حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان دابەشبونی حزبی‌و مەرجەکانی هاوبەشی نیشتیمانی کوردستانیدا

6 کاتژمێر پێش ئێستا

کاوە نادر قادر

بەهۆی ناکۆکی حزبی و ململانێی لەسەر دەسەڵاتدا، پێکهێنانی حکومەت لەموزایەدەی سیاسیدا نوقم بووە. ئەوا پتر لەپێنسەد رۆژ رەتبووە بەسەر دوایین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و هێشتا  کابینەی (دە) پێک نەهێنراوەو بەرلەمانیش پەکی خراوە،هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان   هەر لەچاوەڕوانی و بەڵێن و دیدار و لێدوانەکاندا رۆژگار بەسەر دەبەن، هەر بە هەمان ستایلی پێشو دووبارە دەبێتەوە هەر وەک ئەوەی کات وەستابێت، داهاتووی ملیۆنان هاوڵاتی  گرنگ نەبێت لە ململانێکەدا.

دابەشبوون  لەدەسەڵات لەنێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ سەرهەڵدانی دەسەڵاتی کوردی سەریهەڵدا، فرچکیان بە حزبسالاری گرتوەو  تا ئێستاش هەر بەردەوامە. ئێستا ئەو   سنوورەشی بەزاندوەو حکومەت و حزب تێکەڵاو بووەو لێکترهاوێر ناکرێنەوە، یەک دیدگەی  حزبی لەبری  یاساو دەستوورو بەرژەوەندی گشتی ئەو حکومەتەی بەکاربەڕێوەبەرەی   لەهەموو لایەک تەنیوە. 

ئەمریکە دەمێکە داوایان لێ دەکا دەستوبرد بکەن بۆ پێکهێنانی کابینەکەو ئەوان هەر لەسەر خەمساردی خۆیانن، هیچ ئاسۆیەک نزیک بەرچاو روون ئومێدبەخشی نادات بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە.

وتاری گرژبوونی نێوان ئەو دوو هێزە سەرەکییە دەستبەسەراگرتووەی دەسەڵات جار لەجار لە زیاد بووندایەو هەندیک لەچاودێران مەترسی تەقینەوەی ئەوبارگرژییە بە شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی دیکەدا دەکەن.

دوای هەوڵ وتوانایەکی زۆری ئەمریکییەکان، بەڵێنیان دا بەیەکەوە دابنیشن لەسەر ئاستی باڵا، بە داخەوە لە لووتکەی  دانیشتنەکەی نێوان کاک مەسعودو کاک بافلدا، لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێک کەوتبوون، وا بڕیار بوو دانیشتنێکی دیکە ئەنجامبدەنەوە دوای کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی، بۆ خستنە رووی ئەو خاڵانە لەو کۆبوونەوەیەدا، دیارە ئەو کۆبوونەوەیە (م.س) خاڵەکانی پەسند نەکردوەو ئیتر دانیشتنی داهاتوو بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

پارتی سوورە لەسەر ئەوەی کە لە دەنگدانی ئەو جارەدا یەک ملیون دەنگی هێناوە و پێویستی بەوە نییە هێزی دیکە  سەرۆکی پارتی بکاتە لێپرسراوی ئەو سەرکرداتییە هاوبەشەی نێوان ئەو دوو حزبەو وەزارەتی ناوخۆیش نادەن بە یەکێتی.

یەکێتیش سوورە لەسەر سی و نۆ کورسیەکەی بەرلەمان و دەڵێ دەبێ لە پێکهێنانی کابینەی داهاتوودا نیوە بە نیوە بین، تەنانەت داوای پۆستە باڵاکانیش دەکات و دەبێ چاوی پێدا بخشێندرێتەوە. بەم شێوەیە ماڵی کورد لە پەرتەوازەیی و بێ بەرنامەیی، گەیشتە تۆنێلی داخراوادا.

پارتی دەرەچەکانی کە پێشنیاری کردووە  نە دەتوانرێ بە لایەککدا یەکلا بکاتەوە: هەر لە هەڵبژاردنی تازەو دوو هەرێمی و درێژەدان بە ئەمری واقع، بۆ یەکێتیش چەندە گرەو لەسەر عێراق بکەن، تەنیا بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیەو ئەوانیش بێ چارەسەر دەمێنن. 

بۆیە دەبێ ئەو راستیانە بزانرێ ، پایتەختەکانی داگیرکەرانی کوردستان ، چارەسەری تێدا بەدی ناکرێ لە غەیری مالوێرانی نەبێ، کورسیش ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی وڵات نەک وڵات بۆ بەدەستهێنانی کورسی و دەسەڵاتە.  بانکی چارەسەری لای گەلەو گەلیش لە چاوەڕوانی و دەرفەت لەدەست دان بێزار بووەو بەتایبەتی ململانێ جیوپۆلەتیکەکانی ناوچەکە زۆر توند بووەو ئەگەری رەنگدانەوەی نەرێنی بەسەر  گۆڕەپاانی کوردستاندا هەیەو بیکەنە مەیدانی شەڕو پێکدادان.

چارەسەر تەنیا گەڕانەوە بۆ گەلەو پێکهێنانی حکومەتیێکی هاوبەشە بە رێگەی لێکتر حاڵی بوون ، بەدیلی یەکێتی بۆ  پارتی ، هەر یەکێتییە، پێچەوانەکەشی هەر راستە، بیرکردنەوە لەهەر ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە کارەساتی وەک سی ویەکی ئابی لێ دەکەوێتەوە کە خۆدی ئەو حزبەش تیادا زەرەرمەند دەبێ. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی