سەردانەکەی تۆم باراکی نمایندەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکە بۆ سوریا و عێراق و باڵوێزی ئەمریکە لە ئەنکەرە کە سەرلەنوێ لە ٣١ی ئەیاری ئەوساڵ راسپێردرایەوە، بۆ بەغداو دوایی بۆ هەرێمی کوردستان رۆژی ١٥_١٦ ئەومانگە بە بڕیاری ترامپەو کۆمەڵێک بڕیاری لە کۆڵ خۆی هەڵداوە وەک خۆی لە ئێکس نوسیەتێ" بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژیەکانمانە لەگەڵ عێڕاق"، بۆ جێبەجێکردن نەک گفتوگۆکردن، لە کاتێکدایە کە ئەمریکە لەسەروبەندی رێککەوتنێکە لەگەڵ ئێراندایەو لە ژێر ئەو گۆڕانکاریەدا، خەریکی داڕشتنەوەی بالانسی هێزە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لایەنی سیاسی و ئەمنی(سەقامگیری)و ئابووریش دەگرێتەوە، بە تایبەتی لە سوریاو عیراق و تورکیاو لوبناندا.
کوردستانیش وەک کاراکتەرێک چالاکی نێو ئەو هاوکێشەیەو گۆڕەپانێکە کە ئەمریکە هەوڵدەدات بەرژەوەندییەکانی لە نێو ئەو پاکێجەدا بدۆزێتەوە بە رادەی هەرە زۆر، کە پێگەی کوردستان لاواز دەکاو پێگەی سوریاو عێراق لە زۆر بواردا بەهێز دەکا. کە لە زۆربەی بوارەکانی ئەو گۆڕانکارەیەدا لەگەڵ پڕۆژەی نەتەوەیی کوردستانی یەکانگیر نابێت وکاریگەری دەکاتە سەر قەوارەی ئەو دەسکەوتە نیشتیمانیانەی کوردستانی کە ئێستا لە باشوورو رۆژئاوای کوردستان هەن.
ترامپیزم مەزەندە دەکات، دەوڵەتانی رۆژهەڵات بواری بەجێگەیاندنی گۆڕانکارییە مۆدێڕنەکانی نییە و تەنیا مەرکەزیەت ئەو سەقامگیریە دەهێنێتە دی کە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی ئەمریکە دەستەبەر دەکات. لێرەش فیدرالیەتی هەرێمی کوردستان و خۆسەری دیموکراسی بەر مەقەسەکەی ئەو ئەجیندایە دەکەون و دەبێ هێزی چەکداری و بڕیاری سیاسی لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەنە دەرچێ، نەک ناوەندەکانی نیمچە دەوڵەتییەکان.
لە راستیدا ئەو ئەجیندایەی ئەمریکە لەگەڵ خواستی تورکیا و شۆڤینییەکانی ناوچەکە، یەکانگیر دەبێتەوە، بە تایبەتی ناکۆکی هێزە کوردستانییەکانی باشوور و گەندەڵی بێ رادە و بێزاری گەل لە سیاسەت و رەفتارەکانیان و پێداگری تورکیا لەسەر گۆڕەپانی سوریا بۆ ململانێیدا لەگەڵ ئیسرائیل، هانی ئەمریکە دەدات بۆ ئەو مەبەستەو زۆر ئاستەنگی رووبەڕو نەبێتەوە بۆ بچووککردنەوەی ئەو دوو قەوارەیە کوردستانییە. ئەوجا مەسەلەی دووەم، هەناردەی نەوتە بە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە رێگەی بانیاس و لازقیەوە لە کوردستان و عیراقدا، بۆ پاڵپشتی و هەڵساندنەوەی ئابووری داڕماوی سوریادا، هاتنی سوپاسالاری عێراقی(عبدالامیر یاراللە)ی رۆژی چواردەی ئەو مانگە بۆ هەولێر، بۆ دابینکردنی پاسەوانی بۆ بۆڕییە نەوتەکانی ئەو هەناردەیە و ئەوجا بەشداری مەزلوم عەبدی لەو دانیشتنە، هێمایە بۆ بەشداریان لەو پاراستنە.
لەراستیشدا ئەو ستراتیژیەی ئەمریکە لە کوردستانی دەوێت هاسان نییە بەڕێوە بچێت، تەنانەت ئەگەر سەرکردە سیاسییەکانیش بێ قەیدو شەرت قەبوڵی کەن. لەبەر ئەوەی:
ـ داڕشتنەوەی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیاتنانەوی دەوڵەت لەو ناوچەیە وەک ترامپیزم دەخوازێ، کە هەمووی رەهەندی بازرگانی پێ دەبەخشێ و گرنگی بۆ داخوازی گەلانی زولملێکراوی ناوچەکە نادات، هاسان نییە ئەو مەسەلەیە وەک ترامپ دەیەوێ سەرکەوێ.
ـ ئەستەمە بتوانرێ دوای ئەو چەند ساڵەی سەربەخۆیی ئیداری خەڵکی کوردستان، جارێکی دیکە بتوانێ تەحەموڵی پۆستاڵی رەشی سوپای داگیرکەر بکاتەوە، بە تایبەتی ئەو نەوەیەی کە داگیرکاری نەدیوە.
بۆیە ئەو هەگبەیەی کە تۆمباراک هەڵی گرتووە، راستە بۆ ستراتیژیەتی ئەمریکە بێ عەیبەو دڵی ئەردۆگان شۆڤینیەتە عارەبەکان خۆش دەکات و واش مەزەندە دەکەن کە چارەسەری قەیرانەکان دەکەن، بەڵام قەیران و کێشەی نوێ سەرهەڵدەداو ئەو کات بۆ بابای تۆم باراک لەبری جارەسەر، قازانج سەرمایە دەخوات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی