دانپێدانانی بەزۆر!

48 خولەک پێش ئێستا

کامەران عوسمان


لە هەرێمی کوردستان، دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان ڕادەستی دەزگاکانی ئاسایش دەکرێن و لەدەرەوەی دەسەڵاتی پۆلیس مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەو دۆسیانەی کە پەیوەستن  بە ململانێی سیاسی یاخود ئازادی ڕادەربڕینەوە، بەشێوەیەکی دڵڕەقانە و دوور لە هەر بەهایەکی مافی مرۆڤ بەڕێوەدەبرێن.

لە دۆسیەی لالەزاردا، تۆمەتبارێک بەناوی “حەمە ڕەش” کە وەکو گەواهیدەر دەهێندرێتە بەردەم دادەوەر، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەشکەنجەدراوە، پێنج تەقەڵ برین بەسەریەوەیەتی، بە چەقۆ لە پشتی دراوە و خەسێندراوە. بەزۆر ناچارکراوە کە دانپێدانان بکات.

ئەمە یەکەم جار نیە و پێشتریش تۆمەتبار هەبووە کە بتڵی غازی بچووک بە گونەکانیدا هەڵواسراوە. نینۆکی تۆمەتبار لە کاتی لێکۆڵینەوەدا هەڵکەندراوە. لووتی تۆمەتبار شکێندراوە و جگەرە بە پشتیدا کوژێندراوەتەوە!.

دەزگاکانی ئاسایش لە هەولێر و سلێمانی، بە مامەڵەی یاسایی و مرۆڤدۆستانە ڕانەهێندراون. قۆناغی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی تۆمەتباران پڕن  لە دڵڕەقی و چیرۆکی نا مرۆڤانە. خەڵکانی سەربازی و حزبی و خاوەن چەکدار ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە هەڵدەسوڕێنن. هەر ئەم جۆرە ڕەفتارانەن کە وایانکردووە متمانەی نێوان خەڵک و ئاسایش یاخود خەڵک و سیستەمی دادوەری بشکێت و هاونیشتیمانیان هەست بە پارێزراوی نەکەن.

بەر لە ئەنجامدانی هەر چاکسازیەک، پێویستە چاکسازی لە سیستەمی دادوەری و مامەڵەی دەزگا ئەمنییەکاندا بکرێت. بکرێن بە دەزگای نیشتیمانی بۆ چەسپاندنی دادوەری نەوەکو دەزگای داپلۆسێنەر و تۆڵەکەرەوە و ئەشکەنجەدان.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی