کچانی خۆر لەسەنگەری پێشەوەی مێژوو

26/05/2026

شۆڕش ئەمین

پێگەی مێژوویی ژنان لە جەنگەکاندا...
مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە گەواهی بەشداریی ژنانی لە شۆڕش و جەنگەکاندا داوە، بەڵام ئەم بەشدارییە زۆرجار لە پشت هێڵەکانی پێشەوەی بەرگری و شەڕدا کورت دەکرایەوە، وەک تیمارکردنی برینداران و ئامادەکردنی خۆراک و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجیستی. تەنانەت لە مۆدێرنترین سوپاکانی جیهاندا، وەک سوپای ئەمریکا، تاوەکو ئەم ساڵانەی دواییش یاسا سەربازییەکان ڕێگربوون لەوەی ژنان بچنە هێڵەکانی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.

وەرچەرخانی مێژوویی و دامەزراندنی یەپەژە...
سەرهەڵدانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە ساڵی 2013دا لە ڕۆژاوای کوردستان، توانی ئەو هاوکێشە کلاسیکییە مێژووییەی بگۆڕێ. کچان و ژنانی کورد تەنیا چەکیان نەگرتە دەست، بەڵکو مۆدێلێکی نوێیان لە جەنگاوەری پێشکەش بە جیهان کرد، کە تێیدا ژن بەتەنیا پاڵپشت نەبوو، بەڵکو پێشەنگ و فەرماندەی هێڵی یەکەم و پێشەوەی سەنگەرەکانی شەڕ بوو لە دژی تاریکپەرستترین ڕێکخراوی تیرۆریستی بەناوی (داعش). سەرباری ئەوەش، ئەوان هەندێک جار سەرکردایەتیی جەنگاوەرانی پیاویشیان دەکرد. ئەم بازدانە مێژووییە، تەنانەت کاریگەریی دەروونی و یاسایی لەسەر سوپا گەورەکانی جیهانیش دروست کرد. یاساکانی پێ گۆڕین و زیاتر ڕۆڵیاندا بەسەربازانی ژن لەسوپاکانیاندا.

گۆڕینی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و ڕەهەندی نەتەوەیی....
یەپەژە توانیی لە نێو جەرگەی شەڕی ناوخۆی سوریادا هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بگۆڕێت، هەروەها چەمکی "هاوڵاتیبوون" و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەیەکی تەقڵیدی و پیاوسالاردا سەرەوژوور بکات. ئەوان تەنیا خاکیان لە دەستی داگیرکەر و تیرۆر ڕزگار نەکرد، بەڵکو ژنیان لە کۆت و بەندی یاسا کۆنەپەرستەکان ئازاد کرد. بەشداریی ئەوان بووە هۆی چەسپاندنی سیستمی "هاوسەرۆکایەتی" و بەشداریی پەنجا بە پەنجای ژنان لە سەرجەم جومگە ئیداری و سیاسییەکانی خۆبەڕێوەبەریدا.

پێدەچێت یەپەژە ببێتە خاڵی کۆکەرەوەی ویژدانی نەتەوەیی کورد. کچانی سەر بەم هێزە لە تەواوی پارچەکانی کوردستانەوە (باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا) لە کۆبانێ و عەفرین و شەنگال لە تەنیشت یەکدی خەباتیان دەکرد. لە یەک سەنگەردا، کچانی هەر چوارپارچەی کوردستان شان بە شانی یەکتر دەجەنگان و بەوپەڕی فیداکارییەوە بەرەنگاری دوژمن دەبوونەوە. ئەوان سەلماندیان کە دۆزی ژنی کورد و ئازادیی کوردستان یەک پاکێجی دانەبڕاوە. ئەوان بە هێز و هۆشیاریی خۆیان، سنوورە دەستکردەکانی نێوان پارچەکانی کوردستانیان سڕییەوە.

تێکشکاندنی عەقڵییەتی کۆنەپەرستی...
ئەم ناوچەیە ساڵانێکە لەژێر باری گرانی ئایدیۆلۆژیای کۆنەپەرستی دەسەڵاتخوازیی ئاینی و تیرۆردا دەناڵێنێت. لەم ژینگەیەدا، کچانی یەپەژە بوونە وەڵامێکی زیندوو و پراکتیکی دژ بەو عەقڵییەتەی کە ژن وەک (کۆیلە یان کاڵا) دەبینێت. شکستپێهێنانی داعش لەسەر دەستی ژنان، گەورەترین گورز بوو لە عەقڵییەتی پیاوسالاریی چەقبەستوو لە سەرجەم ناوچەکەدا.

یەپەژە چیتر تەنیا هێزێکی ناوخۆیی و لۆکاڵی نییە، بەڵکو بووەتە ئیلهامبەخشی بزووتنەوە فێمینیست و ئازادیخوازەکانی جیهان. چاونەترسیی کچانی کورد وای کرد نووسەران و دەرهێنەران و میدیا جیهانییەکان قارەمانێتی و ئازایەتیی ئەوان بکەنە مانشێت و فیلم و ڕاپۆرتی سەرنجڕاکێشی لەسەر بەرهەم بهێنن. ئەوان چەمکی "ئازادی"یان لە تیۆری سەر کاغەزەوە گۆڕی بۆ پراکتیکێکی زیندوو لە مەیدانی جەنگدا.

عەبدوڵا ئۆجەلان، ئیلهامبەخشی شۆڕشی ڕۆژاوایە...
ئۆجەلان، دەڵێ شۆڕشی ڕۆژاوا شۆڕشی ژنانە، چونکە ئەو باوەڕی وایە (ئازادیی کۆمەڵگە بەبێ ئازادیی ژن مەحاڵە). ژنێک کە چەک هەڵدەگرێت بۆ پاراستنی ناسنامە و خاکی خۆی، نەک هەر بەرگری لە بوونی خۆی دەکات، بەڵکو بنەماکانی شارستانیەتی پیاوسالاریی پێنج هەزار ساڵە هەڵدەوەشێنێتەوە. شۆڕشی ڕۆژاوا تەنیا وەرچەرخانێکی سیاسی یان سەربازی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەکردەوەبوونی تیۆرە فەلسەفییەکانی ئۆجەلانە؛ لەم نێوەندەشدا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) وەک چەق و بزوێنەری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە دەردەکەون. یەپەژە تەنیا هێزێکی بەرگری نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی مۆدێلی "ژنۆلۆژی" و تیۆری نەتەوەی دیموکراتیکە، کە تێیدا ڕزگاریی کۆمەڵگەی بە ڕزگاری و ئازادیی ڕەهای ژنەوە گرێداوە.

خوێندنەوەیەک لە ڕوانگەی فوکۆ و نیتشە و دی بۆڤوارەوە...
ئەم ڕوانگەیە بە تەواوی لەگەڵ تیۆرییەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فوکۆدا یەکدەگرێتەوە، کاتێک باس لە (مایکرۆ-فیزیکی) دەسەڵات دەکات. فوکۆ پێی وایە لە هەر شوێنێک بچووکترین دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەبێت، بەرگریش لەوێ چەکەرە دەکات. کچانی یەپەژە مۆدێلێکی نوێی دەسەڵاتیان هێنایە بوون، کە لەسەر بنەمای زاڵبوون نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای پاراستنی جەوهەری مرۆڤایەتییە. هاوکات، فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیتشە، کاتێک باس لە چەمکی "مرۆڤی باڵا" دەکات – ئەو مرۆڤەی کە کۆیلایەتیی عەقڵی ڕەت دەکاتەوە و بەهای نوێ بۆ ژیان دادەهێنێت – ڕەنگە باشترین نموونەی بەرجەستەی ئەم چەمکە کچانی یەپەژە بن کە یاسا کۆنەکانی جیهانیان تێکشکاند و بەهایەکی نوێیان بە چەمکی ئازادی بەخشی.

سیمۆن دێ بۆڤواریش دەڵێت: (مرۆڤ بە ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن)
دی بۆڤوار پێی وایە کچ کاتێک لەدایک دەبێت، تەنیا ڕەگەزێکی بایۆلۆژییە (مێ)یە، بەڵام ئەوە کۆمەڵگە و دابونەریت و پەروەردە و دەسەڵاتی پیاوسالارییە کە پێناسی {ژن}بوونی بەسەردا دەسەپێنێت. کۆمەڵگە فێری دەکات چۆن ڕەفتار بکات، چۆن لاواز بێت، چۆن تەنیا بۆ ڕازیبوونی پیاو بژی و ببێتە بوونەوەرێکی پاشکۆ. کچانی یەپەژە سەلماندیان کە ژنبوون کورت نابێتەوە لەو چوارچێوە لاوازەی کە کۆمەڵگە بۆی کێشاوە، بەڵکو ژن دەتوانێت هێزی بڕیاردەر و داڕێژەرەوەی مێژووش بێت.

تەحەددییاتەکانی ئێستا و ئەرکی ئەخلاقیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی...
ئەمڕۆ کە مۆدێلە جیاوازەکانی توندڕەوی و حکومەتە فاشیست و ئایدۆلۆژییە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە (وەک تاقمەکەی جۆلانی و هاوبیرانی) بە پاڵپشتیی هێزە هەرێمییەکان دەیانەوێت پاشەکشە بە دەستکەوتەکانی ژنان بکەن و ئەم قەڵا ئازادە هەڵبوەشێننەوە، ئەوان تەنیا هێرش ناکەنە سەر هێزێکی سەربازی، بەڵکو هێرش دەکەنە سەر دواین هیوای ئازادیخوازیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەوڵدان بۆ نەهێشتن یان لاوازکردنی یەپەژە، ڕوانگەیەکی قووڵی دواکەوتووانەیە کە لە ترسی هۆشیاری و هێزی پێشەنگایەتیی ژنانەوە سەرچاوەی گرتووە. سیستمی کۆنەپەرست دەزانێت کە چەکی ژنێکی هۆشیار تەنیا فیشەک نییە، بەڵکو عەقڵییەتێکە کە کۆیلایەتی قبوڵ ناکات.

لێرەوە، پێویستە تەواوی ئازادیخوازانی جیهان، بزووتنەوە فێمینیستییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە کەرامەت و مافی مرۆڤ هەیە، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی کچانی ڕۆژاوا، چونکە پاراستنی یەپەژە وەک هێزێکی سەربەخۆ و وەک ڕەمزێکی جیهانی، ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژووییە. نابێت ڕێگە بدرێت ئەم سیمبولە جوانەی تێکۆشانی کچانی کورد لەناو ببرێت، چونکە شکستی ئەم هێزە، پاشەکشەی مرۆڤایەتییە بۆ سەردەمی تاریکی، و بەپێچەوانەشەوە، بەردەوامیی ئەم هێزە هێشتنەوەی مەشخەڵی ئازادییە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی