لەوێ دەوترێ کە بوون و نەبوونی پەرلەمان وەکوو یەکە و هەڵبژاردنیش نیشانەی بوونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەگەرنا دوای زیاتر لە ساڵێک بەسەر یەکەم کۆبوونەوەیدا، پەرلەمانی کوردستان کۆدەبووەوە و هێزە سیاسییەکانی ناچار دەکرد لەماوەی یاسایی خۆیدا کابینەی دەیەم پێکبهێنن.

لەسەر ئاستەکانی عیراق و ناوچەکە مەترسیی زۆر گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، دەنگی زۆر بەرز لە بەغداوە دەبیسترێ بەوەی بیانەوێ بچووکی بکەنەوە و وەکوو هەرێمێکی ئا بەم شێوەیەی ئێستا نەمێنێتەوە، چونکە بەلای ئەوانەوە کورد زیاتری لە بەشی خۆی وەرگرتووە و وەکوو حکومەتێکی سەربەخۆ رەفتار دەکات نەک قەوارەیەکی لۆکاڵی، ئەو دەنگە تەنها دەنگێک نییە و لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا گوێمان لێ بێت، بەڵکوو ستراتیژێکە و لە دەرفەت دەگەڕێن ئەو ویستەیان بکەنە کردار.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دەنگ و ستراتیژ و مەترسییە، پێکنەهێنانی حکومەتی تازەی هەرێمی کوردستان دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی لە بەغداوە چاو لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بنووقێنن و چەند بۆیان دەکرێ یارییەکی سیاسیی قێزەونی لەگەڵ بکەن، ئەوەیش روونە کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە حزبەکان بەرپرسن لێی زیاتر پێگەی کورد لە بەغدا بێهێز دەکات و دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئەوەی وەکوو ئەوەی هاتووە لە دەستووردا مامەڵەمان لەگەڵ نەکەن.

راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەندێک دەستپێشخەریی دەبینین بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت و پەرلەمان کارابکرێتەوە، ئەوە دەرفەتێکی باشە و دەکرێ بە ئەرێنی هەڵبسەنگێنرێ، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی نیشتمانی نەبێت بۆ کردنە کرداری ئەو دەستپیشخەرییانە، ئەوا ناتوانرێت قەیرانی قووڵی ئێستای کوردستان تێپەڕێنرێ و مەترسییەکانی سەر قەوارەکەمان دووربخاتەوە.

هەر دواکەوتنێکی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، پەیوەندییە سیاسییەکان ئاڵۆزتر و متمانە کەمتر دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ مانایەک بۆ دیموکراسیی راستەقینە ناهێڵێتەوە و ئەگەریش هەڵبژاردن پێشبخرێ، ئەوا رێژەی دەنگدان و بەشداریی خەڵک کەمتر دەبێتەوە و پرۆسەی سیاسییش لە گەشەکردن دوادەخات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە