سەدرییەکان ئامادەکاریی بۆ وەرگرتنی جڵەویی مەرجەعیەت دەکەن لە عێراق دا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بێوار ڕەحمان

* ڕۆژی هەینی (٣ ی تەمموزی ٢٠٢٦) کە هاوکات بو لەگەڵ مەراسیمی بەڕێوەچوونی بەشداریی لەسەر تەرمی ڕابەری پێشوی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئایەتوڵا خامەنەئی، سەدرییەکان لە عێراق لەبری بەشداریی لەو مەراسیمە، نیزیکەی سێ ملیۆن کەسیان کۆکردەوە لە دوانزە شوێنی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ پشتگیریی لە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی تاوەکو دژی گەندەڵکاران بەردەوام بێت. سەدرییەکان هەر ڕووبەڕووبونەوەیەکی گەندەڵکاران لەگەڵ زەیدی بەهێڵی سوور ناوزەند کردو، سەدر خوێنی زەیدی خستە ئۆباڵی هاوپەیمانی گەندەڵکاران.

* دیمەنی بەشدارییکردنەکان لە پرسەی خامەنەئی ئەگەر تەماشای شاندی عێراق بکەین؛ لە هەرێمی کوردستانەوە سەرۆکی هەرێم «نێچیرڤان بارزانی» لە حیزبەکان محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری پارتی سوسیالیست، پافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بوون. لە بەغداوە، جێگەی سەرسوڕمان بوو، سەرکردەکانی حیزبی دەعوە کەسیان بەشدارییان نەکرد! ئەوەی کە بیندرا تەنها حەشدی شەعبی بوون، لەوانە بەدر، نوجەباو حیزبوڵا بوون. تەنانەت ئەو هێزانەی لەناو حەشدی شەعبی سەر بە موقتەدا سەدرن و وەلائیان هەیە بۆ «محەمەد باقر سەدر» ئەوانەش بەشدارییان نەکرد. لەو گردبونەوەیەی ڕۆژی هەینی دا لە عێراق، لایەنگرانی سەدر بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان نەدا وێنەی «عەلی خامەنەئی» بەرز بکرێتەوەو درووشم و شین و تاسەباریی بۆ خامەنەئی بوترێتەوە. بێگومان ئەمەش ئێرانییەکانی ئێجگار نیگەران کردوە. چوونکە ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژانی دواتر بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر تەرمی ڕابەری باڵای ئێرانییەکان « خامەنەئی» دێتە عێراق. ئەم سارد سڕییە لەبەشداریی کردنی شیعەی عێراق لە پرسەی خامەنەئیدا، دەکرێت هەنگاوێکی نوێ یان وەرچەرخانێک بێت لە سیاسەتی نوێی عێراق دا.

* سەدرییەکان دەیانەوێ جڵەوی مەرجەعییەتی نەجەف وەربگرن ئەم پێشهاتە نوێیانە وا دەکەن، ببینین کە سەدرییەکان نەک هەر دەیانەوێ جڵەوی دەستەڵات لە عێراق بگرنە دەست بە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی کابینەکەی زەیدی دژی گەندەڵکاران، بەڵکو دەیانەوێ جڵەوی هێزو مەرجەعییەتی نەجەفیش بگرنە دەست. لە ئێستادا، دۆخەکە لەبارە بۆ ئەوەی سەدرییەکان جووڵەیەکی تەواوەتی بکەن، بەتایبەتی لەکاتێکدا ئێستا تەنها دوو جەمسەریی مەرجەعییەت لە نەجەف لە ژیاندا ماون، کە سەید عەلی سیستانی و شێخ بەشیر نەجەفییە (دوەمیان پاکستانییە)، هەردووکیان تەمەنیان زۆر هەڵکشاوەو، تەندروستیان وەک پێویست ڕێگە نادات لەوە زیاتر هەڵبسوڕێن.

کەواتە ئەو مەرجەعییەتەی لە قووم و مەشهەدو نەجەف هەیە، لە دوای ژیانئاوایی عەلی خامەنەئی لە ساتەکانی کۆتایی خۆیدایە، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت سەدرییەکان کۆتایی پێ بهێنن. بۆیە، سەدرییەکان ئەوەندە بەلایانەوە گرینگ نییە کە کورسی دەستەڵات و وەزارەت وەربگرن، بەڵکو لەوە گرینگتر ئەوەیە لەم چرکەساتەدا بە پاڵپشتیی سعودییەو کەنداو ئەو پێگە ئاینییە باڵایە لە نەجەف وەربگرن و، عێراق لە ڕووی حەوزەی ئاینییەوە جیا بکەنەوە لە ئێران. جێگەی بیرهێنانەوەیە، کە سەدرییەکان لە دوای ژیانئاوایی «ئایەتوڵڵا سەید حوسێن حائیری» تەواوی ناوەندەکانی خۆیان هەم لە مەشهەدو هەم لە قووم داخست. بۆیە سەدرییەکان لە ئامادەکارییەکی تەواودان بۆ ئەوەی تەواوی دەستەڵاتی عێراق بگرنە دەست و، ئەوان ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی شیعەی عێراق. کۆتایی لەبەر ڕۆشنایی ئەو وەرچەرخانە جیۆپۆڵەتیکییەی کە وەک دیمەنێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبیندرێ، نەک هەر لە یەمەن و لوبنان و سوریا ئێرانییەکان وەدەرنراون، بەڵکو لە عێراقیش دیوارێکی گەورەی کەلتوریی و ئابوریی و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە نێوان ئێران و عێراقدا درووست دەکرێت. ئەمەش هەر لەسەرەتاوە بە مەراسیمی تاسەباریی ڕابەری باڵای کۆماریی ئیسلامیی «خامەنەئی» دیاربو کە هەموو لایەنەکان شاندیان هەبوو لە سەردانیکردنی تاران دا، سەدرییەکان هیچ بەشدارییەکیان نەکرد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە