خوێنەری ئازیز، ئەم وتارە کۆتایی بازنەی یەکەمی ئەم زنجیرەیە. لە چوار وتاری پێشوودا هەوڵمان دا پرسیارێکی سادە زیندوو بکەینەوە: کاتێک وشە جێگەی بەڵگە دەگرێتەوە [١]، کاتێک دەق بەجێی ڕوونکردنەوە هەڵوێست دروست دەکات [٢]، کاتێک زمان بیرکردنەوە لاواز دەکات [٣]، یان کاتێک ناوی «خەڵک» بەبێ ڕوونکردنەوە بەکاردەهێنرێت [٤]. لەم وتارەدا هەمان ڕێگا دەگوازینەوە بۆ دنیای دامەزراوە: کاتێک بڕیار بە ناوی «ڕێکار»ەوە دەدرێت، کێ بەرپرسیارە؟
خوێنەری ئازیز، وێنای ئەم دیمەنە بکە: لە بەردەم پەنجەرەی فەرمانگەیەکدا وەستاویت. بەڵگەکانت پێیە و داوای مافێک دەکەیت. کارمەندەکە سەیری شاشەکەی دەکات و بە دەنگێکی سارد دەڵێت: "بەداخەوە، ڕێکارەکان ڕێگەم نادەن." یان "بەپێی ڕێنماییەکان، ناتوانین".
لەسەرەتادا ئەمە ئاسایی دەردەکەوێت. فەرمانگە پێویستی بە ڕێکار و یاسایە بۆ ئەوەی کارەکانی بەپێی خواست و میزاجی کەسەکان نەگۆڕێت. ئەمە بەشێکە لە پاراستنی دادپەروەری. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: کاتێک دەوترێت "ڕێکار ڕێگە نادات"، ئایا ڕوون دەکرێتەوە کێ ئەم ڕێکارەی داناوە، بۆچی هەیە، و چۆن جێبەجێ دەکرێت؟
بێگومان ڕێکار پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە نایەکسانی. ڕێکاری ڕوون ماف دەپارێزێت. کێشەکە کاتێکە کە "ڕێکار" جێگەی ڕوونکردنەوە، بەڵگە و بەرپرسیارێتی دەگرێتەوە. ئەگەر فەرمانگە تەنها بڵێت "ڕێکار وا دەخوازێت"، بێ ئەوەی هۆکار و کەسی بەرپرسیار دیاری بکات، ئەوا وشەی "ڕێکار" دەبێتە دیوار.
لێرەدا هاووڵاتی تەنها وەڵامی "نەخێر" وەرناگرێت، بەڵکو هەست دەکات گوێی لێ ناگیرێت. دەزانێت بڕیارێک هەیە، بەڵام نازانێت کێ داویەتی و چۆن لێی بپرسێتەوە. لە ئەنجامدا، مرۆڤی بەرپرسیار لەناو سیستەمەکەدا ون دەبێت.
جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان یاسایەکی بەرپرسیار کە هۆکار و بنەمای بڕیارەکەت پێ دەڵێت و ڕێگای ناڕەزایەتیت بۆ دەکاتەوە، لەگەڵ ڕێکارێکی سارد کە تەنها دەڵێت: "ناتوانرێت" و دەرگات لێ دادەخات.
کاتێک کارمەندێک دەڵێت "لەدەسەڵاتی مندا نییە"، نابێت ڕاستەوخۆ ئەو تۆمەتبار بکەین، چونکە ڕەنگە خۆیشی دیلی سیستەمێکی سەخت بێت و مافی گۆڕینی بڕیارەکەی نەبێت. بەڵام ئەمە بەرپرسیارێتی ون ناکات، تەنها پرسیارەکە دەگۆڕێت: ئەگەر ئەو ناتوانێت، کێ دەتوانێت؟ ئەگەر پەنجەرەکە وەڵام نادات، کام بەش بەرپرسیارە؟ ئەگەر ڕێکارەکە زیانبەخشە، کێ دەبێت بیگۆڕێت؟
لێرەدا زمان کردار دەکات. "ڕێکارەکان ڕێگە نادەن" تەنها زانیاری نییە، بەڵکو گفتوگۆ دادەخات و بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی شتێکی بێڕووخسار بە ناوی "سیستەم". بەڵام سیستەم بەبێ مرۆڤ دروست نابێت.
بۆیە خوێنەری ژیر، کاتێک وشەی "ڕێکار" دەبیستێت، بێدەنگ نابێت. دەپرسێت: ئەم ڕێکارە چییە؟ کێ دایناوە و بۆچی؟ بۆ خزمەتی مرۆڤە یان بۆ ئاسانکاریی دامەزراوە؟ ئەم پرسیارانە دژی یاسا نین، بەڵکو ڕێزگرتنن لێی، چونکە یاسای خزمەتگوزار لە پرسیار ناترسێت و بە ڕوونکردنەوە متمانەپێکراوتر دەبێت.
مرۆڤ نابێت لەناو وشەی "ڕێکار"دا ون ببێت. پشت هەر داواکارییەک، مرۆڤێک هەیە کە پێویستی بە هاوکارییە نەک بێدەنگکردن. دامەزراوەی بەرپرسیار تەنها پێڕەو جێبەجێ ناکات، بەڵکو دەڵێت: بڕیارەکە کێ داویەتی، لەسەر چ بنەمایەک، و چ کاریگەرییەکی هەیە.
لە کۆتاییدا، هەرکاتێک لەبری ڕوونکردنەوە، وشەی "ڕێکار"ت پێ فرۆشرا، هەناسەیەک بدە و بپرسە:
ئەم ڕێکارە، بەرپرسیارێتی لە کێ دەسەنێتەوە و دەیخاتە ئەستۆی کێ؟
هۆڵەندا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی