پلە بەرزنەکردنەوە، ئەو زوڵمەی حکومەت لە فەرمانبەرانی دەیکات

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

لەو ڕۆژەی فەرمانبەر لە یەکێک لە وەزارەتەکان دادەمەزرێ چاوی لەوەیە بە پێی پەیژەی وەزیفی لە پلەیەکەوە بۆ پلەیەکی بەرزتر سەر بکەوێت، تا دەستکاری شایستە داراییەکەی بکرێت کە وەک گرێبەستێک وایە لە نێوانی ئەو حکومەت، ئەمە ئەگەر فەرمانبەرەکە لە کەرتی گشتی دامەزرا، بۆ کەرتی تایبەتش دەوستێنە سەر ئەو گرێبەستەی هەردوو لا لەسەری ڕێکدەکەون.

شایانی باسە، ریزبەندی پلەی وەزیفی لە نێو ماددەی (١٩)ی یاسای خزمەتی مەدەنی عێراقی لە یاسایی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠، کە لە هەرێمی کوردستاندا بە یاسای ژمارە (١٦) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموارکراوەتەوە، زۆر بە ڕوونی ڕێکخراوە، لەو یاساییە  هاتووە کە فەرمانبەر لە چ کاتێکدا مافی پلەبەرزکردنەوەی هەیە.

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سێزدە ساڵە لەو مافە یاساییە بێبەش کراون، واتا لە ساڵی ٢٠١٣وە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، ئەویش بە بیانووی بوونی قەیرانی دارایی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە. لە ماوەی ئەو سێزدە ساڵەدا، فەرمانبەر هەیە لەو ساڵەی دامەزراوە لە هەمان پلەی ماوەتەوە و پلەی بەرزنەبووەتەوە؛ هەروەها زۆرێک لەوانە خانەنیشین بوونە ئەو چەند ساڵەیان وەک شایستەی دارایی بۆ هەژمار نەکراوە، هی واش هەیە خەونی پلەبەرزکردنەوەیان بردووەتە ژێر گڵ و بەو مافە یاساییە نەگەیشتوون.

ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەو مافە گەڕێندرایەوە بۆ فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ. دەگوترێت بڕیارەکەی حکومەت لەسەر دوای فەرمی وەزارەتی ناوخۆ بووە.
کاتێک گوێبیستی ئەو هەواڵە بووین، پێمان وابوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانی وەزارەتێک و وەزارەتێکی دیکەدا دەکات. بەڵام کاتێک وردەکاریی بڕیارەکە بڵاوکرایەوە، تێگەیشتین کە بڕیارەکە بەبێ جێبەجێکردنی مافە داراییەکەیە؛ واتە فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ پلەی بەرز دەکرێتەوە، بەڵام مووچەکەی گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.

لە کوردەواریدا بۆ ئەو حاڵەتە تەنزێک هەیە کە دەڵێت: «لەسەر بووزی لۆیان بنووسە». بەڵام هەر ئەوەش باشترە لەوەی فەرمانبەر لە پلەی خۆیدا بچەقێت وەک باقی فەرمانبەرەکانی دیکە.
ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر فەرمانبەران دەیکات، هیچ بیانوویەکی هەڵناگرێت. چارەسەری قەیرانی دارایی لە ئەستۆی حکومەتە، نەک فەرمانبەر. ناکرێت بە بیانووی قەیرانی دارایی، حکومەت دەست بباتە سەر مافە یاسایی و داراییەکانی فەرمانبەران. بۆیە هەرچی زووە دەبێت حکومەت ئەم زوڵمە گەورەیە لەسەر فەرمانبەران هەڵگرێت و مافە یاسایی و داراییەکانیان بە تەواوی بگەڕێنێتەوە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی