تۆم باراک

3 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

ڕۆژانی ڕابوردوو مقۆمقۆیەک دەربارەی تۆم باراک دروست بوو. بە تایبەتی کاتێک مارک روبیو لەتویتێکدا باسی لە تەواوبونی وادەی کارەکەی ئەوی کرد، وەک نێردەی تایبەت بۆ سوریا. ئەم تویتە لای هەندێک وەها خوێندرایەوە کە گەڕانەوەی دەسەڵات و ڕۆڵ بێت بۆ وەزارەتی دەرەوە، چونکە ترەمپ لە ڕێگای نێردە تایبەتەکانیەوە ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوەی لاوازکردوە.

بەڵام ئەم لێکدانەوەیە هەڵەبوو، چونکە ڕۆژی 29ی مانگی ئایار کاتی یاسایی نێردەی تایبەتی بۆ سوریا تەواو بوو. بە پێی یاسای ئەمریکی سەرۆکی وڵات بۆی هەیە کە نێردەی تایبەت دیاری بکات بۆ ماوەی 180 ڕۆژ وە هەروەها دەتوانێت جارێکی تر نوێی بکاتەوە، بەو مانایە پێکەوە دەبێت ساڵّێک.
ترەمپ ئێستا باراکی کردەوە بە نێڕدەی خۆی بۆ عێراق بەفەرمیی، لە گەڵیدا باس لە سوریاش دەکات. ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوە تەواو شکلییە لەم پرۆسەیەدا.

لێرەدا بە کورتی خوێندنەوەیەک بۆ باراک دەکەم لە سەر بنەمای زانیاریی و شیکاریی.

تۆم باراک دوای سوریا هاتە ناو پرسی عێراقەوە بە تایبەتی کاتێک کە مارک سەڤایە سەرکەوتوو نەبوو و دەنگی نەما. باراک لە ڕێگای ئیماراتەوە پەیوەندییەکی تایبەتی هەیە بە فایەق زەیدانەوە. فایەق زەیدان کەسی سەرەکی ئەوە لە عێراقدا. ئەم سەرۆک وەزیرانەی ئێستا لە ڕێگای فایەق زەیدان و ئەوەوە دانراوە.

شیکاریی
تۆم باراک هاوڕێی ترەمپە. لە ڕوی دیدگای سیاسییەوە سەر بە قوتابخانە پیاوی بەهێزە. بەو مانایە بڕوای وەهایە کە سیاسەت بریتیە لە هەبونی هێز و ئەنجامدانی ئەوەی دەتەوێت بیکەن، بە تایبەتی کاتێک کە دەتوانیت. بە دیدی ئەو ئەگەر توانیت هەر شتێک بکەیت، ئەوا نابێت یاسا و ڕێسا و نۆرم و بەهاکان ڕێگر بن لە بەردەمتدا. لەم ڕوەوە بڕواوی وەهایە کە دەوڵەت دەبێت لە ژێر سایەی کەسێکدا بێت و ئەو کەسە بەهێز بکرێت و هەر شتێکی لێ داواکرا بیکات بەبێ گوێدانە بنەما و یاسا و ڕێساکان.

ئەم جۆرە مامەڵەیە تەبایە لە گەڵ شێوازی سیاسیەکانی وڵاتانی کەنداو و ئەردۆگان و ترەمپدا. 

تۆم باراک بەشی زۆری ژیانی لە کەنداو و بەسەر بردوە وەک دەڵاڵێک و بیزنیسمانێکی کەرتی خانوبەرە. جارێک لە کۆبونەوەیەکدا لە نیویورک ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش، دۆناڵد ترەمپ پارەی کاشی پێنابێت، تۆم باراک ساندویچێکی بۆ دەکڕێت، ئیتر ئەوە دەبێتە سەرەتای برادەرایەتییان. 

ترەمپ پشت بەم کەسانە دەبەستێت چونکە بڕوای وەهایە کە دەزگا دەبێت لاواز بکرێت. ترەمپ کاتێک لە دەورەی یەکەمدا مامەڵەی لە گەڵ بیرۆکرات و شارەزایان دەکرد، زۆرجار وەها دەردەکەوت کە زیرەکترین کەسی ناو ژوری بڕیارەکان نیە، بۆیە دەبوە مایەی بێزاریی. لە هاتنەوەیدا هەموو ئەوانەی دوور خستەوە کە شتێکیان دوان دەزانن. 

باراک بۆ عێراق خراپە. باراک دژ بە دیموکراسی و دەزگا و کۆمەڵگای مەدەنی و دەستور و فیدراڵی و هەموو شتێکی دەزگایی دەبێت. باراک بڕوای وەهایە یاسا و ماف و بەها بۆ خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سودی نیە. ئەوان تەنها ڕێزی هێز دەگرن. دیدێکە کە زۆر تەبایە لە گەڵ نەتەنیاودا، هەرچەندە لۆبیی ئیسرائیلی دژیەتی. باراک چەندین جار لە فایلەکانی ئیپستیندا ناوی هاتوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی