ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ژینگەیە ، ژینگەی هەرێم لە چی دۆخێك دایە ؟

7 کاتژمێر پێش ئێستا

سەمەد محەمەد حوسێن

بۆ یەکەمجار لەساڵی هەزارو نۆسەدو حەفتاو دوو ، لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی پرسی ژینگە خرایە بەرباس و گفت و گۆی لەبارەوە کراو هەندێك لە کێشەو مەترسیەکانی ئاماژەی پێدرا ، بۆیە لە ساڵی دواتر لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە رۆژی پێنجی حوزەیران ، وەکو رۆژی جیهانی ژینگە دەستنیشانکرا ، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ رۆژ لە دوای رۆژ کێشە ژینگەییەکان گەورەترو کاریگەریەکانی لەسەر سروشت و مرۆڤ زیاتر دەبێت .

بۆیە لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە لە رۆژی ژینگەو کاتەکانی دیکە دەیان و سەدان چالاکی جۆراوجۆر لەسەر ئەو پرسە ئەنجام دەدرێت بۆ هۆشیارکردنەوەو دەسنیشانکردن و چارەسەری کێشەکان .
هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو کاریگەریانەو لە ئەنجامی زۆر بوونی دانیشتووان و فراوانبوونی شارەکان و بەکارهێنانی زۆری سەرچاوەسروشتیەکان و ....هتد هەرێم لەبەردەم کۆمەڵێك کێشەی ژینگەی مەترسیدار دایە ، لێرەدا بە کورتی ئاماژە بەهەرە سەرەکیەکان دەدەین .

یەك - چارەسەر نەکردنی گلێش ( پاشماوەی خۆڵ و خاشاك ) .

رۆژانە هەزاران تەن پاشماوە ، بە تێکەڵی جۆرەکان ( ئۆرگانی . پلاستیك ، کاغەز ، تەندروستی ) لە زبڵخانەکان فڕێ دەدرێت و کاریگەری خراپی هەیە لەسەر خاك و هەواو ئاوی ژێر زەویش ، بەداخەوە تا ئێستا هیچ رێکارێکی پێویست و سەرەدەمیانە نەگیراوەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژە زۆرە یا چارەسەر بە شێوەیەکی زانستی و سەرەدەمیانە .

دوو - پاڵاوگەو کارگەکان .
ژمارەیەك پاڵاوگەی بەرهەمە نەفتیەکان و کارگەی گەورە هەن ، کەمترین مەرجەکانی پاراستنی ژینگەیان تێدایە ، بە تایبەت ئەو ناوچانەی ئەو کارگانەیان تێدایە سروشت و دانیشتوانەکەی لە دۆخێکی خراپ دان و تەنانەت رێژەی نەخۆشیە مەترسیدارو درێژخایەنەکان زۆر بەرزە ، لایەنە بەرپرسەکان وەك پێویست رێکاری پێویست ناگرنەبەر لە پێناو کەمکردنەوەی زیانەکان .

سێ - چارەسەر نەکردنی ئاوی بەکارهاتوو .
لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان ، رۆژانە لە بوارە جیاجیاکاندا سەدان هەزار مەتر سێجا ئاو بەکار دەهێندرێت ، ئاو سەرچاوەی ژیان و سەروەتێکی نیشتیمانی زۆر گرنگ و بە نرخە ، بۆیە پاراستنی ئەرکی هەرە لە پێشینەی دەسەڵاتە ، ئەوەی جێگەی داخە ، وەك پێویست کارنەکراوە بۆ کەمکردنەوەی بە فیڕۆدان و ریسایکلکردنەوەو دوبارە بە کار هێنانەوەی لە بوارە جیاوازەکاندا . ئەمە جگە لە بەفیڕۆدانەکە ، ئاوی پیسی بەکارهاتوو کە تێکەڵ دەبێت یا دەڕژێتە سەرچاوەکانی دیکەی ئاو ، ئەویش پیس دەکات و کاریگەری خراپ دروست دەکات .

چوار - کەمی رێژەی سەوزایی شارەکان .
سەرجەم شارەکانی کوردستان رێژەی سەوزاییان لە خوار ئاستی ستانداری جیهانی دایە ، دیزاینی خانوو گەڕەك و شەقامەکان لە رووی سەوزاییەوە وەك پێویست نیە ، کێشەیەکی دیکەش ئەوەیە لە زۆر شوێنی دانیشتووان لە شارەکانی کوردستان ، روبەرێك زەوی تەرخانکراوە بۆ سەوزایی ، کەچی لە لایەن خەڵکی دەستڕۆیشتوو دەستی بەسەردا دەگیرێ و لە بوارێکی دیکەی قازانجی کەسی بەکاردەهێندرێت و ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان لەبەرچاو ناگیرێت .

پێنج - زۆری ژمارەی ئۆتۆمۆبیل .
یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی پیسبوونی هەوا ئۆتۆمۆبیلە ، لەهەرێم زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمۆبیل هەیەو بە خێرایی هەر زیادیش دەبێت ، لاوازی گواستنەوەی گشتی هۆکاری سەرەکی ئەو ژمارە زۆرەیە ، تا پلان و بەرنامەیەکی باش دانەندرێت بۆ پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتی ، کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکانی ئۆتۆمۆبیل مەحاڵە .

پرسی ژینگە پرسێکی جیهانییە ، گۆڕانکاریە ژینگەییەکان لەسەر ئاستی جیهان ، کاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت ، ژینگەی ئێمەش کاریگەری لەسەر دەوروبەرمان دەبێت ، لەبەر ئەوە هەر خزمەتێك لە بواری ژینگەی وڵاتەکەی خۆمان ، خزمەتە بە ژینگەی خۆمان و دەوروبەرمان .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە