وەسفەکانی ترامپ و علی زەیدی و تۆم باراك

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عوسمان گوڵیی

دوێنێ لە سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ کۆشکی سپی، دۆناڵد ترامپ بەجۆرێ وەسفی علی زەیدی کرد کە زۆر ڕوون پێیەوە دیار بوو کە هیوای زۆریان لەسەر هەڵچنیوە. هەر ئەم هیوا لەسەر هەڵچنینە ئەرکی سەرشانی علی زەیدی قورستر دەکات لە جێبەجێکردنی هەندێ داوادا کە ئاستەنگی گەورە لە بەردەمیدا دروست دەکات و دوور نیە عێراق ڕوو بەڕووی شڵەژانی سیاسی و جەماوەری بکاتەوە، عێراقێك کە تا ئێستاش ڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری سیاسەتی ئێراندایە چ لە ڕووی بڕیاری سیاسیەوە و چ لە ڕووی نفوزی مەزهەبیەوە، ئێرانێكی برینداری ماندوکراو...

پێشوازی ترامپ و قسەکانی بۆ علی زەیدی دەرخەری ئەوەن کە تۆم باراك لۆبی گەورەی بۆ سەرۆکوەزیران کردوە و چاوی لەسەر گۆڕانکاری گەورەیە لە عێراق. ئەمە لە کاتێکدا باراك بۆ خۆشی پیاوێکی پڕجوڵەی سەرکيشی مەترسیدارە، زۆر زوو دەیەوێ لێکەوتەی ڕێککەوتن و گفتوگۆ و داواکانی بچنێتەوە. خواستەکانی تۆم باراك لە عێراق لە گەڵ شێوازی حکومڕانی و ئەو دابەشبونە حیزبی و ئەمنی و ناوچەییە زۆر یەك ناگرێتەوە و ئاستەنگ دروست دەکات بۆ علی زەیدی، بۆیە ئەگەری زۆرە دوای گەڕانەوەی علی زەیدی لە کۆشکی سپی (کە هەوایەکی زۆر زیاتر چوەتە نێو باڵۆنەکەی) هەندێك لە هەنگاوەکانی بەریەککەوتن لە نێو بڕیاردەرانی ئیدارەدانی عێراقدا دروست بکات کە ئێستا هیچیان لە پۆستی حکومیدا نین و هەمووشیان خۆیان لە سەرو علی زەیدیەوە دەبینن چونکە لە بنەمادا علی زەیدیان وەك فەرمانبەر لەو پۆستەدا داناوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی