کاتێک سەرکردایەتی دەبێتە گاڵتەجاڕی! هەرێم لە مەترسیدایە؛ سەرکردەکانیش خەریکی شەڕە جنێون

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د.سەروەر عەبدولڕەحمان

هەندێک جار مرۆڤ گوێ لە قسە و گفتوگۆی هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان دەگرێت و ناچار دەبێت لە خۆی بپرسێت: ئایا ئەمانە بەڕاستی ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت چارەنووسی گەلێک بەڕێوە بەرن؟ ئایا ئەمانە ڕابەر و نوێنەری حیزب و دامەزراوە سیاسییەکانن، یان کەسانێکن کە بە زمانی زبر، گاڵتە، توانج و سووکایەتی وەڵامی یەکتر دەدەنەوە؟ ناکۆکیی سیاسی شتێکی سروشتییە.

هیچ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بەبێ جیاوازیی ڕا و ململا‌نێی سیاسی پێش ناکەوێت. بەڵام جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ململا‌نێی بیرۆکەکان و ململا‌نێی جنێو و سووکایەتیکردندا هەیە. یەکەمیان نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە و دووەمیشیان نیشانەی هەژاریی فکری و دابەزینی ئاستی ئەخلاقییە. کاتێک سەرکردەیەکی سیاسی، لەبری بەڵگە، بەرنامە و بیرۆکە، پەنا بۆ گوتاری ئاست‌نزم، گاڵتەجاڕی و سووککردنی بەرامبەر دەبات، تەنها بەرامبەرەکەی سووک ناکات، بەڵکو پێگەی خۆی، حیزبەکەی و هەموو مەیدانی سیاسی دادەبەزێنێت. سیاسەت بازاڕی هاوار و بەدەمەوەچوون نییە. سیاسەت بەرپرسیارێتییە، بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر گەل، یاسا، دامەزراوەکان و داهاتووی وڵاتدا. ئەو کەسەی ناتوانێت وشە و تووڕەیی خۆی کۆنترۆڵ بکات، چۆن دەتوانێت بانگەشەی بەڕێوەبردنی وڵات و حکومەت بکات؟ لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداردایە.

هەڕەشە ئەمنییەکان، قەیرانی ئابووری، کێشەی مووچە و نەوت، ناکۆکی لەگەڵ بەغدا و لاوازیی دامەزراوەکان، هەموویان پێویستییان بە یەکڕیزی، دانایی و بڕیاری نیشتمانی هەیە. لە وەها دۆخێکدا، چاوەڕوان دەکرا سەرکردەکان کۆببنەوە و بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پاراستنی هەرێم دابنێن. بەڵام هەندێکیان، لەبری چارەسەر، خەریکی گوتاری ڕقئامێز، شەڕی وشە، جنێو و سووککردنی یەکترن. کاتێک ماڵەکە لە مەترسیدایە، خاوەن‌ماڵی عاقڵ ئاگری ماڵەکە دەکوژێنێتەوە، ناکەوێتە ململا‌نێی ئەوەی کێ توندتر هاوار بکات. تێناگەم ئەم زمانی گفتوگۆیە لە کام مەدرەسەی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ نموونەی کام سەرکردەی مێژووییە؟ کێ پێی گوتوون کە جنێو بەڵگەی هێزە و سووککردنی بەرامبەر نیشانەی سەرکردایەتییە؟ لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، حیزب و کاندیدەکان سەدان بەڵێنیان بە خەڵک دا، بەڵێنی چاکسازی، یاسادانان، چاودێریی حکومەت، چارەسەریی مووچە و باشترکردنی خزمەتگوزاری. خەڵکیش بە هیوای گۆڕان دەنگی پێدان. بەڵام نزیکەی ساڵێک و نۆ مانگ دوای هەڵبژاردن، نەک تەنها بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون، بەڵکو خودی پەرلەمانیشیان پەک خستووە، ئەو دامەزراوەی دەبوو لە ڕێگەی ئەوەوە بەڵێنەکان بکرێن بە یاسا و بڕیار. هاوڵاتی لەبری ئەوەی هەواڵی یاسای نوێ، چارەسەری مووچە و کاراکردنەوەی دامەزراوەکان ببیستێت، ڕۆژانە گوێبیستی جنێو، تۆمەت، توانج و لاف‌لێدانی سەرکردەیەکە بەرامبەر سەرکردەیەکی تر. ئەوانە نەک هەر پەرلەمانیان پەک خستووە، بەڵکو بە نزمیی ئاستی گوتارەکانیان، دەروونی ئەم میللەتەشیان ماندوو و هیلاک کردووە.

ئەمە تەنها شکستێکی سیاسی نییە، بەڵکو شکستێکی ئەخلاقی و دەروونییشە. مێژوو تەنها ڕووداوەکان تۆمار ناکات، حوکمیش لەسەر سەرکردەکان دەدات. لە مێژوودا هەندێک ناو بە کەرامەت و داناییەوە دەمێننەوە، هەندێکی تریشیان بە خوێن، ڕق و وێرانکارییەوە دەخرێنە زبڵدانی مێژووەوە. نێلسۆن ماندێلا (٢٧) ساڵ لە زینداندا بوو. ستەمێکی گەورەی لێکرا، بەڵام دوای ئازادبوونی زمانی تۆڵەسەندنەوەی نەکردە بنەمای سەرکردایەتیی خۆی. ئەگەر ماندێلا بانگەوازی تۆڵەی بکردایە، ئەفریقای باشوور دەکرا بکەوێتە شەڕێکی خوێناویەوە. بەڵام ئەو زمانی ئاشتەوایی، یەکێتی و داهاتووی هاوبەشی هەڵبژارد. ماندێلا بە جیهانی نیشان دا کە سەرکردەی بەهێز ئەوە نییە بتوانێت دوژمنەکەی سووک بکات، بەڵکو ئەوەیە بتوانێت برینەکانی نەتەوەکەی ساڕێژ بکاتەوە، بەبێ ئەوەی پاشەکشە لە ماف و کەرامەتی گەلەکەی بکات. ئەبراهام لینکۆلنیش، لە کۆتایی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا، بانگەوازی تۆڵەسەندنەوەی بەرامبەر دۆڕاوەکان نەکرد. ئەو دەیزانی بردنەوەی شەڕ بەس نییە، سەرکردایەتیی ڕاستەقینە لە پێکەوەنانەوەی برینەکانی نەتەوەدا دەردەکەوێت. لە مێژووی سیاسیی کوردیشدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ناو زیندانەوە، هەوڵیدا ململا‌نێی چەکداری بگوازێتەوە بۆ مەیدانی سیاسەت و گفتوگۆ. لە ساڵی ٢٠١٣ بانگەوازی قۆناغێکی نوێی سیاسی راگەیاند و لە ساڵی ٢٠٢٥یش داوای دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتیی کرد.

لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانی نێوان ماندێلا، لینکۆلن و ئۆجەلان، خاڵێکی هاوبەش هەیە: هەموویان تێگەیشتن کە لە ساتی قەیراندا، ئەرکی سەرکردە زیادکردنی ڕق نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای ڕێگەیەک بۆ چارەسەر و داهاتوویەکی ئارام و کەم‌خوێنتر. لە بەرامبەر ئەمانەدا، هیتلەر و میلۆشەڤیچ نموونەی سەرکردەگەلێکن کە ڕق، دوژمن‌سازی و هەڵچووناندنی جەماوەریان کردە ئامرازی دەسەڵات. هیتلەر بە گوتاری ڕق دەستی پێکرد و بە شەڕ، جینۆساید و وێرانبوونی وڵاتەکەی کۆتایی هات. میلۆسۆڤیچیش بە گوتاری ناسیۆنالیستی و ترساندنی پێکهاتەکان لە یەکتر، بەشدار بوو لە دابەشبوون، شەڕ و پاکتاوی ڕەگەزی لە یوگسلاڤیای پێشوودا. ماندێلا برینەکانی نەتەوەکەی ساڕێژ کردەوە و ناوی بە درەوشاوەیی مایەوە، هیتلەر وڵات و جیهانی خستە ناو خوێن و ناوی بوو بە هێمای شەرمەزاری. یەکێکیان لە مێژوودا دەدرەوشێتەوە، ئەوی تر لە زبڵدانی مێژوودا دەمێنێتەوە. کێشە تەنها بەکارهێنانی وشەیەکی ناشایستە نییە. ئەم جۆرە زمانە هێواش‌هێواش سووکایەتی دەکاتە کولتوورێکی سیاسی. کاتێک سەرکردەکان جنێو دەدەن، لایەنگرەکانیشیان جنێو دەدەن. کاتێک ڕابەران سنووری ڕێز و ئەخلاق دادەبەزێنن، کۆمەڵگەش بەرەو ڕق و دابەشبوون دەبەن. ئێمە لە هەرێمێکی بچووکدا دەژین، هەمووان یەکتر دەناسن و بەرژەوەندیی سیاسی زۆرجار سەرکردەکان ناچار دەکات دوای ماوەیەک لەگەڵ هەمان ئەو کەسانە دابنیشنەوە کە ڕۆژێک توندترین هێرشیان کردۆتە سەریان. بۆیە هەر بۆ پاراستنی ڕوو و پێگەی خۆشیان بێت، دەبێت سنوورێک بۆ زمانی خۆیان دابنێن، ئاگاداری حەوشەی دەمیان بن و هەموو وشەیەکی ڕقئامێز، ناشیاو و سووککەر بەڕووی یەکتردا هەڵنەڕێژن. لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ڕابردوودا، هەندێک لەو سەرکردانە هیچ سنوورێکیان لە سووکایەتی، جنێو و تۆمەتبەخشینەوە بە یەکتر نەهێشتەوە. هەر یەکەیان بەرامبەرەکەی بە مەترسییەک بۆ هەرێم پیشان دەدا و جەماوەری خۆی لە دژی ئەوی تر هەڵدەچواند. کەچی ئەمڕۆ هەمان کەسان هاوپەیمانێتییان بەستووە! لە سەر یەک مێز دانیشتوون و دەستلەملانی یەکترن! پرسیار ئەوەیە: بە چ چاو و ڕووێکەوە؟ ئەگەر ئەو تۆمەت و قسانە ڕاست بوون، ئەم هاوپەیمانێتییە چۆن پاساو دەدرێتەوە؟ ئەگەر درۆ بوون، بۆچی هەست و سۆزی جەماوەر بۆ دەنگ و کورسیی زیاتر بەکارهێنرا؟ لە هەردوو حاڵەتدا، ئەوەی زیانی پێگەیشتووە متمانەی خەڵک و پاکیی گوتاری سیاسییە.

سەرکردە دەتوانێت ڕکابەری سیاسیی هەبێت، بەڵام نابێت پردەکانی نێوان خۆی و ڕکابەرەکەی بڕوخێنێت، چونکە ڕۆژێک دێت بەرژەوەندیی گشتی پێویستی بە دانیشتن و گفتوگۆ دەکات. ئەوکاتە وشە سووک و تۆمەتەکانی دوێنێ، نەک تەنها پێگەی خۆیان، بەڵکو هەست و متمانەی جەماوەرەکانیانیش بریندار دەکات. لە سیاسەتدا دەرگا دەبێت هەمیشە بۆ گفتوگۆ بەکراوەیی بهێلرێتەوە، بەڵام ئەو دەرگایە بە جنێو، سووکایەتی و ڕقپەرستی دادەخرێت. ئازادیی ڕادەربڕین واتای ئازادیی سووکایەتیکردن نییە. ڕەخنەگرتن واتای شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ نییە. توندبوون لە هەڵوێستدا واتای زبربوون لە زماندا نییە. سەرکردەی بەهێز ئەوە نییە کە توندتر هاوار و نەڕەنەڕ بکات، یان باشتر جنێو بدات. سەرکردەی بەهێز ئەوەیە کە لە کاتی تووڕەییدا خۆی کۆنترۆڵ بکات، لە کاتی ناکۆکیدا سنووری ڕێز بپارێزێت و بە بەرنامە و بەڵگە وەڵام بداتەوە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرکردایەتییەک هەیە کە زمانی هیوای هەبێت، نەک زمانی ڕق، زمانی چارەسەری هەبێت، نەک زمانی تۆڵە، زمانی بەرنامەی هەبێت، نەک زمانی لاف‌لێدان. لێرەدا پرسیارەکە هەر ئەوەیە: ئەرێ، ئەوانە شەرم ناکەن لەو گەلەی بە هیوای چارەسەر دەنگی پێداون، بەڵام ئەوان لەبری چارەسەر، جنێو و ناکۆکیی کەسیی پێشکەش دەکەن؟ شەرم ناکەن لەو دەنگدەرانەی سەدان بەڵێنیان پێ درا، بەڵام نەک بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون، بەڵکو پەرلەمانیش پەک خراوە؟ شەرم ناکەن کە هەرێمەکەمان لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیدایە، بەڵام ئەوان لەبری یەکخستنی هێز و دانانی بەرنامەی نیشتمانی، خەریکی شەڕی جنێو و دابەزاندنی ئاستی یەکترن؟ ماندێلا، دوای ٢٧ ساڵ زیندان، توانای ئەوەی هەبوو زمانی تۆڵە بگۆڕێت بە زمانی ئاشتەوایی. ئۆجەلان، لە ناو زیندانەوە، بانگەوازی گواستنەوەی ململا‌نێی بۆ مەیدانی سیاسەت و گفتوگۆ کرد. بەڵام هەندێک لە سەرکردەکانی ئێمە، لە ژووری ئارام و لەبەردەم کامێرا، ناتوانن تەنانەت وشە و تووڕەیی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن.

مێژوو بۆ هەمووان یەک دادوەرە. سەرکردەیەک کە برینەکانی گەلەکەی ساڕێژ دەکاتەوە، ناوی بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە، ئەوەی بە زمانی ڕق و سووکایەتی برینەکان قووڵتر دەکات، هەرچەندە ئەمڕۆ دەسەڵات و میدیاشی هەبێت، سبەی ناوی لە زبڵدانی مێژوودا دەبێت. سیاسەت بە جنێو گەورە نابێت و سەرکردە بە سووککردنی خەڵکی تر بەرز نابێتەوە. ئەو کەسەی بەرامبەرەکەی سووک دەکات، لە ڕاستیدا ئاستی خۆی نیشان دەدات. بۆیە پێش ئەوەی جارێکی تر بەرەو کامێرا و مایکرۆفۆنەکان بچن، با لە خۆیان بپرسن: ئایا ئەم زمانە شایستەی سەرکردەی سیاسییە، یان بەڵگەیەکە لەسەر دابەزینی ئاستی سیاسییان؟ ئایا دەیانەوێت ناویان بە کەرامەتەوە بمێنێتەوە، یان بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی