ئافڕۆد ژینگە دەکاتە گەراج گەر یاسا بەری نەگرێ

4 کاتژمێر پێش ئێستا

حسێن محەممەدزادە (کۆمەڵناس)


ماوەیەک پێشتر هەوڵێکی بەرفراوان ژینگە پارێزی لە هەولێر ئەنجامدرا. ئەم کارە ناوە ناوە لە شووێنی‌تریش بەڕێوە چووە. هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی پارک و باخچە و ژینگە شتێکی زۆر باشە بەڵام ئەم کارانە عومریان کوڵ و کورتە. ژیان بەسراوەی ژینگەیە. ژینگەش نە تەنیا پاوانی مرۆڤ نییە  بەڵکوو مرۆڤ بەرپرسیی یەکەمی ژینگەیە. ژیانێکی باش لە ژینگەی پۆخڵ مەیسەر نابێت. پارستنی ژینگە هاوڵاتی بەرپرس و یاسامەندی پێویستە. پاراستنی ژینگە بە فێرکاری دەست پێدەکا، بەڵام  بۆ بەردەوامێ، پێویستە رێگای پتەو و ژیرانەی بۆ بدۆزرێتەوە. رێگای باش بۆ پاراستنی شتەباشەکانی ژیان یاسایە. بۆیە لە بەر ئەوەی شتێکی باش یان کارێکی باش بکرێت دەبێ دوو هەنگاو هەڵبگیرێت:
یەکەم، گەر شتێک باشە خۆ ئەمە ناکرێ لە رێگای فێرکردنەوە بە یەک بە یەکی ئەندامانی کۆمەڵگا فێر بکرێت. چونکە کات و پارە و مامۆستای   زۆر و بەردەوامی دەوێ. هەندێ فێر ئەبن و هەندێ نا.  ئەوانە وا فێری ئەبن جاری وایە بەڕێوەی ئەبن و جاری وایە نا. کە وابوو بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئیشە، دوو کاری دەروونی کردن(Internalization) و دامەزراوەیی کردن(Institution) پێویستن.
لە دەروونی کردندا,تاک یان کەس، کارێکی باش دەباتە ناخی خۆیەوە. گەر کەسێکی‌تر دیار بێت یان نا، ئەو کارە باشەکە هەر بە باشی بەڕێوە دەبات. بۆ نموونە گەر لە چوارێیانێک گڵۆپی هاتووچۆ سوور بوو، کەسێک کە ئەو رێسایەی دەروونی کردووە، پۆلیس دیار بێ یان نەبێ، ئەو ناڕوات. ئەم کەسانە بەگشتی کاتێک چاوەدێری کۆمەڵایەتی و یاسایی بە سەریانەوە نییە، هەڵە ناکەن، ئەمانە هەر ئەوانەن کە خاوەنی ویژدانی راستن، لە بەشی ژینگە ئەم کەسانە شت، فڕێێ نادەن، ڕاو ناکەن، ئاژەڵ ناکوژن و ڕاوی ناکەن، ئاژەڵ ئازار نادەن. خۆیان لە بەرانبەر خەڵکیتر،مەل و ئاژەڵ بەرپرس دەزانن. ئەم تاقمە زۆر بەڕێزە، بە ئەژمار کەمن، ئەوەندە کە بۆ نموونە کاریگەری ئەوتۆیان لە سەر ژینگە نابێت. بۆ وێنە گەر لە شارێکدا ١٠٠ کەس هاووڵاتی بە ویژدان و ژینگە دۆست، دەڵق(عەلاگە) و میوەی خراپ فڕێ نەدەن و لە بەرانبەردا هەزاران نە فەر ئەو کارە بکەن، ئاکام ئەبێتە ئەو شتە کە ئیستا هەیە. بۆیە پێویستە شتە باشەکان بە دامەزراوەی بکرێن.
یاسایی کردن بەرزترین ئاستی دامەزراوەیی کردنە. لەم ئاستەدا هەموو بەر پرسن یان بەرپرس دەکرێن. گەر لار بجووڵێنەوە یان خەتا بکەن غەرامە دەکرێن. یاسا کاتێک یاسایە کە چاوپۆشی لە خەتابار نەکات، جا ئەو خەتابارە هەرکەسێک بێت. کە وابوو بە دامەزراوەیی کردنیش پێویستییەکانی خۆی هەیە. یەک لە پێویستییەکانی بەڕێوە بردنی یاسایە. کە وابوو یاسای ژینگە، لە دوای ئەوەی کە لە پاڕلمان پەسەند کرا، پێویستە بەڕێوە بچێت. بۆیە بەرێوە بردنیش پێویستی بە کارگێڕی ساق و چاوەدێرێ نەترس هەیە. با بۆ روونکردنەوە وێنەیەک باس بکەین: بۆ وێنە لە وڵاتی وەک ئۆسترالیا کوشتنی هەرجۆرە گیانلەبەرێک نایاساییە. جا ئەو گیانلەبەر مار بێت یان کەڵە کێوییەک. کاتی خۆی خوێندکارێکی بیانی لە سەر کوشتنی قازێک لەو وڵاتە شاربەدەر کرا. مامۆستایەکی زانکۆ کە کاتی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لەو وڵاتە بوو،گێڕایەوە: رۆژێک لە دایرە بووین، لە پڕ کاکڵەمێشانێک بە تەنافەکەیدا هاتە خوار، لە پڕ لێی ڕاست بوومە و بە دوای شتێکدا دەگەڕام تاوی بدەمێ. هاوکاران لێم راسان! کاکە دەتەوێ چ بکەی؟ چ بکەم! مەعلوومە دەیکوژم! بە بە چاومان روون، تۆ مامۆستای زانکۆی، نەخێر نابێ و داکەوە! لە جێی خۆم دانیشتم. یەکێکیتر وتی کاکی برا، لە ئێرە هەموو شتێک رێسا و یاسای  خۆی هەیە. کوشتنی غەڕامەی هەیە. هەر لابردنی ئەو کاکڵەمێشانە پڕۆتۆکولی هەیە. بەرپرسی خۆی هەیە. بەڵی هاتن و جەنابی کاکڵەمێشانیان بە تەشریفاتەوە بۆ ناو ژینگە بەڕێکردەوە. 
رەنگە پرسیار بکرێ پەیوەندی نێوان دەروونیکردن و دەمەزراوەیی کردن چۆنە؟ دەکرێ کەسێک یاسا یان ڕێسایەک دەروونی بکات بەڵام هێشتا نەبووبێتە یاسا. چون نەبوتە یاسا دەتوانێ رۆژێک بە ڕاست یان بە درۆ بیری بچێت. ئەو لەو حاڵەتەدا رووبەرووی یاسا و غەڕامە نابێتەوە. تەنیا رووبەڕوی پۆلیسی دەروونی خۆی دەبێتەوە. کە وابوو دەروونیکردن باشە بەڵام ناتەواوە. بەڵام کاتێک یاسا یان ڕێسایەک وەک قانوون پەسەند کرد. ئەمجارە گەر کەسێک ئەو یاسایە دەروونی بکات زۆر باشە بەڵام شتە گرینگەکە لێرەدا ئەوەیە کە لێرەدا هەموو بەرپرسن. گەر خەتا و لاری بکەن جەریمە دەبن.  ئەمان رووبەرووی پۆلیسی دەرەوە دەبنەوە. کە وابوو بە دامەزراوەیی کردن زۆر باشتر و درێژخایەنترە. بۆیە کۆمەڵگایەک گەر مەیلی پێشکەوتنی تێدا بێت دەبێ گرینگی مەزن بە یاسایی کردنی ڕیساکان بدات و بیکاتە یاسا. 
کە وابوو فێرکاری باشە، دەروونی کردن زۆر باشە، بەڵام ئەمانە داد نادەن و پێویستە بکرێنە یاسا، بکرێنە یاسا و بەڕیوە ببرێن، چاوەدێری بکرێن و هیچکەس نەتوانێ و بۆی نەبێ لە ژێر دەستی یاسا دەرچێت. کە وابوو پێویستە بۆ هەموو کار و ئیشەکان یاسا دابنرێ. دەبێ یاسا ببێت تا خەڵک بە ئارەزووی خۆی ماسی ڕاو ناکا، ژار نەکاتە چۆمەوە، دار نەبڕێ و بە مەیلی خۆی کێوو هەرد نەسووتێنێ.  با لە کۆتا قسە باسیی مەترسی سەیارەی ئافرۆد لە سەر ژینگە بکەم. ماشێن یان سەیارەی ئافرۆد بە قووڵی ژینگە دەزەخسینێ و گەر یاسای بۆ دانەنرێ بەسە بۆ ئەوەی هەموو ژینگە بکاتە گەراجەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە