عەلی زەیدی ڕایدەگەیەنێت، هەرکەسێک گەندەڵی لە سامانی گشتی کردبێت یان تێوەگلابێت لە دۆسیەی گەندەڵیدا، ئەگەر پارە دزراوەکە بگەڕێنێتەوە، لە لێپێچینەوە بەخشراوە، تەنانەت ناویشی ئاشکرا ناکرێت.
ئەم بڕیارە جگە لەوەی کە لەگەڵ یاسادا یەک ناگرێتەوە، دەرگا بۆ گەندەڵی گەورەتر دەکاتەوە و پەناگەیەك دەدات بە گەندەڵەکان لە لێپرسینەوە. ئەمەش پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: کێ بڕی پارەی دزراو دیاری دەکات؟ کێ بڕیار دەدات کە دەبێت چەند بگەڕێنرێتەوە؟ جگە لەوەش ئایا گەندەڵی و دزی لە خۆیاندا تاوان نین؟ چ یاسایەک لە دونیادا هاتووە کە دزێك ئەوەی دزیوویەتی بگەڕێنێتەوە، لە لێپرسینەوە و سزا بەخشراوە؟
بڕیارێکی لەو شێوەیە بە ڕوو بەڕوو بونەوەی گەندەڵی دانانرێت؛ بەڵکو بەردەوامی دەدات بە گەندەڵی و پەیامێکی هەڵەیە بۆ گەندەڵکاران کە لە ناوەڕۆکیدا ئەمە دەخوێنرێتەوە: دەست بەسەر سامانی گشتیدا بگرن، ئەگەر ئاشکرا بوویت، بەشێکی لێ بگەڕێنەرەوە و لە سزا ڕزگارت دەبێت؛ تەنانەت ناوەکانتان ئاشکرا ناکرێت. ئەگەر ئاشکراش نەبویت، هەموو ئەو شتانەی بەدەستت هێناوە بۆ خۆت. ئەمە مەترسیدارترین پەیامە بۆ گەندەڵکارانی داهاتوو.
کەمپەینی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی پلە دوو کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ڕای گشتی عێراقەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە پێشوازی لێکرا و جێگای دەستخۆشیە و ئاماژەیەکی ئیجابیە بۆ قۆناغی داهاتوو و هاوڵاتییان هیوادارن کە هەڵمەتەکە بەردەوامی هەبێ بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لە ئاستە بەرزەکاندان و تێوەگلاون لە دۆسیەی گەندەڵی، هەروەها هەموویان بدرێنە دادگا و بەپێی یاسا سزای شایستەیان وەربگرن.
بەڵام پێدانی لێبوردن بەو کەسانەی کە سامانی گشتی گەندەڵکراو دەگەڕێننەوە هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا. بەڵێ، ڕەنگە بڕیارەکە یارمەتیدەر بێت بۆ وەرگرتنەوەی بڕێک پارەی گشتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت، بەڵام ئەمە شەڕێکی ڕاستەقینەی دژی گەندەڵی پێکناهێنێت.
بەڵکو ئامرازێک بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوە. ئاسانە بانگەشەی ئەوە بکرێت کە ئەم یان ئەو بەرپرسە پارەکەی گەڕاندووەتەوە و لە ژێر لێبوردنەکەدا ناویان ئاشکرا نابێت و بەم شێوەیە دۆسیەکە دوور لە لێکۆڵینەوەی گشتی و لێپرسینەوەی یاسایی دادەخرێت.
ئەگەر گەندەڵەکان بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟ بۆچی هەموو ئەوانەی لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکراون ئازاد نەکرێن و تەنها داوایان لێبکرێت پارەکە بگەڕێننەوە؟ لە کاتێکدا ئەم بیرکردنەوەیە زۆر مەترسیدارە، چونکە ئەگەر سزاکە تەنها لە گەڕانەوەی پارەکاندا سنووردار بێت، گەندەڵی وەك تاوان نامێنێتەوە، چونکە ئەگەر گەندەڵکارەکە ئاشکرا بوو، دەبێت پارەکە بگەڕێنێتەوە؛ ئەگەر ئاشکرا نەبوو بردویەتی بۆ خۆی.
بەرپرسێك سەدان ملیۆن دۆلاری لە سامانی گشتی بردبێت بۆ خۆی، تەنها بە گێڕانەوەی پارەکان لە سزا ڕزگاری بێت؟ ئایا ئەمە دروستە؟ لە کاتێکدا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی واتە وەرگرتنەوەی پارە دزراوەکان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی و لێپرسینەوە بەپێی یاسا و سەپاندنی سزا بەسەریدا، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو تاوانانە لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە. تەنها وەرگرتنەوەی پارە بەبێ لێپرسینەوە، دادپەروەری بەدەست ناهێنێت و ڕێگری گەندەڵیش ناکات.
بۆیە ڕێگا دروستەکە ئەوەیە کە گەندەڵکاران ناچاربکرێن سەرجەم ئەو پارانەی کە بە گەندەڵی بردویانە بیگەڕێننەوە و بخرێنە ژێر لێپرسینەوەی یاسایی و سەپاندنی ئەو سزایەی کە شایەنیانە، بەبێ گوێدانە ئەوەی چ مەزهەب و چ قەومێك و چ حیزبێکە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی