خوێنەری ئازیز، وێنای ئەوە بکە کە لە گفتوگۆیەکدا
کەسێک بە توندی دەڵێت: "ئەم بڕیارە هەڵەیە." ئەم ڕستەیە لە یەکەم نیگادا
ئاسانە. گوێگر دەزانێت چی وتراوە. بەڵام زۆرجار، ئەوەی گرنگە تەنها ئەوە نییە کە
چی وتراوە؛ ئەوەشە کە بۆچی وتراوە.
ئایا مەبەست بریتییە لە ڕەخنە؟ یان داواکردنی گۆڕان؟
یان هاندانی خەڵک بۆ دژایەتی؟ یان تەنها دەربڕینی ناڕەزایی؟ هەمان ڕستە دەتوانێت
لە دۆخی جیاوازدا مانای جیاواز هەبێت. بۆ نموونە، کاتێك کە مامۆستایەک بە
قوتابییەک بڵێت: "باشترە جارێکی تر سەیری بکەیت." ئەمە ڕەنگە ئامۆژگاری
بێت. بەڵام ئەگەر هەمان ڕستە لە لایەن سەرپەرشتیارێکەوە بە کارمەندێک بگوترێت،
ڕەنگە وەک فەرمان لێی تێبگات. وشەکان نەگۆڕاون، بەڵام کاریان گۆڕاوە.
یان لە میدیا دەخوێنینەوە: "خەڵک ئەم بڕیارە
قبووڵ ناکەن." ئایا ئەمە تەنها گواستنەوەی زانیارییە؟ یان فشارێکی دەروونییە
بۆ سەر خوێنەر، بۆ ئەوەی هەست بکات ئەگەر پرسیار لەسەر بابەتەکە بکات، ئەوا لە
'دەرەوەی خەڵک' دەمێنێتەوە و گۆشەگیر دەبێت؟
کاتێک لە دەقێکدا دەوترێت: "دەبێت"،
"پێویستە"، یان "نابێت"، ئایا تەنها بیرۆکەیەک دەردەبڕدرێت؟
یان هەوڵێک دەدرێت بۆ ئاراستەکردنی هەڵبژاردنی خوێنەر؟
هەندێکجار وشەکان وەک دەرگا کار دەکەن؛ دەرگای
بیرکردنەوە دەکەنەوە. هەندێکجاریش وەک دیوار کار دەکەن؛ پێش ئەوەی پرسیارێک لەدایک
ببێت، ڕێگای پرسیارکردن دادەخەن. کاتێک دەقێک بە وشەکانی "ئاشکرایە
کە..." یان "وەک هەموومان دەزانین..." دەست پێدەکات، زۆرجار وەک
دیوار کار دەکات. لەبری ئەوەی بەڵگەت پێ بدات بۆ سەلماندنی ڕاستییەک، دەیەوێت
شەرمت پێ بکات ئەگەر پرسیار بکەیت، نەوەک بە کەسێکی 'نەزان' دەرکەویت. بەم شێوەیە،
پێش ئەوەی پرسیارێک لەدایک ببێت، ڕێگای پرسیارکردن دادەخەن.
لەبەرئەوە، کاتێک دەقێک دەخوێنینەوە، باشە تەنها لە
مانای وشەکان نەڕوانین. باشترە هەندێک بوەستین و بپرسین:
- ئەم قسەیە دەیەوێت چی بکات؟
- دەیەوێت ڕازیمان بکاتەوە؟ یان هۆشیارمان بکاتەوە؟
- دەیەوێت فشاری بیرکردنەوە دروست بکات، یان ترس بخاتە
دڵ؟
- یان دەیەوێت گفتوگۆیەک دەستپێبکات؟
لەوانەیە زۆرجار، وەڵامی ئەم پرسیارە لە خودی وشەکاندا
نەبێت، بەڵکو لە شێوازی بەکارهێنانی وشەکاندا بێت. بەڵام ئەگەر بتوانین ئەم
جیاوازییە ببینین، لەوانەیە دەقەکان بە شێوەیەکی تر بخوێنینەوە. نەک تەنها بزانین
چی وتراوە، بەڵکو تێبگەین بۆچی ئەم شێوەیەی قسەکردن هەڵبژێردراوە، لەکۆتاییدا
بپرسین: ئەگەر ئەم دەقە دەیەوێت من بەرەو هەڵوێستێک پاڵ بنێت، ئایا خاوەنەکەی
ئامادەیە بەرپرسیارێتیی ئەو هەڵوێستە هەڵبگرێت؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی