لەم زیندانانەدا مرۆڤ
بێ ھیچ پشت و پەنایەک، بێ هیچ مافێک، لە غیابی
تەواوەتی هەر یاسایەکدا، بە تەنهاییەکی ڕەھاوە، لەبەردەم ھێز و ڕق و خواستی تۆڵەی
دەسەڵاتێکی داخراوی توندوتیژ و تۆقێنەردان. ھەندەسەیەکی تایبەتی دەسەڵاتیان هەیە کە
ھەندەسەی ئیھانەکردن و تێکشانی کەسایەتیی
و ئەتککردنی مرۆڤەکانە، بەتایبەتی ئەو مرۆڤانەی نەیاری سیاسیی ئەوانن. هاوکات دەسەڵاتدارانی
ئەم ناوچەیە لەشکرێک ئینسانی رۆبۆت و ئینسانی جانەوەریان دروستکردوە کە لەناو زیندانەکاندا
مرۆڤەکان لە مرۆڤبوون دەخەن و وەک دەعبا و جانەوەر مامەڵەیان دەکەن. وردەکارییەکانی
ئەو ھەندەسە تایبەتەی دەسەڵات، هەندەسەی سوکایەتیکردن و ئازاردان و چاندنی ھەستی
بچووکیی و بێنرخیی، لە ئینسانە زیندانیکراوەکاندا دەچێنن. ئەم جۆرە سیستمە لە زیندان
دوو جۆر مرۆڤ لە هەناوی خۆیدا دروستدەکات. یەکەمیان مرۆڤێکە ئەو ھەستەی تێدا
دروسبووبێت لە قالۆنچەیەک زیاتر نییە. دووھەمیان ئەو جۆرە مرۆڤەیە، کە ئازاردان و
ئەتککردنی ئەو مرۆڤە بەقالۆنچەکراوانە بە
ئاسایترین و چێژبەخشترین کار بزانێت. ئەم دوو شێوازە لە مرۆڤ بەرھەمی ئەو مۆدێلەن
لە حوکمڕانیی کە جگە لە دەسەڵاتادارن خۆیان، نرخ بۆھیچ شتێکی دیکە دانانێن.
زیندانی ئەم ناوچەیە،
وەک دین و سیاسەت و فیکر لە ناوچەکەدا، زیندانێکی پەڕگیرە، پڕە لە شێوە جیاواز و تۆقێنەرەکانی
خراپەکاریی. ھەموو شتێک لەناویدا ڕەھایە، خراپە خراپەی ڕەھایە، بێڕەحمی بێڕەحمی ڕەھایە،
بێمافیی بێمافیی ڕەھایە، ئیھانەکردن ئیهانەکردنی ڕەھا، دڵڕەقیی دڵرەقیی ڕەھایە، ھتد..
یندانەکانی ئەم ناوچەیە نیشاندەری وێنە راستەقینەکانی ئەو دەسەڵاتدار و
حوکمڕانیانەن کە بەردەوام لە پشتی وێنە و ریتۆریکی جیاوازەوە، خۆیان حەشاردەدەن.
بۆئەوەی وێنەی راستەقینەی
دەسەڵاتداران و حوکمڕانانی وڵاتێک ببییت، زیندانەکان ئەو ئاوێنە راستەقینەیان کە پێویستە
تەماشابکرێن. ئەوەی لە زیندانەکاندا ڕوودەدات لۆژیکی ئەو حوکمرانییەیە کە لە دەرەوەی
زینداندا، دەخوازێت بەشێوەیەکی دیکە و لەجل و بەرگ و دیکۆرێکی جیاوازدا، دەربکەوێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی