لە یادی 27 ساڵەی دامەزراندنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ، جگە لە پیرۆزبای و هیوای بەردەوامی خواستن بۆ ئەو ناوەندە ، ئومێدەوارم لە داهاتودا هەڵوەستە لە سەر هەنگاو گەلی جیاواز لە ڕابردوو لە بواری هۆشیاری نەتەوەیی ، خاوەندارێتی شوناس و ناسنامە ، كۆكردنەوەی ڕەواندی كوردی و هەڵمەتی دیبلۆماسی نوێ بكاتەوە ، من دڵنیام پێشتر كۆنگرە لە بواری جیا جیا هەوڵ و خەباتی بێوچانی خستوەتە گەڕ و لە مەودای نزیك بە سێ دەیە بابەتی پرسی كوردی لە زۆر كوچەو كەناری ئەم سەرزەمینە وروژاندوە، بەڵام دەرفەتی ئەوەش هەبوە كە زیاتر لەوە بكرێت بە تایبەت لە بابەتی كاری دیبلۆماسی ، گەلی كورد بە گشتی لەو بوارەدا لاوازە ، هەوڵی ئەرێنی و گرنگ نیە بۆ ئەوەی مناڵانی كورد وەك كورد لەو بوارەدا دەربكەون ، یانی لەهەر وڵاتێك وێڕای بوونی شوناسی ئەو وڵاتە ، دەركەوتن وەك نوێنەری كورد زۆر گرنگە ، مەبەستی من جگە لە كاری دیبلۆماسی بە گشتی ، ئەوەشە كە خانەوادەی كورد هاندەری ئەو كارە بن كە مناڵ و نەوەكانیان لە بواری دیبلۆماسی و سیاسەت لەو وڵاتانە پێبگەن ، ئەوە وێڕای ئەوەی كۆنگرە خۆی لە هەر وڵاتێك هەوڵبدات گروپی دیبۆماتكاری زیت و وریا دروستبكات و بۆ هەموو پێشهات و ئەگەرێك پڕۆژەو بەرنامەیان هەبێت ، زۆر باشترە ئەو گروپانە لە سەربنەمای كوردستانی بوون دروست بكرێت نەك لە سەر بنەمای بەشەكانی كوردستان .
خاڵێكی تر كە بڕوام وایە گرنگی خۆی دەبێت، دۆزینەوەی توانا جیا جیاكانی مرۆڤی كوردە لە دەرەوە " تاراوگە " توانی جۆراو جۆرلە بوار گەلی هونەری ، ئەدەبی ، زانستی ، سیاسی وەرزشی و هتد دەكرێت كۆنگرە بۆ هەموو ئەو توانایانە بە جیا و هەر بوارە بە تەنێ ، یان بە یەكەوە ساڵانە بۆنەو كۆنفراس و یەكتر ناسین و یەكبینیان لە وڵاتێك بۆ ڕێكبخرێت و تێیدا بابەتی كوردبوون و مرۆیی بوونی ئەوان بۆ بایەخ بە گەل و نیشتمانی خۆیان پەرە پێًبدرێت ، ئەمڕۆ لە بواری جیا جیا هەمە چەشن خەڵكی بەتوانا و شارەزا هەن ، كە خۆیان خۆ بەخشانە نوێنەرایەتی گەلەكەیان دەكەن ، ڕاستیەكەی ئەمە هەم پێویستی بە یەكخستن و هەم بە ناسین و هەروەها بە هاندانیانە، بۆ ئەوەی هەست بكەن خاوەندارێتیان لێدەكرێت و كارەكەیان دەنرخێنرێت ، من پێموایە كۆنگرە دەكرێت لە بواری جیا خەڵات تەرخان بكات ، ئەمەش دەبێتە هاندەری بەردەوامی و ڕێخۆشكردن بۆ دەركەوتنی توانای كەسێتی كورد.
كۆنگرەی نەتەوەیی وەك چۆن پێویستی بە بیركردنەوەی بەردەوام و چالاكی بەردەوامە پێویستی بە خۆ نوێكردنەوەی بەردەوامیشە ، بێگومان خۆ نوێكردنەوە بەشێكی گرنگی پەیوەستە بەوەی كۆنگرە لە بواری چالاكی و گۆڕینی دیدا چۆن ئەفراندن دەكات ، بۆ ئەمە كۆنگرە پێویست دەكات كۆنفراسی تایبەت بە هەندێك شاری كوردستان بە ڕێوە بەرێت ، كۆنفراس بۆ كەركوك ، كۆبانی ، كرماشان و ورمی ، دێرسیم و هەر ناوچەیەكی دیكە كە پێویست بكات ،ئەم كۆنفراسانە دەكرێت لە ناو وڵات یان دەرەوە بكرێت ، كلیل و شوناسی شارەكە ، پێكەوە ژیانی ئاشتیانە ، دیرۆك و ستەمكاری بەرانبەریان بخرێنە بەر باس و ڤە كۆڵین ، جگە لەوەش زۆر گرنگە كۆنگرە بواری ئایینداری و گروپە ئاینیەكانی كوردستان بخاتە بواری لێكۆڵینەوەو ناساندن و بایەخی تایبەتیان پێبدات ، لەم بوارەدا ئاینی زۆرینەی گەلی كوردستانیش كە ئیسلامە پێویستی بە هەڵوەستەو قسە لە سەر كردنە ، لە لایەكەوە بەو مانایەی بۆ لەو ڕێگەیەوە كورد ئەوەی بۆ نەلواوە كە بۆ عەرەب و تورك و فارس لواوە ، لە لایەكی دیكەوە هێزی ئاین بۆ كاریگەری نەرێنی لە سەر نەتەوەو نەتوانینی گۆڕینی ئەو كاریگەریە نەرێنیە بۆ كاریگەری ئەرێنی .
كۆنگرەی نەتەوەیی زۆر هەنگاوی ئەرێنی و بایەخداری لە بەردەمدایە بە ئومێدم لە كۆنفراسی گشتی خۆیدا هەڵوەستە لەسەر ئەو پێشنیازو سەرنجانە بكات و ئەگەر باش بوون كاریان لە سەر بكات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی