سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق
زۆرجار لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سیاسیی نوێ، شەقامی کوردی دەکەوێتە بەردەم بەڵێنی گەورەی وەک "کاراکردنەوەی پەرلەمان" یان "پێکهێنانی حکومەتی نوێ" وەک دەرمانی بنبڕکەری کێشەکان. بەڵام خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕاستییەکی تاڵترمان پێدەڵێت: تا کاتێک پایەکانی حوکمڕانی لەسەر بنەمای قۆرخکاری داڕژابن، گۆڕینی دەموچاوەکان تەنها سوڕانەوەیە لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا و هیچ لە کێشەکانی خەڵک ناگۆڕێت، بگرە بێ ئومێدییەکی قووڵتر بەرهەم دەهێنێت.
ئەم بێهیواییە ڕەوایەی هاوڵاتیان لە چەند ڕەهەندێکی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت:
حوکمی دوو بنەماڵە و کۆنتڕۆڵی ڕەها: واقیعی سیاسیی هەرێم لە دەستی دوو بنەماڵە و لەژێر سێبەری دوو وڵاتی زلهێزدا کورت بووەتەوە. ئێستا پارتی و یەکێتی، بە دیاریکراوی لە ڕێگەی (مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی)یەوە، کۆنتڕۆڵی تەواوی جومگەکانی هەردوو زۆنەکەیان کردووە. ئەم دوانە بڕیاردەری کۆتایین لەسەر هەموو شتێک؛ لەم هاوکێشەیەدا حکومەت تەنها دەزگایەکی کارتۆنییە و کارگێڕییەکەی، ئیدارەیەکی حزبیی پەتییە.
کاتێک دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە شوێنێکی تر بێت، پێکهێنانی حکومەتی نوێ و کاراکردنەوەی پەرلەمان چ سوودێکی هەیە؟
بێباکی دەسەڵات و پاشەکشەی ئۆپۆزسیۆن: ئەو حیزبانەی لە دەرەوەی بازنەی ئەم دوو بنەماڵەیەن و خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن، نەبوونی ئەجێندایەکی ڕوون و کرداری، پەکگیری کردوون. کار و چالاکییەکانی ئەوان تەنها لە چوارچێوەی میدیا و سۆشیاڵ میدیادا قەتیس ماوە و دەرەنجامی کارەکانیان لە دەرکردنی ڕوونکردنەوەی بێکاریگەر زیاتر نییە. ئەم لاوازییە وایکردووە کە پارتی و یەکێتی نەک هەر گرنگی بە بوونیان نەدەن، بەڵکو بوون و نەبوونیان بەلایانەوە هیچ مەبەست و گرنگ نەبێت.
داخرانی ئاسۆکانی گۆڕانکاری: کاتێک هێزە فەرمییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت دەخرێنە پەراوێزەوە و هێزە ڕکابەرەکانیش (ئۆپۆزسیۆن) لە چوارچێوەی قسەی میدیاییدا دەمێننەوە، ململانێی ڕاستەقینە تەنها لە نێوان بەرژەوەندییەکانی دوو زۆن و دوو ئیدارەکەدا کورت دەبێتەوە.
هێنانەدی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ژیانی خەڵکدا، بە دابەشکردنەوەی پۆستەکان لە پەرلەمانێکی بێدەسەڵات یان حکومەتێکی کارتۆنیدا بەدی نایەت. تا کاتێک پایەکانی "کۆنتڕۆڵی حزبیی دوو زۆنی، پاشکۆیەتی دەرەکی، و بێباکی بەرامبەر دەنگی ناڕازی" تێکنەشکێنرێن، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاساداناندا تەنها جوانکردنی ڕوکاری واقیعێکی تاڵە، و دۆخی گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپتربوون دەبات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی