هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، تۆڵەسەندنەوە نییە؛ بەڵکو پەیامێکە لە لایەن ڕژێمێکەوە کە لە شەڕێک ڕزگاری بووە کە بۆ لەناوبردنی داڕژرابوو. ئێستا ئەو ڕژێمە بە شتێکی زۆر مەترسیدارتر لە "چەک" گەڕاوەتەوە مەیدان: ئەویش ئەو "زانین و دڵنیاییە"یە کە دەڵێت ناتوانرێت لەناو ببرێت.
لە بەیانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، ئێران بۆ یەکەمجار لە دوای ئاگربەستەکەی مانگی نیسان، موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. دە موشەکی بالیستی ئاسمانی باکووری ئیسرائیلیان بڕی؛ زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و پەناگەکان پڕ بوون. ئاگربەستەکە، لە ڕووی کردەیییەوە، کۆتایی هات.
کاردانەوەی خێرای جیهان ئەوە بوو بپرسن: کێ دەسپێشخەری کرد؟ ئیسرائیل هەر ئەو بەیانییە، بەبێ گوێدانە داواکاریی ڕاشکاوی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، هێرشی کردبووە سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە بەیروت. حیزبوڵڵاش پێشتر یەکەمین موشەکی گرتبووە باکووری ئیسرائیل. ئێرانیش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی بەیروت، موشەکبارانی کرد. هەریەک لەم لایەنانە پاساوێکیان هەبوو، هەروەها ستراتیژییەکی تایبەت بە خۆشیان هەبوو.
بەڵام پرسیارە ڕاستەکە ئەوە نییە کێ ئەم پێکدادانەی ئەمڕۆی دەستپێکرد، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە ئێران بە ڕاستی خەریکی چییە و بۆچی ئێستا ئەمە دەکات؟ دەوڵەتێک کە فێربوو ناتوانرێت لەناو ببرێت لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکێک لە چڕترین هەڵمەتە سەربازییەکانی مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەستپێکرد. ڕێبەری باڵای ئێرانیان کوشت، بنکە ئەتۆمییەکانیان بۆردومان کرد و ژێرخانی موشەکیی ئەو وڵاتەیان لاواز کرد. ئامانجی ڕاگەیەندراو بریتی بوو لە تێشکاندنی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سەربازی، ئابووری و سیاسییەوە، بەڵام ڕژێمەکە مایەوە.
ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە هەموو هاوکێشەکانی دوای خۆی دەگۆڕێت. حکومەتێک کە لە شەڕێکی لەو شێوەیەدا ڕزگاری دەبێت، سەرشۆڕ و ملنەرم نابێت؛ بەڵکو گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. پێش شوباتی ٢٠٢٦، ئێران "بڕوای وابوو" کە دەتوانێت بەرگەی گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگرێت؛ بەڵام دوای شوباتی ٢٠٢٦، ئێران "دەزانێت" کە دەتوانێت بەرگەبگرێت. ئەم جیاوازییەی نێوان "بڕوا" و "زانین"، گرنگترین وەرچەرخانی ستراتیژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەم نەوەیەدا.
کلاوزڤیتز دەڵێت: "جەنگ بەردەوامیی سیاسەتە بە ئامرازی دیکە." ئەوەی هێرشە موشەکییەکەی ئەمڕۆ بە ڕاشکاوترین زمان دەیڵێت، ئەمەیە: ئێمە هێشتا لێرەین، هێشتا بەتواناین، و مەرجەکانی هەر ڕێککەوتنێکیش دەبێت ڕەنگدانەوەی ئەم ڕاستییەبن. ئێران چیتر بۆ "مانەوە" شەڕ ناکات، بەڵکو لە پێگەی "مانەوە"وە دانوستان دەکات. ئەمەش جەنگێکی تەواو جیاوازە.
پێگە مەحاڵەکەی ترەمپ کاردانەوەی ئەمریکا بۆ هێرشەکەی ئەمڕۆ، شتگەلێکی ئاشکراکرد کە ڕەنگە خودی ترەمپ نەیویستبێت دەرکەون. ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی وتی "هەر ئێستا" پەیوەندی بە نەتانیاهۆوە دەکات بۆ ئەوەی پێی بڵێت تۆڵە نەکاتەوە. موشەکەکانی ئێرانی بەوە وەسف کرد کە "ئازاری کەسیان نەداوە" و داوای لە ئێران کرد "بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتنێک بکات".
ئەمە زمانی زلهێزێک نییە کە کۆنترۆڵی ڕووداوەکانی لەدەستدا بێت، بەڵکو زمانی ناوبژیوانێکە کە پەلەپەلییەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو زیانانەی کە بەشێکیان بەهۆی هاوپەیمانەکەی خۆیەوە دروست بوون، کە پێچەوانەی ویستی ئەو ڕەفتاری کردووە.
ئێستا دژایەتییەکی قووڵ لە پێگەی ئەمریکادا بە ڕوونی دەبینرێت. واشنتۆن شەڕێکی دەستپێکرد بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە ملدان بکات، بەڵام ئێستا دەبینێت کە ناتوانێت تەنانەت ئیسرائیلیش ناچار بکات بە قسەی بکات. ئەمریکا ناتوانێت لەلایەکەوە گوشار بخاتە سەر ئێران بۆ دانوستانێکی ڕاستگۆیانە، و لە لایەکی تریشەوە ڕێگە بە ئیسرائیل بدات بە بێگوێیی کردن لە فەرمانەکانی ئەو، هێرش بکاتە سەر بەیروت. هەر پەرەپێدانێکی گرژی لە لایەن ئیسرائیلەوە، پاساوێکی ڕەوا دەداتە دەست ئێران بۆ وەڵامدانەوە. هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێرانیش، هەڕەشە لەو ڕێککەوتنە دەکات کە ترەمپ پێداگری دەکات کە "زۆر نزیکە". هەر جارێکیش کە ترەمپ لە جیاتی پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل، بە ئاشکرا ڕێگری لێ دەکات، پەیامێک بۆ تاران دەنێرێت کە دەسەڵاتی ئەمریکا بەسەر هاوبەشەکەیدا لاوازترە لەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت.
دانوستانکاری باڵای ئێران ئەم هەفتەیە بە ڕۆژنامەنووسانی وتی کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست" و "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ترەمپدایە". داواکارییەکەش بریتییە لە ئازادکردنی ٢٤ ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران. پەیامی هاوپێچی موشەکەکانی ئەمڕۆش هەمان داواکاری بوو، بەڵام بە زمانێک کە واشنتۆن نەتوانێت پشتگوێی بخات. ئێران تەنها تۆڵە ناکاتەوە، بەڵکو نرخ بۆ "دانبەخۆداگرتنی" خۆی دادەنێت.
ئاگربەستێک کە هەرگیز ئاشتی نەبوو ئاگربەستەکەی مانگی نیسان وەک وەستانێکی کاتیی شەڕ نیشان درا تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. بەڵام لە ڕاستیدا، تەنها وەستانێک بوو بۆ ئەوەی هەر لایەنە و پێگەی خۆی ڕێکبخاتەوە. ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان فراوانتر کرد. ئێران کارتی گوشاری خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا بەهێزتر کرد و سەیری بەرزبوونەوەی "نرخی هاوکارییەکانی" خۆی دەکرد لەگەڵ هەر هەفتەیەکی دواکەوتنی دانوستانەکاندا. ئاگربەستەکە تەنها لە ڕواڵەتدا ناوی ئاشتی بوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچی تێدا نەبوو.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا، ئەو ڕاستییەی پشتڕاست کردەوە کە هەمیشە هەبووە: ئاگربەست لە نێوان دوو لایەندا کە هیچیان کێشە بنەڕەتییەکانی نێوانیان چارەسەر نەکردووە، ڕێککەوتن نییە، بەڵکو تەنها "هەناسەبڕکێیەکی کاتی"یە. ئێستاش ئێران ئەو هەناسەیەی دایەوە. لێکەوتەکان لە سنووری ئەم پێکدادانە تێدەپەڕن. ئاسمانی عێراق تەنها چەند کاتژمێرێک دوای هەڵدانی موشەکەکان داخرا. نرخی نەوت ٣٪ بەرزبووەوە پێش ئەوەی بازاڕەکان بتوانن قەبارەی زیانەکان بخەمڵێنن. هێڵی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا – کە لە دوای داخستنی گەرووی هورمز لە شوباتدا بووەتە شادەماری ئابووریی عێراق – لە ژێر دەستی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێراندایە کە فەرمانەکانیان لە تارانەوە وەردەگرن. هەر گەڕانەوەیەک بۆ شەڕێکی سەرتاسەری، پێویستی بەوە نییە ئێران ڕاستەوخۆ هێڵەکە بپێکێت؛ تەنها ئاماژەیەک بۆ بریکارەکانی بەسە.
چی ڕوودەدات؟ لە ئێستادا سێ سیناریۆ لە ئارادان. لە باشترین حاڵەتدا، واشنتۆن سەرکەوتوو دەبێت لە ڕاگرتنی ئیسرائیل، ئێرانیش ڕازی دەبێت بە وەستانێکی کاتی بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی، و دانوستانەکان دەست پێ دەکەنەوە – بەڵام ئەمجارە تاران کارتێکی زۆر بەهێزتری لەچاو مانگی نیسان لەدەستدایە. ڕێککەوتن هەر بە ئەگەری دەمێنێتەوە، بەڵام تەنها بە مەرجێک کە بە ناڕاستەوخۆ ددان بە "مانەوە وپشوودرێژیی" ئێراندا بنێت.
ئەگەری هەرە بەهێز، "پەرەپێدانی کۆنترۆڵکراوی گرژییەکان"ە: واتە زنجیرەیەک لێدان و وەڵامدانەوەی هاوسەنگ کە لە ژێر ئاستی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەدا بمێننەوە تا ئەمریکا ناچار بە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ نەکەن، لەکاتێکدا هەرلایەنەو دەیەوێت زۆرترین دەستکەوت لەم پێکدادانە کاتییانە بچنێتەوە. نە ئێران و نە ئیسرائیل، هیچ کامیان خولی دووەمی شەڕی وەک مانگی شوباتیان ناوێت؛ بەڵام ئامادەش نین مەرجەکانی لایەنی بەرامبەر قبوڵ بکەن. موشەکەکان هەر بەردەوام دەبن لەوەی وەک "مێزی دانوستان" بەکاربێن.
خراپترین سیناریۆش، "هەڵە لە لێکدانەوە"دایە؛ واتە هێرشێک کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بکوژێت، یان وەڵامدانەوەیەک کە هێڵێکی سوور ببەزێنێت کە هیچ کام لە لایەنەکان نەیانویستبێت بیبەزێنن، و ئاگربەستەکە بە تەواوی بڕووخێت پێش گەیشتن بە ڕێککەوتن. گەرووی هورمز دووبارە دادەخرێتەوە، بازاڕەکانی وزەی جیهان تووشی قەیران دەبن و ناوچەیەک کە پێشتر بەهۆی شەڕەوە شەکەت بووە، خۆی لە ناو شەڕێکی تری وێرانکەردا دەبینێتەوە.
ئەوەی دڵنیایە ئەمەیە: ئەو پێکهاتەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێش ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ هەبوو، بۆ هەمیشە کۆتایی هات. ئەوەی کە چی جێگەی دەگرێتەوە و بە مەرجی کێ – ئەوە ئەو پرسیارە بوو کە موشەکەکانی ئەمڕۆ بە ڕاستی دەیانویست وەڵامی بدەنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی