چیرۆکێک بۆ هەموو نەتەوەکان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سلێمان مستەفا حەسەن

ڕۆژنامەنووسی تورک، جەم ئەرجییەس چاوپێکەوتنێک لەگەڵ یەشار کەمال دەکات لەسەر پرسی کورد، پرسیار دەکات پرسی کورد چۆن چارەسەر دەکرێت، لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکە نووسەری گەورە یەشار کەمال چێرۆکێکی باڵکێش بۆ جەم دەگێڕێتەوە. جەم گوێ بگرە ئێستا دەمەوێت باس لە بەشێک لە داستانی (ماناس) بکەم، کە لەگەڵ جەنگیز ئایتماتۆڤ بەیەکەوە خوێندوومانەتەوە. لە چیرۆکەکەوە... ئەگەر دوژمنانی جەنگ لە تورکیا یەک بگرن.

داستانەکان لە هەموو وڵاتێک، زمانی مرۆڤەکانیەتی، منیش بۆ ئەو ئاخاوتنەم، دێڕێکم لە داستانی (ماناس) هەڵبژاردووە، داستانی (ماناس)ی قیرغزی، داستانی هەموو تورکەکانی ناوەڕاستی ئاسیایە، ئەو داستانە تا دێت، لە جیهاندا زیاتر دەناسرێت، تا دێت وەک داستانی ئیلیادە و دەدە کۆکورت دەبێتە داستانی هەموو مرۆڤەکان.

کاڵموکەکان، نەتەوەیەکی گەورە و بەهێزن. ئەوان بەردەوام بەسەر قیرغیزەکانەوە بوونە و نەیانهێشتووە هەناسەیەک هەڵکێشن. بە درێژایی مێژوو خستبوویانە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. قیرغیزەکانیش هەر کاتێک دەرفەتێکیان دەست کەوتبایە سەرهەڵدانیان دەکرد. لە هەر سەرهەڵدانێکدا بەسەر کاڵمۆکەکان سەرکەوتوونە و دواتر کاڵمۆکەکان دەستیان بە هێرشی پێچەوانە کردووەتەوە. وەلێ دوای چەندان ساڵ لە شۆڕش و بەرخودان و سەرهەڵدان، قیرغیزەکان توانیان بگەنە سەربەخۆیی خۆیان.

ئاخر لە هەردوو لاوە مرۆڤەکان دەگۆڕان و کاتەکە دەگۆڕان، جەنگ بەردەوام بوو، ساڵ دوای ساڵ کالمۆکەکان بوون بە خاوەنی میرێکی نوێ، یان با بڵێین خانێکی نوێ، سەرۆکێکی نوێی جیاواز. ئەو خانە ڕۆژێک هەموو پیاوماقووڵانی نەتەوەکەی کۆ دەکاتەوە و لێیان دەپرسێت ئێمە بەردەوام لە جەنگەکان بەسەر قیرغیزەکان سەرکەوتووین، دوای هەم دیسان هێرش دەکەنەوە و سەرهەڵدانێکی تازە دەکەن، باشە بە بۆچوونی ئێوە چی بکەین؟ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرقووت نەکەنەوە و خەریکی شوانکاریی خۆیان بن و لەژێر فەرمانی ئێمە دەرنەچن. یاڵڵا بڕۆن دوای سێ مانگ وەرنەوە لام کۆ دەبینەوە وەڵامەکەشم بۆ بێننەوە.

دوای سێ مانگ پیاوماقووڵان دەچنەوە لای خانی کالمۆکەکان و دەڵێن جەنابی خانی گەورەمان ئێمە تێفکرین و ڕاوێژمان کرد ئەگەر زمانی هەمووان لە بن ببڕین ئەوا جارێکی دیکە ناکەونەوە سەرپێ و توانای سەرهەڵدان و بەرگرییان نابێتەوە، بەمەش کۆتاییان دێت، لە بەرامبەردا خانی مەزن ئەو پێشنیازەی بەدڵ نابێت و دەڵێت بڕۆن دوای سێ مانگی دیکە وەرنەوە ئەو وەڵامە و چارەسەرم بەدڵ نییە.

دوای سێ مانگی دیکە، ڕیشسپی و خانەدان و پیاوماقووڵانی کالمۆکەکان دەچنەوە خزمەت خانی مەزنیان هەر یەکەیان ڕا و پێشنیازی خۆی بە خانی مەزن دەڵێ، بەڵام خان ڕاو پێشنیاری کەسیانی بەدڵ نابێت، لە گەرمەی ئەو گفتوگۆیە و ناڕەحەتییە خان سەیر دەکات لە کوچەیەکی دیوەخان کابرایەک خۆی گرمۆڵە کردووە، خان لێی دەچێتە پێش پێی دەڵێت تۆش دەڵێیت با زمانیان نەبڕین؟ ئەویش دەڵێت بەڵێ من لەگەڵ زمان بڕین نیم، خانیش لێی دەپرسێت ئەی تۆ چی بە باش دەزانیت، کابراش دەڵێت خانی گەورەمان با بچینە لای قیرغیزەکان چونکە ئەوان دەمێکە چاوەڕوانیی ئاشتەوایی دەکەن، کە خان گوێی لەو وەڵامە و گوتەیە دەبێت، ڕوو لە خەڵکەکەی دەکات و دەڵێت؛ لە ئەمڕۆ بەدواوە جەنگ کۆتایی هات، لەو دنیایەدا لە پێناو هیچ شتێکدا ناجەنگین و کەسێک ناکوژین. ئەو چیرۆکە زۆر باڵکێشە، وە کاریگەری زۆری لەسەر جێهێشتووم. 

ڕاوێژو ڕای جیاواز، بەڵام بەنرخ و پر بەها، گوێ نەدان بەزۆرینە، گوێ گرتنی خان لە هەمووان. بەردەوامی شەڕو کوشتار، بەردەوامی ناکۆکی، زمانبڕینی نەتەوەکان، درێژەدان بەخوێن ڕشتن، لەکاتێکدا دەیان دەرچەو دەرگاو پەنجەری جیاواز و بەرهەمدار هەیە کە بەرهەمی ئەقڵ و ژێرییە. خوێندنەوەکانی ئەو چیرۆکە لە ڕوانگەی یەشار کەمال ئەوەیە ئەگەر خەڵکی تورکیا بە قسەی پاشایان کردبایە دەبوایە زمانی هەموو کوردانیان بڕیبووایە، بەڵام زمانیان نەبڕین بەڵام زمانیان لێ قەدەغە کردن.

بە بۆچوونی بەندە، ئەو چیرۆکە بەسەر نەتەوەی (عەرەب، فارس، تورک) دا جێبەجێ دەبێت، ئەوە زیاتر لە سەدان ساڵە ئەو نەتەوانە بە ناوی جیا کورد دەکوژن، جینۆسایدی دەکەن، خاکەکەی زەوت دەکەن، زمانەکەی یاساغ دەکەن، بەڵام ئەنجامەکە چی بوو؟ نەتەوەی کورد لەناو نەچوو، زمان و فەرهەنگی لەناو نەچوو، بەرخودان بەردەوام بوو، گیانفیدایی بەردەوام بوو، ئەگەر بۆ ماوەی کاتیش شۆڕش و بزووتنەوەکانی کوردیان لەناوبردبێت بەڵام پاش ماوەیەک دووبارە شۆڕش و خەبات بۆ ماف بۆ ئازادی، بۆ سەربەستی، بۆ کەرامەتی مرۆڤایەتی دەستی پێکردۆتەوە، خۆشیان لە ئەنجامەکەیدا بە نەزەری من هەر دۆڕاون، چونکە ئەوانیش سەرچاوەی مرۆیی و ئابووری زۆریان بەهەدەر و لەدەست دا، ئارامی و سەقامگیریان لەدەست دا، هەمیشە خاڵی لاوازیان هەبووە دەوڵەتە بەرژەوەندیخوازەکان لە ڕێگای ئەم خاڵەوە زەفەریان پێ بردوون، تا ئەمڕۆش خاڵی قەزیەی کورد گەورەترین خاڵی لاوازی دەوڵەتی (تورکیا، سووریا، عێراق، ئێران)ە. چونکە ئەو دەوڵەتانە نکۆڵی لە ڕاستی و مێژوو و مافی گەلی کورد دەکەن لەسەر خاکەکەی. بۆ نەتەوەی کورد ئەو چیرۆکە هەر زۆر کاریگەرە بۆ ئاستی نێوخۆیی، نێودەوڵەتی و ئیقلیمی.

لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئێمە ناکۆک و ناتەباین لەگەڵ یەکتر، مانفێستێکی هاوبەشمان نییە لەسەر مافە نەتەوەییەکانمان، لە هەر پارچەیەک لە نیشتمان ناکۆک و ناتەباین لەگەڵ یەکتر ماوەی ١٠٠ ساڵە سوودمان لە هەڵە و ئەزموونەکانمان وەرنەگرتووە.

وا هەست دەکەم ئەگەر یەشار کەمال ئەمڕۆ لەناوماندا بووایە، هەمان چیرۆکی بۆ هەموو سەرکردایەتی و هێزە سیاسییە کوردییەکان دەگێڕایەوە، بۆ ئەوەی بیریان بخاتەوە کە ڕاوێژ، ئاشتی و هاوبەشی، لە هەر جەنگ و ناکۆکییەک بەهێزترن.

ئەو چیرۆکە لە ئێستادا بۆ باشووری کوردستانیش زۆر باڵکێش و کاریگەرە، وا هەست دەکەم ئەگەر یەشار کەمال لەناوماندا بووایە زۆر نیگەران دەبوو لەو بارودۆخە، دڵنیام لە ڕێگەی نامەیەکی تایبەتەوە پەیامی خۆی دەنارد بۆ ڕای گشتی و سەرکردایەتی کورد بەتایبەتی لە باشووری کوردستان، وە بەتایبەتی ڕووی دەمی دەکردە (کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاک بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان)، لە نامەکەشیدا دەقی حیکمەتی ئەو چیرۆکەی بۆ دەنووسینەوە، هەروەها پێی دەگوتن؛ ئەگەر (مام جەلال تاڵەبانی باوک و مستەفا بارزانی باوک) زیندووبانە ئەو بارودۆخەیان بەدڵ نەدەبوو. چونکە مێژوو فێری کردووین کە ڕاوێژ و ئاشتی، هەمیشە لە جەنگ و ناکۆکی و خۆخۆری سەرکەوتووترن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی