ئەگەر مێژووی هاوچەرخی کوردستان وانەیەکی ڕوونمان فێر بکات، ئەو وانەیە ئەوەیە کە زلهێزەکان هەرگیز پرسی کوردیان وەک ئارمانجێکی سەربەخۆ نەبینیوە. هەرکاتێک بەرژەوەندییەکانیان بخوازێت، پشتیوانییان لە کورد کردووە و هەرکاتێک هاوسەنگیی هێز گۆڕابێت، ئەوا کوردیان لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا بە تەنیا بەجێهێشتووە. لە ڕاپەڕینی ١٩٧٥ و ڕێککەوتننامەی جەزائیرەوە بگرە تا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم لە ٢٠١٧ و چارەنووسی ڕۆژئاوا دوای بڕیارەکەی واشنتن لە ٢٠١٩، شێوازێکی جێگیر دەبینرێت؛ کوردەکان لە ژمێریارییەکانی هێزە جیهانییەکاندا زیاتر ئامراز بوون نەک هاوبەشێکی ستراتیژی.
کارنامەی لیندزی گراهامیش، لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانیدا، هەمان واقیعمان بیر دەخاتەوە. ڕەنگە ئەو لەو ژمارە کەمەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکی بووبێت کە چەند جارێک بەرگری لە کورد کرد و هۆشداریدا لە بارەی بەجێهێشتنیان، بەڵام لە ساتە چارەنووسسازەکاندا، دەنگی ئەو نەیتوانی بەسەر لۆژیکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا زاڵ بێت. ئەم ئەزموونە دەیسەلمێنێت کە تەنانەت پەرۆشترین پشتیوانانی کورد لە واشنتنیش تەنها تا ئەو جێگایە دەڕۆن کە لەگەڵ بەرژەوەندییە گەورەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ناکۆک نەبێت.
ئەمڕۆش چەند ئاماژەیەک دەبینرێت کە لە سێبەری توندبوونەوەی کێبڕکێی نێوان ئێران و ئەمریکادا، جارێکی دیکە هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن پرسی کوردانی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی هەمان ململانێدا پێناسە بکەن. ئەگەر وا بێت، مەترسی ئەوە هەیە کە داخوازییەکانی کۆمەڵگەی کورد نەک لەسەر بنەمای پێداویستی و ئەولەوییەتەکانی خۆیان، بەڵکو لەسەر بنەمای پێویستییەکانی ململانێیەکی جیۆپۆلیتیکی شکل بگرێت؛ ململانێیەک کە ئامانجی سەرەکیی نەک بەدیهێنانی مافی کوردەکان، بەڵکو پێشخستنی ئامانجەکانی یاریزانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانە.
لە دۆخێکی وەهادا، ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێگەی نیگەرانییە، بێهەڵوێستیی بەشێک لە حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتە. بەشێک لەو لایەنانە لەجیاتی ئەوەی ستراتیژێکی سەربەخۆ و پشتئەستوور بە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی خۆیان دابڕێژن، زیاتر لە پێویست چاویان لە گۆڕانکارییەکانی دەرەوەیە. بەستنەوەی چارەنووسی نەتەوەیەک بە بڕیارەکانی واشنتن یان هەر پایتەختێکی دیکەوە، نەک ستراتیژێکی نیشتمانی، بەڵکو قبوڵکردنی ئەم واقیعەیە کە ئەوانی دیکە لەبری تۆ بڕیار لەسەر داهاتووت بدەن.
ئەم قسەیە بە واتای ڕەتکردنەوەی دیپلۆماسی یان دژایەتیی پەیوەندی لەگەڵ هێزە جیهانییەکان نییە. هەر بزووتنەوەیەکی نیشتمانی ناچارە مامەڵە لەگەڵ یاریزانە نێودەوڵەتییەکان بکات. بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە نێوان «دیپلۆماسی» و «پاشکۆیەتی»دا هەیە. دیپلۆماسی واتە بەکارهێنانی هەلەکان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان؛ پاشکۆیەتی واتە بوون بە ئامرازێک لە خزمەتی ئامانجی ئەوانی دیکەدا. مێژوو سەلماندوویەتی هەرکاتێک کوردەکان لەم سنوورە تێپەڕیون، باجەکەمیان خۆیان داوە.
وەک کوردێکی باشور و ناسیۆنالیستێک، باوەڕم وایە بەرگریکردن لە ئارمانجی نیشتمانی کاتێک مانای پەیدا دەکات کە لەسەر بنەمای واقیعبینی بێت، نەک هەست و سۆز. ناسیۆنالیزم بەبێ ڕیالیزم، نەتەوە دەسپێرێت بە هیوای بەڵێنی ئەوانی دیکە؛ هەمان ئەو بەڵێنانەی کە چەندین جار دراون و چەندین جاریش بە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەبیر کراون.
کوردانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستیان بە سەربەخۆییە لە بڕیاردانی سیاسیدا. ئەگەر داخوازییەکانیان لە چوارچێوەی کێبڕکێی تاران و واشنتندا پێناسە بکرێت، ئەم مەترسییە هەیە کە بە گۆڕانی ئەولەوییەتەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە پەراوێز بخرێن؛ هەروەک ئەزموونەکانی ڕابردوو سەلماندوویانە. داهاتووی نەتەوەیەک نابێت بە بڕیاری دەوڵەتانێکەوە گرێ بدرێت کە سیاسەتەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گۆڕاوی خۆیان ڕێک دەخەن.
پرسی سەرەکی ئەوە نییە کە ئەمریکا دۆستی کوردە یان نا؛ پرسی سەرەکی ئەوەیە کە هیچ هێزێک بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆی ناکاتە قوربانیی ئامانجی نەتەوەیەکی دیکە. ئەگەر ئەم واقیعە قبوڵ بکرێت، ئەوا ستراتیژی کوردیش دەبێت لەسەر بنەمای پشت بەستن بە تواناکانی خۆی، یەکڕیزیی ناوخۆیی و دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ شکل بگرێت، نەک بە هیوای پشتیوانیی هێزانێک کە لە کۆتاییدا، بەر لە هەموو شتێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی