سێ پرسیار لەپەراوێزی کەیسی عەبدوللەتیف سەلەفیستدا!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نیاز سەعید عەلی

ڕۆژی 1ى 7ى 2026 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ بە واژۆی جەنابی وەزیرو بە نووسراوی ژمارە (1370)، فەرمانی وەزارەتی لەسەر کەیسی بەڕێز دکتۆر عەبدوللەتیف سەلەفیستی مامۆستا، لە کۆلیژی زانستە ئیسلامیەکان لە زانکۆی سلێمانی بڵاوکردەوە؛ کە بریتیبوو لە دوورخستنەوەی ناوبراو، لە پیشەی مامۆستایی لەو کۆلیژە، ئەویش دوای پەسەندکردنی ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی، کە بە بەشداریی نوێنەری داواکاریی گشتیی دادگای سلێمانی ئەنجامدرابوو، لەسەر کەیسی ناوبراو .

کەیسەکە پەیوەست بوو بە لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستیی، ئەو نامەو تۆمارە دەنگیانەی، لە نێوان ناوبراو و چەند خوێندکارێکی ڕەگەزی مێی ئەو کۆلیژەدا تۆمار و ئاڵوگۆڕ کرابوو . 

ئەم کەیسە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، بووە بابەتێکی ترێندی وروژاوی فراوان؛ لە ناو ناوەندەکانی میدیا و سۆشیال میدیا لە کوردستان و تەنانەت لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەش .

هاوکات کەیسەکە لە چەندین دید و ڕەهەندەوە، لێکدانەوە و شیکردنەوەی بۆکراو کاردانەوە و پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە خوارەوە هەڵوێستەکردن لەسەر سێ پرسیار بە پێویست ئەزانم : 

1ـ ئایا ڕەوایە، تاکی موسوڵمان بۆ سەلماندنی موسوڵمانێتیی پاک و ڕاستەقینەی خۆی، تەنها پابەندبوون بە فەریزەکانی ئیسلام و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە ئایینیەکان و گرنگیدان بە ڕووکەش و ڕوواڵەتە ئیسلامیەکان؛ لە بواری ناوی کەسی و جلوبەرگ و دەموچاو و گوفتارەکانی و ...هتد؛ بکاتە سەنگ و پێوەر بۆ پیشاندانی ئینتیمای ڕاستەقینەی خۆی بۆ ئیسلام ؟

یان پێویستە هاوتەریب و هاوکات؛ لەگەڵ ئەو پابەندبوون و بەشداریکردن و گرنگیپێدانانە، بە کردار و بە ڕەفتار، بە ناخ و بە ویژدان، بە هەڵوێست و بە مامەڵە و بەریەککەوتنەکانیشی لەگەڵ دەوروبەر؛ بتوانێت پرانسیپ و بەها مرۆیی و جوانەکانی ناو بیروباوەڕە ئایینیەکەی؛ بکاتە کانگا و ڕوانگە و سەرچاوەی ئیلهام، بۆ جموجۆڵ و ڕەفتارەکانی لە ناو کۆمەڵگا، چ لە کاتی مامەڵە و بەریەککەوتن لەگەڵ ئەوانی تر، چ لە کاتی هەوڵدان بۆ هێنانەدی حەز و ویست و خواستە دەروونی و تایبەتیەکانی خۆی ؟

یان بە دەربڕینێکی تر؛ ئایا ئیسلام چ جۆرە مرۆڤێکی پابەند بە ئایینەکەی ئەوێت؛ مرۆڤێک تەنها بە ڕووکەش و بە هێما، تەنها بە بەکارهێنانی دەمامک؛ خۆی بە موسوڵمانێکی ڕاستەقینە و بێگەرد و ڕەسەن نمایش بکات و لە سایەیدا؛ کار بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی بکات و ئیسلام بکاتە هۆکار و ئامراز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی؟، یان مرۆڤێک ئەبێت پابەند بێت بەو پرانسیپانەی کە خزمەتی بەها مرۆییەکانی ناو ئایینەکە ئەکات ؟!

ئەمە لە کاتێکدا ئایینی ئیسلامیش؛ وەکو هەموو ئایین و ڕێبازە ئایدیۆلۆژییەکانی تر، ئەتوانین بڵێین لەسەر بنەمای ڕاڤەکردن و لێدەرهێنان؛ لەڕووی پرانسیپەوە ناواخنکراوە بە چەندین دەرەنجام و پێدراو، لەڕووی بەهای مرۆیی و پاراستنی شکۆمەندیی مرۆڤەکان.

2ـ لەدوای ساغبوونەوەی ڕاستیی ئەو تۆمارە دەنگی و نامانە، ئەبێت خوێندنەوە و تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن، بۆ دیاریکردنی ئاستی بڕوای ئایینیی ئەو کەسایەتیە چۆن بێت و بە چ میکانیزمەیەک دیاری بکرێت ؟، ئەمە لەکاتێکدا ناوبراو هەڵگری بڕوانامەی ئەکادیمیی باڵا و پسپۆڕ و مامۆستایە؛ لە بواری شەریعەت و فیقهی ئیسلامی .

جێی ئاماژەیە بەڕێزی بەردەوام؛  لە وتار و وانە و چاوپێکەوتن و نووسینەکانیدا، لەچوارچێوەی چەمکی (بانگەواز و ئامۆژگاری)دا، بە توندی و بە ڕەهایی؛ پێداگری و جەختی لەسەر قەدەغەکردن و بەحەرامکردنی تێکەڵاویی ڕەگەزی نێر و مێ کردوە .

لەمڕووەوە ناوبراو نەبەزاندنی هێڵی سووری، لە پەیوەندی و مامەڵە لەگەڵ ڕەگەزی مێی دەرەوەی خێزان، بە تاوان و کردەوەیەکی ناکۆک؛ لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام لەقەڵەمداوە .

جێی پرسیارە؛ بەڕێزی کە پسپۆڕە لە شەریعەت و فیقهی ئیسلامیدا و خۆی بە خاوەن و ڕێبەری ڕێبازی ڕاست و پاکی ئیسلام ئەزانێت؛ بۆچی خۆی ناتوانێت پابەند بێت بە بنەمایەکی گرنگی شەریعەت و فیقهی ئیسلامی و بە پێچەوانەوە ڕەفتار ئەکات ؟ ، ئەی ئەگەر پسپۆڕی شەریعەت و فیقهی ئیسلامی نەبووایە؛ ئەوسا چۆن ڕەفتاری ئەکرد ؟! 

لێرەدا کێشەی دژبەیەکبوون، لە نێوان بڕوای ئایینی و باری سایکۆلۆژی و ڕەفتاری ناوبراودا زەقبووەتەوە و پێویستی بە شیکردنەوە و لێتێگەیشتن هەیە !

3ـ لەسەر چ بنەمایەک و بۆ چ ئامانجێکی زانستی و ئەکادیمی و تەنانەت بۆ چ ئامانجێکی  ئیسلامیش، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ کۆلیژی زانستە ئیسلامیەکانی لە زانکۆی سلێمانی، سپاردۆتە دوو فیگەری جووتە برای ڕەوتی سەلەفیزم لە کوردستان؛ ئەوانیش جەنابی دکتۆر عەبدوللەتیفی مامۆستا و ڕاگری کۆلیژەکە ؟

شایەنی باسە ئەم جووتە برایە، پێکەوە و بە بەشداری چەند مامۆستایەکی تر؛ توانیویانە نەخش و کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزم، ببەنە ناو پرۆگرام و میتۆدی خوێندن لەو کۆلیژە، ئەمە لەکاتێکدا سەلەفیزم یەکێکە لە هەرە ئیجتیهادە داخراو و خۆسەپێنەر و کۆنخواز و توند و دەمارگیرەکان، لە ناو دەیان ئیجتیهادی ناو ئایینی ئیسلامدا و دوورە لە کۆدەنگیی گشتیی موسوڵمانان، بەپێچەوانەوە بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین ناکۆکی و ململانێ و لێکترازان، لە ناو کۆمەڵگە موسوڵمانەکان، تەنانەت نەیتوانیوە لە ناو خودی ڕەوتی سەلەفیزمیشدا؛ کۆدەنگی و تەبایی و یەکڕیزیی بچەسپێنێت ! 

جێی ئاماژەیە بە پراکتیک و بە ئەزموون دەرکەوت؛ ئەدەبیاتی سەلەفیزم لە جیهانی ئیسلامیدا، بووەتە خوێندنگەی بنەڕەتیی و فاکتەری پاڵنەر و زەمینەخۆشکەر، بۆ بەئاسان وەرچەرخانی هەزاران گەنجی پەروەردەکراو بە سەلەفیزم و پەروەردەی ئیسلامی؛ بەرەو ڕەوتی سەلەفیزمی جیهادی و کردەوەی تیرۆر، بەتایبەتی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا؛ سەلەفیزمی جیهادی بووە هۆی دروستبوونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی قاعیدە و داعش و دەیان گرووپی تیرۆرکاری تر، ئەوە بوو توانیان جیهان و جیهانی ئیسلامی، نائارام و ناسەقامگیر و نائاسایش بکەن و چەندین شەڕی گەورە و کارەساتی تراژیدیی فراوانی خوێنڕژان دروستبکەن .

لەکۆتایدا پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ ئەو ڕاستیە لەبەر چاوبگرن، کە کانگا و زادگەی ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزم و بەسیستەمبوونی ئەو ئایدیۆلۆژیایە لە سەدەی هەژدەوە؛ بریتیە لە سعودیە، یەکێک لە ئامرازە گرنگ و کاریگەرەکانی بڵاوبوونەوەشی بە جیهانی ئیسلامیدا، بەتایبەتی بریتیە لە چەندین زانکۆ و کۆلیژی ئیسلامیی خاوەن پرۆگرام و میتۆدی سەلەفیزم لە سعودیە و یەمەن، لە ناویاندا زانکۆی ئیسلامی لە مەدینەی منەوەرە و لقەکانی لە دەرەوەی سعودیە؛ ئەویش لەڕێگەی خوێندکارە نێردراو و وەرگیراوە دەرچووەکانی وڵاتانی تر، لێرەوە پێویستە درک بە کاریگەریی پرۆگرام و میتۆدی سەلەفیزم، لەسەر دەرچووانی کۆلیژی زانستە ئیسلامیەکان بکرێت، بۆ قۆناغی دوای تەواوکردنی زانکۆ !

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی