نمرە، تاكە پێوەری كەسایەتی و زیرەكی نییە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

یادگار اسماعیل

تكایە ئاگاداری نەوەكان بن

لە هەموو ساڵێكدا، وەرگرتنەوەی ئەنجامی نمرەی كۆتایی ساڵ، بە تایبەتی بۆ قوتابیانی پۆلی دوانزە، دەتوانێت هەستە جیاوازەكانی وەك دڵخۆشی، نیگەرانی، ترس یان فشار و توڕەیی دروست بكات ،ئەو هەستانە بەشێكی سروشتیەو كاردانەوەیە بۆ دۆخەكە، بەڵام گرنگە بزانین كە نمرە تەنها یەك پێوەری هەڵسەنگاندنی ئەنجامی خوێندنە، نەك پێوەری گشتی بۆ بەها و كەسایەتی زیرەكی یان داهێنان و دەبێت خێزان بەوریاییەوە مامەڵەبكات و ڕێز لە تواناو جیاوازیەكان بگیرێت.

لەڕوی زانستی دەرونزانی توانای مرۆڤەكان جیاوازە پێی دەڵێن جیاوازی تاكایەتی ، ناكرێت هەموومان نمرەی بەرز بێنن هەموومان ببین بە پزیشك و ئەندازیاروپارێزەرو ...هتد ، هەرگیز بەراوردكاری مەكەن ، دایكان و باوكانی ئازیز قوتابیانی سەنگین ڕێز لە ئەنجام و تواناو بەشی خۆت بگرە ، هەندێك كەس لە تاقیكردنەوەدا نمرەی بەرز وەردەگرن، بەڵام ڕەنگە لە بوارەكانی تر كەمووكوڕیان هەبێت لە بەرامبەردا، زۆر كەس هەن كە لە قوتابخانە نمرەی ناوەند یان نزم دەهێن، بەڵام دواتر لە بوارەكانی بازرگانی، هونەر، زانست یان سیاسەت یان زۆر بواری تر سەركەوتو دەبن.

ئەگەر ئەنجامەكەت وەك ئەوە نەبوو كە چاوەڕوانت دەكرد، ئەوە كۆتایی ڕێگا نییە. ئەنجام تەنها دەرفەتێكە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی لە كوێدا پێویستت بە پەرەپێدان و هەوڵی زیاتر هەیە ، كەوتن و نمرەی كەم ئەگەر لێی فێربیت، دەتوانێت ببێتە بناغەی سەركەوتنی داهاتوو پلان و گۆڕانكاری ڕوبدات.

توێژینەوە زانستییەكان  دەڵێن كە پەیوەندییەك لەنێوان زیرەكی و ئەنجامی خوێندن هەیە، بەڵام ئەو پەیوەندییە تەواوو تاكە پێوەر نیە بۆ بڕیاردان لە سەر توانای ڕاستەقینەو هەڵسەنگاندنی ڕەهەندە جیاوازەكانی ژیان و داهاتوو ،ژیان زۆر لەوە فراوانترە پێوسیتە لەگەڵ بەرزڕاگرتنی توانای قوتابیە نمرە بەرزەكان ، ڕێزو شكۆو توانای قوتابیانی دیكەش لەبەر چاو بگیرێت .

بۆ ئارامی دەرونی خۆت هەوڵبدە بەراوردكاری مەكە و بەها و كەسایەتی تۆلە نمرە زیاترە ، بیرلە دەرفەتەكانی داهاتوو بكەرەوەو پەیوەندیەكانت باش بكە لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و دورەبەر ، ڕاستە نمرە گرنگە بەڵام تاكە ناسنامەی تۆ نیە، تۆ هەوڵی خۆت بدەو دەرئەنجام چی بوو قبوڵی بكەو هەوڵی گۆڕانكاری بدەو پلان و زیرەكی خۆت بۆ ئامانجەكانت بخەرە گەڕ..


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی