لەوەتەی لە تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی
ئەنجامەکانی کۆنگرەی ٣٨ی پارتی گەلی کۆماری (CHP) دەرچووە،
زۆر کەس دەپرسێت ئایا ئەو یڕیارە یاساییە یان
هەنگاوی سیاسی دەسەڵاتە دژ بە گەورەترین هێزی ئۆپزسیۆنی تورکیا.
بەرە لەوەی وەڵامی
ئەو پرسیارە بدەینەوە دەمانەوەێت بڵێین بڕیاری دادگای تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی
کۆنگرەی ٣٨ ی (CHP)یەکێک بوو لە گەورەترین رووداوە سیاسیەکان تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٦دا.
ئەم بڕیارە، کە بەهۆی بیانووی ناڕێکیی لە هەڵبژاردنەکانی ناو کۆنگرە بووە هۆی
دەستوەردانی دادگا لەو پرسە، شایانی باسە، بڕیارەکەی دادگا لە ناوخۆی تورکیا قسە و
مشتومڕی زۆر لەنێوان ئەوانەی دەڵێن بڕیارەکە “یاسایی” بووە و ئەوانەشی کە دەڵێن “هەنگاوێکی
سیاسی” بووە لێکەوتۆتەوە، لە ئێستادا مشومڕەکە خەریکە دەگوازرێتەوە بۆ ناو بارەگا
و لایەنگرانی خودی ئەو پارتەش.
ئەوەی لە لایەنی
فەرمی ڕاگەیندرا ئەوە بوو کە دادگا بانگەشەی
کرد کە کۆنگرەکە بەهۆی شکاندنی بنەماکانی دیموکراسی ناو کۆنگرەی (CHP) و هەبوونی دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا
ئەنجامەکانی ئەو کۆنگرەیە بە هەڵوەشاوە لە قەلەم دەدرێت.
ئەوەش بووە هۆی
ئەوەی کە بڕیار بدرێت سەرکردایەتی پێشووی حیزب واتا سەرکردایەتی پێش کۆنگرەی ٣٨ کە
لە لایەن "کەمال کلیچندار ئۆغلۆ" سەرکردایەتی دەکرا بگەڕێتەوە سەرکارو
جلەوەی حزبەکەیان ڕادەست بکرێ بۆ ئەم هەنگاوە لە لایەن حکومەت پشتیوانی لەو بڕیارە کراو و بە زەبری هێز سەرکردایەتی ئێستا
پارتەکە بە سەرۆکایەتی "ئۆزگۆر ئۆزێل" لە ئۆفیسی سەرەکی پارتەکە وەدەرنران،
ئۆفیسەکە ڕادەستی باڵی دیکەی پارتەکە کرا.
ئەو بڕیارەی
دادگای تورکیا لە لای زۆر لە چاودێران و ڕێکخراوەکانی
مافی مرۆڤ بە بڕیاری سیاسی و ململانێی نێوان
دەسەڵات و ئۆپزسیۆن دەبینرێت. تایبەتمەندیی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە لە کاتێکدا دەرچوو
کە (CHP) دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و بردنەوەی
گەورە شارەوانییەکانی (ئەستەنبۆل و ئەنقەرە و هەروەها ئیزمیر...هتد)، وە بەهێزبوونی
سیاسی (CHP) ، وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ
بۆ دەسەڵاتی حوکمڕان دەبینرا. هەروەها، رووداوەکانی وەک دەستگیرکردنی کەسانی وەک "ئەکرەم
ئیمامئۆغلو" سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبۆل و هێرشەکانی سەر بنکەی حیزب،
گومانە سیاسییەکان زیاتر کردووە.
پرسیارە سەرەکییەکە
ئەوەیە: ئەگەر بڕیارەکە تەنها یاسایی بووایە، بۆچی لەو کاتە هەستیارە سیاسییەدا بڕیاری
دادگا جێبەجێ کرا؟ ئەم پرسیارە وای کردووە زۆر کەس باوەڕ بکەن کە یاسا لێرەدا تەنها
ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی.
وەڵامی ئەو
پرسیارە لای ئێمە ڕوونە، ئەو ڕۆژەی کە (CHP) ڕایگەیاند بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا "ئەکرەم ئیمام ئۆغلو"کاندید دەکات،
یەکسەر لە لایەن دەسەڵات تۆمەتی بۆ درووستکرا و خرایە زیندان، ئێستاش کە ئۆپزسیۆن
پێداگری لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی تورکیا دەکات و دۆخی هێزەکانی دەسەڵاتیش بە
تایبەت ئەردۆگان و پارتەکەی " AKP " خراپە وە
ناتوانێت بە شیوازی دیموکراسیانە ململانێ لەگەڵ ئۆپزسیۆن بکات، پەنا بۆ تۆمەتی
داتاشراو دەبات لە ڕێگەی دادگا.
دواجار دەڵێین، لە هەر وڵاتێک و سیستەمێکی حوکمڕانیدا،
یاسا سەروەری خۆی لەدەستدا و دادوەر بووە مەقاشی دەستی دەسەڵاتداران نا بێت ئومێد
لەسەر ئەو سیستەمە هەڵبچندرێت، ئەوەی ئێستا لە تورکیا ڕوودەدات ڕێک ئەوەیە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی