بۆ یەکجاریش بوە لەئەشکەوتەکانتان وەرنە دەرێ؟

14 کاتژمێر پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری

ئەگەر تائێستا باوەڕێکی تایبەتیت هەبووە و هیچ گوومانێکت نەبووە کە باوەڕەکەت خەیاڵ نیە و ڕاستییە، ئەم گەشتە لە گەڵ ئەفلاتونی حەکیم بکە و لە ئەشکەوتەکەت وەرە دەرەوە. بۆ ڕاستی ئەو خەیاڵە بگەڕێ کە ساڵانێکە دەیبینی. جا باوەڕەکەت ئایینییە، مەزهەبییە، یان باوەڕێکی سیاسییە یاخود هەرچ بیروباوەڕێکی دیکەی کۆمەڵایەتی و نەریتییە.  جا فەرموو دەستی ئەفڵاتونی حەکیم بگرە، تا لە ئەشکەوتەکەت ڕزگارت بکات!

ئەفلاتوون باوەڕی وابوو کە مرۆڤەکان ڕاستی وەک خۆی نابینن، بەڵکو تەنها سێبەرەکانی ڕاستی دەبینن. بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە ڕوون بکاتەوە، یەکێک لە ناودارترین چیرۆکە فەلسەفییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی پێشکەش کرد؛ ئەفسانەی ئەشکەوت.

بیر بکەرەوە لە کۆمەڵێک مرۆڤ لە ناو ئەشکەوتێکی تاریکدا بە زنجیر بەستراون و لە ڕۆژی لەدایکبوونیانەوە نەیانتوانیوە سەیری هیچ شوێنێک بکەن، جگە لە دیواری ئەشکەوتێک کە لەبەردەمیانەدایە. لە پشتەوەشیاندا، ئاگرێکی گەورە هەیە و لەنێوان ئاگرەکە و دیوارەکەدا خەڵک و شتی جۆراوجۆر دەڕۆن و دێن، کە سێبەریان لەسەر دیوارەکە دەردەکەوێت.

ئەو زیندانییانە هەرگیز جیهانی ڕاستەقینەیان نەبینیووە؛ هەموو ئەوەی لە ژیانیاندا ناسیوویانە، تەنها ئەو سێبەرانە بووە. بۆیە وای بۆ چوون کە سێبەرەکان خودی ڕاستییەکانن. ئەنجا بیربکەرەوە گەر یەکێکیان ئازاد ببێت، چی ڕوودەدات؟ کاتێک بۆ یەکەم جار لە ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوە و خۆرو ئاسمان و جیهانی ڕاستەقینە دەبینێت، چی لێ بەسەر دێت؟
لە سەرەتادا زۆر ئازار دەچێژێت. چونکە ڕووناکی چاوەکانی ئازار دەدات. ئەو چاوانەی کە تەنها بە تاریکی ڕاهاتوون. پاشان بۆی دەردەکەوێت کە هەموو ئەوەی لە ماوەی ژیانی خۆیدا باوەڕی پێهێنابوو، تەنها خەیاڵ و ئەفسانە و خورافە بووە.

بەڵام هێشتا گەورەترین شۆک بۆ ئەو کەسەی کە بۆ یەکەم جار، لە تاریکییەوە ڕوو ئەکاتە ڕووناکی ئەوە نییە؛ بەڵکو کێشەکە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکە بەوانی تر بڵێت! ئەوان باوەڕی پێ ناکەن، بگرە ڕەنگە ڕقی لێ هەڵبگرن و هەوڵ بدەن بێدەنگی بکەن، یان لە ناوی ببەن. چونکە مرۆڤ بە زۆری حەز بە چارەی ئەو کەسانە ناکات کە وەهم و باوەڕە هەڵەکانی ئاشکرابکەن.

ئەفلاتوون لێرەدا باسی لە ئەشکەوتێکی ڕاستەقینەی بۆ نەکردووین، بەڵکو باسی لە وردەکاری ژیانی هەموومان  کردووە. هەڵبەتە بەدەر لە جیاوازی کات و شوێن، چونکە ئێمەی مرۆڤ، لە هەموو سەردەمێکدا، هەڵگری چەندین بیرۆکە و باوەڕین کە بێ بیرکردنەوەی قووڵ باوەڕمان پێ هێناون. تەنها لە بەر ئەوەی هەمووان دووبارەیان کردۆتەوە یان باوەڕیان پێ هێناوە؟

تۆ تەماشا لە هەر سەردەمێکدا، زۆرینەمان تەنها بۆ ئەوە دەژین کە کۆمەڵگا بە هەڵسوکەوت جوان و پەسەندکراو، خاوەن مۆڕاڵ و سەرکەوتووی بزانن، بێ ئەوەی جارێک لە خۆمان بپرسین: «ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە خۆمان و لە ناخی خۆماندا بەڕاستی دەزانین؟».

لەوانەیە ئەشکەوتی ئەمڕۆ لە بەرد دروست نەکرابێت، بەڵکو ئەتوانێت پەرتووکێکی ئایینی زۆر کۆن و کۆنکرێتی بێت. چەند وتەیەکی ساختەی دەماودەمی کەسێکی زۆر ئاسایی وریا یان خاوەن دەروونێکی نەخۆش بووبێ و خۆی بە نوێنەری خودا ناساند بێت. ئەتوانێ پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبێکی سیاسی چەق بەستوو یان سەرکردەیەکی تەڵەکەبازی خراپەکاری هەلپەرست بێت. ئەشتوانێ پەیڕەوێکی کولتوری کۆنی میللەتێک یان گرووپێک بێت. ئەشتوانێ هەرچ یان زۆرینەی ئەو پۆستانەبێت کە لە سۆشیاڵ میدیای   شاشەی مۆبایلەکانمانەوە بگەنە دەستمان. 

یان زۆر بە کۆنکرێتی ئەتوانێت ترس بێ لە جیاوازبوون لە زۆرینە. یاخود ملدان بێت، بۆ هەڵبژادنی ئەو ژیانە بێ کێشەیەی کە تەنها بۆ ئەوەیە کە پەسەندکراوبین لە لای زۆرینەی خەڵکی. ئەمڕۆ و لە دونیای مۆدێرنەدا، هەموو ڕۆژێک هەزاران وتار، ڤیدیۆ، وێنە، وشە و بۆچوون دەبینین و دەڵێینەوە و دەیانخوێنینەوە. بەڵام؟پرسیاری گرنگ ئەوەیە؛ کە ئاخۆ چەند کەسمان ئەپرسین و بەڕاستی بیریان لێ ئەکەینەوە؟ لە ڕاستیدا، زۆرینەمان بە ئاسانی وەریاندەگرین و وەکو تووتی دووبارە بڵاویان دەکەینەوە؟

لێرەدا پێویستە بگەڕێینەوە لای ئەفلاتوون کە پێی وابوو گەیشتن بە ڕاستی ئاسان نییە، چونکە ڕاستی مرۆڤ ناچار دەکات کە ڕووبەڕووی خۆی و جیهان ببێتەوە. جا با بە دوو نموونەی زیندووی ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆمان ئەو بۆچوونەی ئەفلاتوون ڕوون بکەینەوە:  

 -وای دابنێ تۆ کەسێکی ئایین پەروەری کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستانی وهەمووان بە نوێژکەر و ڕوو لە خوات دەتناسن. ئاخۆئاسانترە بۆ تۆ بە گوومانەوە خواپەرستی بکەیت و وای نیشان بدەی کە  ڕازیت بە بیروباوەڕی ئایینی خۆت، لەوەی دوای چەندین ساڵ خواپەرستی ڕووبەڕووی خێزان و کەس و کار و هاوڕێ و کۆمەڵگا ببیتەوە و هەوڵی گۆڕێنی کۆمەڵگا بدەی بە هەوڵێکی تاکە کەسی کە کەس ناتوانێ  پێشبینی ئەو سزا جەستەیی یان بەرجەستەییە بکات کە کۆمەڵگا  بۆ ئەم گۆڕانکارییە  گەورە و کت وپڕە، بە سەرتدا دەیسەپێنێت؟ 

-یان وای دابنێ تۆ چەندین ساڵ ئەندامی دڵسۆزی پارتێکی سیاسیت. هەمیشە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، بەرگری لە سەرۆک و حزب و پەیڕەو وپڕۆگرامی حزب و بۆچوون و هەڵوێست و ڕابردووی حزب دەکەیت و هەمووان بەوە دەتناسن. بەڵام لە پڕێکدا بۆت دەربکەوێت کە تەواوی یان نیوەی باوەڕەت بە حزب ڕاست دەرنەچوون. ئاخۆ کامیان ئاسانترە  ڕووبەڕووی حزب ببیتەوە و هەموو جۆرە سزا جەستەیی و مادی و بەرجەرستەییەکانی حزب قبووڵ بکەیت یاخود سەری خۆت بۆ پاداشتەکای حزب نەوی بکەیت و ڕاستییەکان بشێوێنیت و بکەویتە پینەکردنی هەڵە و پەڵە ڕەشەکانی حزبەکەت؟

بۆیە زۆرێک لە خەڵک هەڵدەبژێرن لە ناو ئەشکەوتەکە بمێننەوە، چونکە هەندێک جار ژیان لە ناو وەهمدا ئاسانترە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی، بەڵام ئەو پرسیارەی ئەفلاتوون بۆ مرۆڤایەتی بەجێی هێشتووە، هێشتا و تا ئەمڕۆش هەمان ترسە و هەمان سەرنج ڕادەکێشێت: ئاخۆ چی ڕوو بدات کاتێ بۆت دەربکەوێت کە هەموو ئەوەی دەیبینیت، لە بنەڕەتدا ڕاستی نەبن؟

بەوپێیەی ئەمە بەکوردی نووسراوە، تۆ وەکو کوردێکی ئەم هەرێمی کوردستانە، تەماشایەکی دەوروبەری خۆت بکە، بزانە ئاخۆ چەندمان لە ناو ئەشکەوتەکانی بیروباوەڕی خۆماندا زیندانین و چەند دانەشمان کە هێندەی پەنجەکانی دەستیشمان نابین، له ئەشکەوتەکە هاتووینەتە دەرەوە و ڕووناکیمان بینیوە. لەوچەند دانە کەمەشمان، چەندمان بوێرانە زاتمان کردووە، بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵەی ئەشکەوتنشینان و ڕاستییەکانیان بۆ ڕوون بکەینەوە؟ 

ئەنجا بۆ ئەو چەند کەسە بوێرەی کۆمەڵگای کوردی بگەڕێ بزانە ئێستا لە ژیاندا ماون یان کوژراون یاخود لە زیندانی تاریکی ئەشکەوتنشینان، ئاخنراون؟ وەکو ئەو ژنە چالاکوانەی بواری مافەکانی ژنانی ئەم ڕۆژانەی دوایی کە بە هات وهاواری ئەشکەوتنشینان وا لە زینداندا توندکراوە. تەنها لە بەر ئەوەی ڕووناکی بینیوە و گەڕاوەتەوە تا بوێرانە بۆ تاریک نشینانی ڕوون بکاتەوە!؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی