خۆداپۆشین بە قەیران

1 کاتژمێر پێش ئێستا

رەحمان غەريب



لە هەڵبژاردنی 1992دا پەنجەمان لە حیبرە مۆرەكە هەڵكێشا، دەرئەنجامەكانی هەڵپەسێردرا، دەسەڵاتیان بە مەتر دابەشكرد و ئەو سەردەمە ناونرا فیفتی بە فیفتی (50 بە 50)، پاساو ئەوە بوو هێزی ئەم دوو حزبە تازە لە ئەشكەوتەوە هاتوونەتە ئۆفیسی مۆدێرن، نەكا پەنا بۆ توندوتیژی ببەن، بەڵام وا دەرنەچوو،  شەڕیان هێنایە سەربانی ماڵەكانمان و تا ئێستا باجی قورسی دەدەین.


لەو كاتەوە، لە بری پەنا بردن بۆ چارەسەرێكی نیشتمانی و گرەنتی هەرێمێكی بەهێزی یەكگرتووی پارێزراو، كوردستان قەیران بەرهەم دەهێنێت و كەڵەكەیان دەكات، تا گەیشتین بە وەزعی حاڵ و ئەمجارەیان لەم هەموو نادڵنیاییەدا (39 بە 39) خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، هەمان رەچەتەی چارەسەر بۆ هەمان نائومێدی، خۆی دووبارە دەكاتەوە.


لە بنچینەدا بانگەشەی دابەشكردنی ماتماتیكیانەی كورسییەكانی دەسەڵات، بە لۆژیكی لووتبەرزیی زۆرینە، یان پەنجا بە پەنجا، 39 بە 39، درێژەدانە بە هەمان فۆڕمی هەژموونی توێژی مشەخۆری باڵادەستی هەرێمی كوردستان بەسەر چالاكیی ئابوری و بازرگانیی مەرز و سەرانەدا، ئەمجارەیان بە سەرفكردنی چەمكەكانی یەكسانی و شەراكەت، ئیدی وەك چۆن لۆژیكی تاكە هێز بۆیان نەچووە سەر، لۆژیكی (هاوپەیمانیی سجن)یش سەری دەدات لە هەمان شكست.


دەیانەوێت ئەم جۆرە دابەشكردنەی دەسەڵات بكەن بە سیستەم و یاسا و ڕێوڕەسمێكی هەمیشەیی، لەڕێی تۆخكردنەوەی ناوچەی قەڵەمڕەوی بەپێی پرەنسیپی"كەس دۆڕاو و كەس سەركەوتوو نییە"، بەخشینەوەی ناسنامەی ساختەی یەكێتی و پارتی بە هاوڵاتی، كە هەموو ئەمانە ناوچەی زەرد یان سەوز و سنووری دێگەڵەش ئەوەندەی تر دەكاتەوە ئەمری واقعێكی تاڵ.


ئەوەی رۆژانە لە گوتاری سەركردەی توڕە و ناوەندی توێژینەوەی وابەستە و پێشكەشكاری شیكپۆش، وەك تەڵە بە ڕووتدا دەتەقنەوە و نیاز وایە ببنە دەستوورێكی نەنووسراو، ئەمە بەتەنها شكستی بەڵێنەكانی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو شكستی قۆناغ و تەواوی سیستم و بونیادی حوكمڕانیی دەستەیەكی مشەخۆری ئارەزوومەندە بۆ كەڵەكەكردنی سەرمایە و بەس.


تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، گەڕانەوە نییە بۆ هەڵبژاردنێكی تر، بە ڕێكخستنی فێستیڤاڵی هەڕەشە و مووچە بڕینی فەرمانبەر و پرۆڤەی چەكدار لە نمایشی دەنگدان و وێنەگرتنیدا، یان دیزانكردنی دابەشبونن، بەڵكو هاتنە سەر شەقامی هێزی خاوەن ئیرادەی دابەشنەكراوی ناو گەمەی پارتی و یەكێتییە، تا بە هۆشیاری و سەبر و ئیرادە و زانین و بە ئەزموونی ژێر قورسایی ستەم، بە ڕۆح و خەمی نیشتمانی ڕووبەڕووی مەهزەلەی دابەشكردن ببنەوە.


هەڵسانەوە لە ناو داروپەردووی وێرانەی حوكمداری، موعجیزە نییە، بەڵكو سروشتی هەر گەلێكە كە بڕیار بدات لە ساتەوەختی هەستیار و مێژووییدا بە ئیرادەوە پێكەوە بوەستن، ئەمە چركەساتی یەكڕیزیی ڕاستەقینەیە، ئەمە نهێنیی زاڵبوونە بەسەر قەدەری دێگەڵەدا.


ئەوانەی بەچەپڵەڕێزان پێشوازی لە گوتاری دابەشبوون دەكەن، لە ئێستادا شەریك و هاوپەیمانی ئەو فۆڕمەن لە حوكمڕانیی دەستەی مافیا كە دەڵێت: مەرزی خۆم بۆ خۆم، مەرزی خۆت بۆ خۆت، لە ئایندەشدا، هاوچارەنووسی ئەو مەخلوقەن كە ئارەزووی لە خواردنی هەموو شتێكە، تا گەیشتن بە ئارەزووی خواردنی ئیرادەی دەستەجەمعی و توانای گۆڕانكارییش لەڕێی سندوقی هەڵبژاردنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە