هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان كوردو دیمەشق هێدی هێدی دەچنە پێش، رێككەوتن لەسەر بەشێك لەپرسە گرنگەكان كراوە، بەڵام لەجێبەجێكردن و وردەكاریی هێشتا كاتی زیاتر پێویستە.
بەشێوەیەكی رەسمیی رێڤەبەری خۆسەر نەماوە. دامودەزگاكانی ئەو خۆبەڕێوبەرێتیەی هەبوو هەنگاو بەهەنگاو تێكەڵ بەسیستمی ئیدارەی دیمەشق دەكرێنەوە، بەڵام بەشێوەیەكی كردارەكی لەسێبەردا حوكمڕانی ناوچەكە لەدەست كوردەو كوردیش بڕیاری لێدەدات.
هێزی سەربازیی هەردوولا لەناوچەكانی بەریەككەوتن كشاونەتەوەو جۆرێك لەهێمنی ئەمنی هەیە. لەنێوان ناوچەكانی هەردوولا خاڵی پشكنینی هاوبەش هەیە. هاتن و چوون نیمچە ئاسایی بۆتەوە.
لەدوای نەمانی رێڤەبەر خۆسەر، هیچ چوارچێوەیەكی سیاسی نەماوە وەك جێگرەوە، هیچ بەرەیەك یاخود هیچ چەترو سەیوانێكی سیاسی نییە بۆ لەخۆگرتنی لایەنە سیاسیەكان و بەشداری سیاسی و بڕیاردان، ئەوەی هەیە جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدێ (فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات) و بەشێك لەكاربەدەستانی پێشوو بەڕێوبەرانی حزبی پەیەدە گفتوگۆكان لەگەڵ دیمەشق دەكەن وو سەرپەرشتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان دەكەن.
ئەوەی تاێستا هەیە، زۆربەی هەرەزۆری ئیشوكاری سێكتەرەكانی پەروەردە، تەندروستیی، كشتوكاڵ و ئابوریی لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان چارەسەركراون و فەرمانگەكان تێكەڵ بەسیستمی دیمەشق كراونەتەوە. بەڕێوبەرو كاربەدەستانی ئەو سێكتەرانە یان كوردن یاخود عەرەبی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانن. بەڕێوبەرو كاربەدەستانی كورد لەلایەن كوردەوە دادەنرێن و ئەو كاربەدەستانەی عەرەبیشن لەلایەن دیمەشقەوە دادەنرێن و زۆربەیان كۆنە بەعسیەكانن چونكە كۆنە بەعسیەكان دژە كوردن. ئەمە بەپێچەوانەی ناوچەكانی عەلەوییەكان كاربەدەستانی پێشووی بەعس لەكارەكانیان دوور لایاندەبەن و دووردەخرێنەوە.
سەبارەت بەپرسی پەروەردەو زمان كە یەكێكە لەپرسە هەرە هەستیارەكان، رێككەوتن كراوە تا دوو ساڵی دیكەش ئەو مەنهەج و وانانەی سەردەمی رێڤەبەری خۆسەر تا پۆلەكانی كۆتایی ئامادەیی بخوێندرێن، لەماوەی دوو ساڵی داهاتوو مەنهەج و وانەی خوێندن رێككەوتنی لەسەر بكرێت. بڕوانامەی خوێندنیش لەلایەن دیمەشقەوە دانپێدانراوە، تەنها پرسی داننان بەخوێندن و بڕوانامەی زانكۆی رۆژئاوای كوردستان ماوە هێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە.
سەبارەت بەپرسی هێزی سەربازیی، رێككەوتنێك كراوە 5 لیوای سەربازیی دروستبكرێت. پێشتر گرفت لەسەر ژمارەی ئەو یەكە سەربازیانە هەبوو، بەڵام لەدوایین پێشكەوتن رێككەوتنكراوە كە هەریەكێك لەو یەكە یان لیوا سەربازیانە ژمارەیان 3 هەزار سەربازێك بێت، لەو ژمارەیە دیمەشق موچەو پێداویستیی 1300 سەرباز دابینبكات و رێڤەبەری (سێبەری كوردیش) موچەو پێداویستی 1700 سەربازەكەی دی دابینبكات. یەكێك لەو پێنج یەكە سەربازیانەی دروستدەكرێت، بۆ چەكی گرانی هێزەكان دەبێت.
بەشێك لەهێزەكانی ئاسایش بەناوی هێزی ئاسایشی نیشتیمانیی چوونەتەوە سەر دیمەشق موچەكانیشیان لەلایەن دیمەشق دابیندەكرێت، بەشێكیشیان لەلایەن رێڤەبەری كورد موچەو پێداویستیەكانیان دابیندەكرێت و هێشتا وەكوخۆیان ماون.
سەبارەت بەدەروازەی سنور، تائێستا تەنها سێمالكا كە رۆژئاوای بەباشوری كوردستان دەبەستێتەوە بەدەست كوردە، لەوێش جگە لەكاربەدەست و فەرمانبەرانی كورد، چەند فەرمانبەرێكی پلەداری عەرەبیش لەلایەن دیمەشقەوە دامەزرێنراون. دیمەشق ئامادەیە دەروازەی سێمالكا لەگەڵ هەرێم بكاتە دەروازەیەكی رەسمیی، بەڵام خۆی ئیدارەكەی دابمەزرێنێت و لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت، بەڵام كورد بەوە رازی نییە.
جگە لەپارێزگای حەسەكە لەرۆژئاوای كوردستان، هەوڵێك هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكانی عەفرین و سەرێكانیی و گرێ سپی كە ئێستا بەدەست گروپەكانی نزیك توركیاو دیمەشقەوەیە.
لەعەفرین ژمارەیەكی زۆر كورد وەك فەرمانبەرو كارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ یان (ئەمنی عام) دامەزرێنراون، ئەمەش بۆ رێخۆشكردنە تا ئاوارەكانی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە كە بەهۆی داگیركاریی و پەلاماردانی گروپە تیرۆریستیەكانی نزیك توركیا رایانكردبوو. ژمارەیەكی زۆریان گەڕاونەتەوەو خەریكە ناوچەكان لەرووی ئەمنیەوە ئاسایی دەكرێنەوە.
جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان كوردو دیمەشق و ئاسایی بوونەوەی باری ئەمنی و رێگەدان بەگەڕانەوەی ئاوارەكان، هەمووی گرێدراوی دۆخی سیاسی سوریاو ئەو گفتوگۆیانەیە كە لەنێوان كاربەدەستانی توركیاو عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری كورد لەباكوری كوردستان بەڕێوەدەچێت.
كەناڵی پەیوەندییكردن لەنێوان رێڤەبەری و كاربەدەستانی كورد و توركیا هەیە، بەڵام تائێستا هیچ رێككەوتنێك نییە. دەتوانین بڵێین هەر پێشكەوتنێك لەپەیوەندی نێوان هەردوولا، گرێدراوی ئەو گفتوگۆیانەیە كە لەنێوان توركیاو ئۆجالان بەڕێوەدەچێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی