هەرێمی
کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە تەحەددیدا تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا
دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و درێژەکێشانی چەقبەستوویی سیاسی، بووەتە
هۆی جۆرێک لە شەلەل بوونی دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکان. ئەم دۆخە تەنها
قەیرانێکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی
هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی کوردستانیش دروستکردوە.
شەلەل
بوونی دامەزراوەکان و نەبوونی حکومەتێکی کارا کە خاوەن دەسەڵاتی تەواو بێت، کۆمەڵێک
دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، لەسەرووی هەموویانەوە دابەزینی متمانەی گشتی
و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و پەککەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ناڕوونی لە
دابینکردنی مووچە و بژێوی خەڵک و سستبوونی مامەڵەی ڕۆژانەی هاوڵاتیان لە
فەرمانگەکاندا، هەروەها بۆشاییەکی گەورە لە نێوان شەقام و دەسەڵاتدا دروست دەکات،
ئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ بێهیوایی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی بەردەوام. ئەمە جگەلە
پاشەکشەی ئابووری و ڕاوەستانی وەبەرهێنان لەکەرتی تایبەت و کاریگەری دەبێت لەسەر
وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییەکان کەلە ژینگەیەکی نادیارو ناسەقامگیردا ناتوانن
بەردەوامبن و کاربکەن. بەتایبەت لە نەبوونی حکومەتێکی جێگیر و یاسای بودجەی ڕوون،
بێگومان هەموو ئەمانە دەبێتە هۆی سستبوونی بازاڕو ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەمەش
کاریگەری داستەوۆی دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و داهاتی تاک و ڕاکردنی
سەرمایە بۆ دەرەوەی هەرێم.
لەلایەکیترەوە
بەردەوامی ئەم چەقبەستووییە سیاسی و دامەزراوە فەرمی و کارگێڕییەکان بەتایبەت لە
غیابی دامەزراوەی یاسادانانی (پەرلەمان) کاراو حکومەتێکی خاوەن شەرعیەتی نوێ و
چالاک، دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێم لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد.
ئەمەش وا دەکات هەرێم نەتوانێت بە هێزەوە داکۆکی لە شایستە داراییەکان، یاسای نەوت
و گاز، و مافە دەستوورییەکانیتری وەک ماددەی 140و ئەوایتریش بکات. چونکە کاتێک
دامەزراوەکان لە دۆخی متبوون و ماوەبەسەرچوو (کاربەڕێکەر) دا دەمێننەوە، جۆرێک لە
سستی و خاوخلیچکی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکاندا دروست دەبێت، ئەمەش دەرگا بۆ گەندەڵی
کارگێڕی و تێپەڕاندنی یاساکان دەکاتەوە.
ئەم
چەقبەستووییە دەرئەنجامی ململانێی توندی حزبی و قووڵبوونی جەمسەرگیری سیاسییە لەسەر
دابەشکردنی پۆستەکان و دەسەڵاتەکان. لە ڕاستیدا، کێشەکە تەنها لە پرۆسەی "پێکهێنانی حکومەت"دا نییە، بەڵکو لە شێوازی بیرکردنەوەی سیاسی و پشتبەستنە بە
بنەمای "پشککاریی حزبی" لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان. لایەنە
سیاسییەکان زۆرجار بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان دەخەنە پێش پێویستییە
دەستبەجێیەکانی هاوڵاتیان، ئەمەش وا دەکات کات فاکتەرێکی بێبایەخ بێت لەلایان، لە
کاتێکدا بۆ هاوڵاتیان و ئابووری هەرێم کات یەکسانە بە ژیان و سەقامگیری.
بۆیە
بۆدەربازبوون لەم قەیرانە و گەڕاندنەوەی ڕۆح بۆ دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە چەند
هەنگاوێکی جدی و خێرا بنرێن :-
٭ پێویستە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بگەنە
تێگەیشتنێکی هاوبەش و لە کەمترین ماوەدا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کارا بکەنەوە بۆ
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکان و متمانەدان بە کابینەی نوێ.
٭
پێویستە مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی پەیڕەو بکرێت کە تێیدا پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان،
سیستەمی دارایی، و مووچەی فەرمانبەران پارێزراو بن و نەبنە بارمتەی ڕێککەوتنی
سیاسی نێوان حزبەکان.
٭
پێویستە هێز و قورسایی بۆ دامەزراوە فەرمییەکان (پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، دادگاکان)
بگەڕێنرێتەوە، بە جۆرێک کە بڕیارە نیشتمانییەکان لە ناو هۆڵەکانی حکومەت و پەرلەماندا
بدرێن، نەک لە مەکتەبی سیاسی حزبەکان.
٭ پێکهێنانی وەفدێکی نیشتمانیی یەکگرتوو (نەک
حزبی) بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی درێژخایەن لەگەڵ بەغداد، بە مەبەستی چارەسەرکردنی
ڕیشەیی کێشە دارایی و دەستوورییەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق.
لەکۆتاییدا
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت مانەوەی هەرێمی کوردستان لەم دۆخی ڕاوەستان و شەلەل
بوونەدا، تەنها کات بەفیڕۆدان نییە، بەڵکو هێددی هێدی پشتبەستنی نێودەوڵەتی و
شەرعیەتی ناوخۆیی هەرێمەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەرپرسیارێتی مێژوویی و نیشتمانی
دەخوازێت کە لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندی باڵای خاک و خەڵک بخەنە سەرووی هەموو
دەستکەوتێکی کاتییەوە، چونکە نیشتمانێکی بێ دامەزراوەی بەهێز، لەبەردەم باهۆزی
قەیرانە ناوچەییەکاندا هەمیشە لە مەترسیدا دەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی