بووکەشووشەکانی شەرعییەت.. “ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو” لە هەرێمی کوردستانیشدا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

د.مەجید ساڵح

لە ڕۆمانی بەناوبانگی "مەزرای ئاژەڵان"ی جورج ئۆرێڵدا، کاتێک بەرازەکان دوای ماوەیەک لە دەسەڵاتدارێتی دەبینن هەندێ لە ئاژەڵەکانی تر لەبەر کارکردنی زۆر و برسیێتی خەریکە یاخی دەبن، بۆکۆنترۆڵکردنی ئەو ناڕەزیەتییە ڕێگەیەکی فێڵبازانە دەگرنە بەر. بەرازێکی پاراو و زمان لوس بە ناوی "سکوێلەر" ڕادەسپێرن تا بەردەوام لە ناو ئاژەڵەکاندا بگەڕێت، ڕەخنەی بچووک لەدەسەڵاتی بەرازەکان بگرێت و بە پاساوی جۆراوجۆر توڕەیی و ناڕەزایەتییەکانیان بەتاڵ بکاتەوە.
 سکوێلەر وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆیی و کۆنترۆڵکراو کار دەکات، ئەو ڕێگە خۆش دەکات تا ئاژەڵەکان لەسەر کەمبوونی بەشەخۆراکەکەیان بۆڵەبۆڵ بکەن، بەڵام هەرگیز ناهێڵێت بپرسن: "هەموو خۆشگوزەرانییەکان بۆ دەسەڵاتدارانە و ئەوان لێی بێبەشن؟"
لە زانستی سیاسیدا بەم فێڵە سیاسییە دەوترێت "ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو-Controlled Opposition " ئەم چەمکە، چەمکێکی ئاڵۆزە، بەڵام یەکێکە لە کاریگەرترین ئەو میکانیزمانەی کە دەسەڵاتە تۆتالیتاری و بەناو دیموکراسییەکان بۆ مانەوەی خۆیان پەنای بۆ دەبەن. لێرەدا دەسەڵات دۆخێک دروست دەکات کە تێیدا هەندێک حیزب یان کەسایەتیی ڕەخنەگر، لە جیاتی ئەوەی ببنە مەترسی بۆ سەر بنەماکانی سیستەمەکە، دەبنە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردن، ئاڕاستەکردن و بەتاڵکردنەوەی توڕەیی خەڵک و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شەرعییەت بۆ خودی دەسەڵات.
ئەم بابەتە وەهمی پیلانگێڕی نییە، بەڵکو تەکتیکێکی زانستییە، دەسەڵات لە جیاتی کپکردنی هەموو دەنگە ناڕازییەکان، رێگە دەدات هەنێکیان لە چوارچێوەیەکی سنوردار و بێزیاندا دەرکەون ئەگەریش نەبوو ئەوا خۆۆی لە لە پشتی پەردەوە دەیانخولقێنێت.
هەرێمی کوردستانیش کە لە دەیەکانی ڕابردوودا لەژێر نفووزی پارتە باڵادەستەکان و تۆڕێکی بەربڵاوی سیاسی و چەکداریدا فۆرمەڵە بووە، دەکرێت لەم ڕوانگەیەوە جێگەی تێڕامان بێت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوە نییە کام کەسایەتی یان ڕەوت ڕاستەقینەیە و کامە سێبەری دەسەڵاتە، بەڵکو پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە سنوورەکانی ڕەخنەگرتن لەم هەرێمەدا تا کوێ رێگە پێدراوە و کام بابەتی چارەنووسساز بە کردەوە لە بازنەی ڕەخنەی ڕاستەقینەدا دەمێننەوە؟
یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو، ئەوەیە ڕۆڵی "سەمامی ئەمان" دەبینێ بۆ دەسەڵات. لەم پرۆسەیەدا، دەسەڵات ڕێگە بە میدیاکان و کەسایەتییە دیارەکان دەدات کە باسی کێشە هەرە بەرجەستە و ڕۆژانەکانی خەڵک بکەن، کێشەکانی وەک دواکەوتنی مووچە، گەندەڵیی بەڕێوەبەرێکی فەرمانگە، سستیی وەزارەتێک یان خراپیی کارەبا و ئاو.

بۆ نمونە رێگە دەدا پێشکەشکارێکی ناسراوی کەناڵێکی ئاسمانی، هەموو هەفتەیەک بە تۆنێکی توند و حەماسی دژی قەیرانی بێکاری و خراپیی کاڵا و داودەرمان بدوێت. بەرنامەکەی ملیۆنان بینەری هەیە و خەڵکی وا هەست دەکەن دواجار کەسێک هەیە دەنگی کپکراوی ئەوان دەگەیەنێت. بەڵام ئەم پێشکەشکارە، هەرگیز ناچێتە قەرەی بابەتگەلێکی وەک: "بەتاڵانبردنی سامانی ژێرزەوی"، "قۆرخکاریی ئابووریی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان"، "ڕۆڵی پشتپەردەی حیزبەکان لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان" یان " میکانیزمی بڕیارە ئەمنییە گرنگەکان".
له دۆخێکی وەک ئەمەدا، ڕای گشتی بەتاڵ دەکرێتەوە و کۆمەڵگە وا هەست دەکات کە مافی ناڕەزایەتی هەیە، لە کاتێکدا کۆڵەکەکانی دەسەڵات بە سەلامەتی و بێدەستکاری دەمێننەوە.
تەکتیکێکی تری دەسەڵات ئەوەیە خۆی شەرعییەت و متمانە بۆ ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراوەکەی دروست دەکات، ئەویش لە ڕێگەی هێرشکردنە سەری یان زیندانی کردنی چالاکوانەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی. لە ناو ڕای گشتیدا وا باوە، هەر کەسێک یان ڕەوتێک لەلایەن دەسەڵاتەوە بخرێتە ژێر گوشارەوە، یان دادگایی بکرێت و لە میدیای فەرمییەوە هێرشی بکرێتە سەر، بە شێوەیەکی سروشتی مۆری متمانەی "سەربەخۆبوون" و "خەمخۆری میللەت"ی لەلایەن خەڵکەوە پێوەدەنرێ.
ئامانجی دەسەڵات لەم شانۆگەرییەدا ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لەبەرچاوی خەڵک بخات و سەربەخۆییەکی دەستکرد بدات بە ئۆپۆزسیۆنە سێبەرەکەی خۆی. ئەزموونی سیاسی سەلماندوویەتی کە باجدانی سنووردار و ڕووکەشی، باشترین وەبەرهێنانە بۆ بەرزکردنەوەی جەماوەریبوونی کەسایەتییەک لەناو تودەکاندا.
ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک یان چالاکوانێک چەندین بار لەسەر خراپیی بەڕێوەبردن بنووسێت و دەستبەسەری کورتخایەنیش بکرێت، کۆمەڵگە وەک ڕەمزی ئازایەتی سەیری دەکات، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئەو توانیوییەتی هێڵە سوورە ستراتیژییەکانی پێکهاتەی دەسەڵات بشکێنێت یان نا؟ ئەگەر ڕەخنەکان ڕێک پێش گەیشتن بە هێڵی سوور بوەستن، شیکەرەوەی سیاسی مافی خۆیەتی گومان لەم ڕۆڵە بکات.
ئامرازێکی تری گرنگی ئۆپۆزسیۆنی کۆنترۆڵکراو، کەڵکوەرگرتنە لە "ناڕوونیی ستراتیژی" و زمانی دووفاقی. زۆرێک لە کەسایەتییە گشتییەکان بە جۆرێک وشە و رسستەکانیان ڕێکدەخەن کە هەر گروپێک بتوانێت ئەو مانایەی کە خۆی دەیەوێت لێی دەربهێنێت.
بۆ نموونە، کەسایەتییەکی سۆشیاڵ میدیا لە گەرمەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتیدا، تەنها بە نووسینی ئەم ڕستەیە واز دەهێنێت: "هیوادارم ڕۆژێک دادپەروەری بۆ ئەم گەلە مەزڵومە بێتە دی."
نەیارە ڕادیکاڵەکانی دەسەڵات، ئەم ڕستەیە وەک هاوسۆزی لەگەڵ داواکارییە گۆڕانخوازییەکانی خۆیان لێکدەدەنەوە. دەسەڵاتدارانیش دەتوانن لە چوارچێوەی ئامۆژگارییە ئەخلاقییە گشتی و فەرمییەکاندا قبووڵی بکەن.
بەم فێڵە، ئەو کەسە هەم پێگەی خۆی لەلای خەڵک دەپارێزێت، هەم لە ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆ و مەترسیی دەزگا ئەمنییەکان بەدوور دەبێت، ئەمە هونەری وەستانە لە هەردوو بەری جادەکە لە یەک کاتدا.
وردترین پێوەر بۆ تاقیکردنەوەی سەربەخۆیی ڕەوتێکی ئۆپۆزسیۆن، "بابەت و ئاڕاستەی ڕەخنەکانیەتی." لە ژینگەی کاری میدیایی هەرێمدا، بە سەعات باسی گەندەڵیی وەزیرێک یان کەمته‌خەمیی بەرپرسێکی ناوخۆیی دەکرێت، بەڵام کەمتر ئەم پرسیارە بنەڕەتییانە دەوروژێنرێن:
- بۆچی ئەم کێشە سەرەکیانە، سەرەڕای گۆڕانی بەردەوامی کابینەکان، لە ماوەی دەیان ساڵدا دووبارە دەبنەوە؟
 - کام دەستی شاراوە هۆکاری بەرهەمهێنانەوەی ئەم قەیرانانەیە؟
 - کێ براوەی ڕاستەقینەی ئەم ئابوورییە خراپ و شێواوەیە؟
له کەشێکی ئاوەهادا، سەرنجی ڕای گشتی بە ئەنقەست لە "سیستمەکە"ەوە بۆ "کەسەکان" لادەدرێت. کاربەدەستان دێن و دەڕۆن بۆ ئەوەی ببنە قوربانی (بۆ ئەوەی خەتابار بکرێن)، بەڵام میکانیزمە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی سەروەت و دەسەڵات وەک خۆیان پاوەجێ دەمێننەوە.
دیارە کاتێک بە واقیع‌ بینییەوە سەیری دۆخەکە دەکەین، هەر ڕەخنەگرێک لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا قسە بکات، مەرج نییە دەستکەلای دەسەڵات بێت، زۆرجار سنووردارکردنی یاسایی، ترسە ئەمنییەکان، وابەستەیی ئابووری و خنکاندنی میدیایی، مەودای کارکردنی ئەو کەسانە کورت دەکاتەوە کە بە ڕاستی خوازیاری گۆڕانکارین. بۆیە، مەسەلەی سەرەکیی ئەم بابەتە، دادوەریی ئەخلاقی لەسەر کەسایەتییەکان یان تۆمەتبارکردنیان نییە بە خیانەت، بەڵکو ناسینی ئەو میکانیزمانەیە کە دەتوانن "ناڕەزایەتی" لە هێزێکی بزوێنەر بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی، بگۆڕن بۆ ئامرازێکی نەرم بۆ بەڕێوەبردنی کاتیی توڕەیی خەڵک.
لە کۆتاییدا، گەورەترین پرسیار بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا چەند ڕێگە بە ڕەخنەکان دەدرێت لە ڕەگ و ڕیشەی ڕاستەقینەی دەسەڵات، قۆرخکارییە بنەماڵەیی- ئابوورییەکان و سیستەمی سەرەکیی دابەشکردنی سەرچاوەکان نزیک ببنەوە؟ ئەگەر ڕەخنەکان نەتوانن لەم سنوورە تێپەڕن، ئەوا کۆمەڵگە هاوشێوەی ئاژەڵەکانی ناو ڕۆمانەکەی جورج ئۆرێڵ، لە ناو بازنەیەکی داخراودا دەمێنێتەوە؛ بازنەیەک کە تێیدا تەنها ڕێگەمان پێدەدرێت گوێبیستی قسە لوسەکانی "سکوێلەر"ەکان بین و کامیرای تیژڕەوی و درەنگ هاتنی موچە و نەبوونی ئاو و کارەبا بکەینە کێشەی سەرەکی، لە کاتێکدا بەرازەکان لە پشتپەردەوە خەریکی گۆڕینی یاساکانی مەزراکەن بە ئارەزووی خۆیان. وەڵامی ئەم پرسیارە، پێوەری ڕاستەقینەی ئازادی، سەربەخۆیی کەشی سیاسی و توانای ڕاستەقینەی هۆشیاریی گەلەکەمانە بۆ چاکسازیی بنەڕەتی و ڕزگاربوون لە وەهمی ئۆپۆزسیۆنی دروستکراو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی