​ ئایا ئەمریکا لە عێراق دەمێنێتەوە؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرش عەبدولڕەحمان




عەلی زێدی بۆیە بانگ کراوە، چونکە واشنتۆن خەریکە دەسەڵاتی سەربازی بە دەسەڵاتی ئابووری دەگۆڕێتەوە و دەیەوێت وەبەرهێنانی زەبەلاح لە بواری نەوت، گاز و کارەبادا بکات؛ لە هەمان کاتدا شیعەکان بە عەقڵی خۆیان، عەلیان ناردووە بۆ واشنتۆن. ئەو هەڵگری پەیامێکی ڕوونی ئێران و چوارچێوەی هەماهەنگییە کە تێیدا داوا لە ئەمریکا دەکات هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە. بەڵام ئایا ئەم ستراتیژە لەبەردەم ئیدارەی نوێی ئەمریکادا سەرکەوتوو دەبێت؟
کاتێک دۆناڵد ترەمپ پرسیاری کوشتنی قاسمی سولەیمانی دەکات، عەلی زێدی خۆی لە وەڵامە ڕاستەوخۆکان دەدزێتەوە. ترەمپ و تیمەکەی باش دەزانن کە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی دەعوە کە بریکارەکانی تارانن لە عێراق و عەلی زێدی لە ڕێگەی فایەق زێدانەوە پێیانەوە گرێ دراوە، عەلی خامنەیی، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس وەک پاڵەوانی نیشتمانی دەبینن.
ئێستاش چوارچێوەی هەماهەنگی پێیان وایە یارییەکی سیاسیی زیرەکانە دەکەن؛ دەیانەوێت ئەم دوو ساڵەی خولی یەکەمی ترەمپ بە سەلامەتی بەڕێ بکەن، بۆیە تەنیا سەری بۆ دەلەقێنن و چی بڵێت دەڵێن بەسەرچاو، بەڵام ترەمپ پیاوی بازرگانی و مامەڵەی توندە، بۆیە تیمەکەی دوای ئەم سەردانە ئەنجامی کۆنکرێتی و کردارییان دەوێت.

ترەمپ پیاوی گرێبەستە؛ ئەو دەیەوێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان کۆنترۆڵی کەرتی وزەی عێراق نەوت، گاز و کارەبا بکەن. ئەگەر شیعەکان دەیانەوێت سیستمی دارایی عێراق کە کلیلەکەی لەژێر دەستی بانکی فیدراڵیی ئەمریکادایە دانەڕووخێت، دەبێت مەرجە ئابوورییەکانی ترەمپ جێبەجێ بکەن.
واشنتۆن دەتوانێت بە یەک بڕیار ڕێڕەوی دۆلار بۆ عێراق دابخات یان سزای توند بخاتە سەر بانکەکان، ئەمەش بۆ هەر حکومەتێک لە بەغدا بە واتای خۆکوژی دێت. ترەمپ دەرفەت نادات بەوەی عێراق بە پارەی نەوتەکەی، یارمەتیی دارایی ئێران بدات و لە هەمان کاتدا داوای هاوکاری لە ئەمریکاش بکات. بۆیە سەرکردە شیعەکان لەبەردەم دووڕیانێکی مێژووییدان: یان پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق لە ڕێگەی سازان لەگەڵ ترەمپ، یان نوقمبوون لەگەڵ ئابوورییە داڕماوەکەی ئێراندا.

لە کۆتاییدا، عەلی زێدی تەنیا دەتوانێت بە ڕووکەش کۆمەڵێک کار بکات؛ ئەو دەیەوێت لە یەک کاتدا سێ جەمسەری دژ بە یەک ئەمریکا، ئێران، و پیاوەکانی ئێران لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە خۆی ڕازی بکات. ئەم هاوسەنگییە نەک هەر بە سەرۆک وەزیرەکانی پێشوو نەکراوە، بەڵکو بۆ کەسێکی وەک عەلی زێدی کە پێگەیەکی جەماوەریی سەربەخۆی نییە و پشتئەستوورە بە سازانی کاتیی نێوان لایەنەکان، کارێکی تاقەتپڕووکێن و مەحاڵە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی