پەككەوتنی حوكمڕانیی ئەوكاتە دەستیپێكرد كە پەرلەمان بێچاوڕوو تەمەنی خۆی درێژكردەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم به‌گوێره‌ى فەرمانێك لە28ى 6ى 2026 بەنایاسایی‌و لەجیاتی پەرلەمان، سەرۆكێك یان سەرپەرشتیارێك بۆ چاودێریی دارایی دادەنێت كە پلەی وەزیرە، لەكاتێكدا چاودێریی دارایی دەسەڵاتێكی سەربەخۆی چاودێری سەر بەپەرلەمانەو دامەزراندنی سەرۆكی ئەو دەزگایە بەتەنها لەڕێگه‌ی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە دەبێت‌و حكومەت ناتوانێت لەوبارەیەوە بڕیاربدات.

لەیاسای ژمارە 2 ساڵی 2008 دەستەی چاودێری دارایی بەڕونی پەیكەربەندیی‌و دەسەڵات‌و دانانی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی خراوەتەڕوو، لەمادەی دوەمی یاساكەدا بەڕونی دەڵێت، دەسەڵاتێكی سەربەخۆی دارایی‌و كارگێڕیی هەیە، لەمادەی سێیەمدا دەڵێت، چاودێریی دارایی بەپەرلەمانی كوردستان بەستراوەتەوە.

لەمادەی پێنجەمیشدا هاتوە كە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بەزۆرینەی دەنگ لەلایەن پەرلەمان، بەمەرسومێكی هەرێمیی دادەمەزرێت، ئەم دەسەڵاتە بۆخۆی چاودێرە بەسەر حكومەت، چۆن دەكرێت سەرۆك یان سەرپەرشتیارەكەی حكومەت دایبنێت.

ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە لەكۆتایی فەرمانەكەی حكومەتدا بەڕونی ئیعتیراف دەكات كە دانانی سەرۆكی دیوان لەدەسەڵاتی پەرلەمانە نەك حكومەت، ئەمە لەكاتێكدا لەهیچ دەقێكی یاساییشدا باسی سەرپەرشتیار نەكراوەو نییە.

چاودێریی دارایی بۆخۆی دەسەڵاتێكی چاودێرە بەسەر كاروباری دارایی‌و كارگێڕیی حكومەت‌و دامودەزگاكانی حوكمڕانیی، نەنگییەكی زۆر گەورەو بەرپەرسیارێتیكی گەورەیان دەكەوێتە ئەستۆ بازبدەن بەسەر یاسا لەكاتێكدا خۆیان وردبینی‌و پشكنین بۆ كەموكوڕیی‌و گەندەڵیی دارایی‌و كارگێڕیی دەكەن‌و بەفەرمانێكی نایاسایی كاربكەن!

لەكوردستان هەموو دەسەڵاتە چاودێرەكان پەكیانكەوتوە یان لەدەرەوەی یاسا كاردەكەن، پەرلەمان پەكیكەوتوە، دەستەی دەستپاكیی، سەرۆكەكەی زیاتر لە 10 ساڵە ماوەكەی بەسەرچوە، دیوانی چاودێریی دارایی سەر بەپەرلەمانەو سەرۆكی نییەو پەكیكەوتوە، داواكاریی گشتیی لەوانی دیكە باشتر نییەو هەمومان دەزانین لەچ دۆخێكدایە.

ماوەی 4 ساڵە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم بەهۆی خانەنشینبونی سەرۆكەكەی نیمچە پەككەوتوە، پەرلەمانی كوردستانیش پەكیكەوتوە بۆیە ناتوانرێت سەرۆكێكی نوێ‌ دابنێت، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بازدانە بەسەر یاساو دەسەڵاتی خۆی، لەباتی پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت نە سەرۆك‌و نە سەرپەرشتیار بۆ ڕاییكردنی كارەكانی چاودێریی دارایی دابنێت.

لەهەرێمی كوردستان دەسەڵاتە سەرەكیەكانی حوكمڕانی ماوەیان بەسەرچوە یان پەكیانكەوتوە، پەككەوتنی حوكمڕانی لەم چەند ساڵە لەو ڕۆژەوە دەستیپێكرد كە خولی ڕابردوی پەرلەمان بێچاوو ڕوو ساڵێك ماوەی خۆی درێژكردەوە، بەڵام دادگای دەستوریی عیراق هەڵیوەشاندەوە، ئەمەش عەیبەیەكی گەورەبوو بۆ ئەو خولە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی