کاتێک چەمێک دەبێتە مانشێت: ڕەهەندە مرۆییەکانی تراژیدیاکەی زەڵم لەچاوی میدیادا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسماعیل حاجی زەڵمی

مردنی کچۆڵە گەشتیارە ١١ ساڵانەکەی خەڵکی کەربەلا (ڕوقییە ڕافد) لە چەمی زەڵمدا، هاوێنەی میدیای لە ناساندنی جوانیی سروشتەوە گۆڕی بۆ مانشێتی هاوسۆزیی، مرۆڤایەتی و تەبایی نیشتمانی.

ئەم ڕووداوە تراژیدییە بۆ ماوەی ٩ ڕۆژی بەردەوام بوو بە باسی سەرەکی شاشە و پەیجە هەواڵییە کوردی و عەرەبییەکان. میدیا بەشێوازێکی کاریگەر تیشکی خستە سەر جوامێریی خەڵکی هەڵەبجە و خورماڵ و هەورامان کە چۆن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە ڕێڕەوی ئاوەکەیان گۆڕی. ئەمەش شەپۆلێکی گەورەی لە پێزانین و پێکەوەژیانی نێوان شارەکانی ناوڕاست و باشووری عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستکرد.

سەیرانگاو سەرچاوەی ئاوی زەڵم لە پارێزگای هەڵەبجە، هەمیشە لە ڕێگەی هاوێنەی میدیاکانەوە وەک تابلۆیەکی سروشتیی دڵڕفێن و ناسنامەیەکی گەشتیاریی کوردستان نیشاندراوە. بەڵام ڕووداوە ناخۆشەکان زۆرجار ئاڕاستەی ڕووماڵی میدیایی دەگۆڕن؛ خنکانی کچۆڵە گەشتیارە ١١ ساڵانەکەی خەڵکی کەربەلا (ڕوقییە) لە چەمی زەڵمدا، بوو بە وەرچەرخانێک کە تێیدا میدیا چیتر تەنها باسی جوانیی سروشتی نەکرد، بەڵکو بوو بە ئاوێنەی هاوسۆزی، پێکەوەژیان و مرۆڤایەتی.

دیمەنە لێرەدا کۆتایی نەهات بەڵکو ئەم ڕۆحیەتە وایکرد پاش دۆزینەوەی تەرمەکە مەراسیمی و بەڕێکردنی تەرمی و جەستەی کچۆڵەکە بەشێوەیەکی فراوان، شەپۆلێکی گەورە لە سوپاسگوزاری و تەبایی نیشتمانی لە میدیا عێراقییەکاندا دروستبکات.

هاوکات ئەم ڕووداوە وەک زەنگێکی هۆشیارکەرەوەش بوو میدیاکان زۆر بە توندیش رەخنەیان گرت و تیشکیان خستە سەر کەمکوڕییەکانی کەرەستەی تیمی ژێرئاوگەڕان و نەبوونی ڕێکاری توندی سەلامەتی بۆ گەشتیاران.

ماوەتەوە بڵێین زەڵم لەچاوی میدیادا چیتر تەنها هاوینەهەوارێکی ئارام نییە؛ بەڵکو بووە بە چیرۆکێکی زیندوو کە تێیدا هێزی سروشت، تراژیدیای مرۆیی، و پەیامی قوربانیدان و پێکەوەژیان پێکەوە گرێدەدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی