خوێنەری ئازیز، وێنای ئەوە بکە کە پاش چەند ڕۆژ
کۆکردنەوەی بەڵگەنامە، دەچیتە بەردەم پەنجەرەی فەرمانگەیەک. داوای مافێک یان
مۆڵەتێکت هەیە. فۆرمەکانت پڕ کردووەتەوە، بەڵگەکانت لەگەڵدایە و پێت وایە مەرجە
داواکراوەکانت جێبەجێ کردووە.
کارمەندەکە بەڵگەکانت دەبینێت و دەڵێت:"بەڵگەکانت
تەواون، بەڵام ئەم فۆرمە دەبوو لەسەر پەڕەیەکی شین بێت، نەک سپی. بەپێی ڕێکارەکان
ناتوانم وەریگرم"
تۆ دەپرسیت: "جیاوازیی ڕەنگی پەڕەکە چییە، کاتێک
هەموو زانیارییەکان هەمان زانیارین"
وەڵامەکە کورتە: "ببوورە، ڕێکارەکە وایە"
لەم ساتەدا، کێشەکە تەنها ڕەنگی پەڕە نییە. پرسیارەکە
ئەوەیە: ئایا ڕێکارەکە هێشتا خزمەتی ئامانجی ڕێساکە دەکات، یان تەنها خۆی دووبارە
دەکاتەوە؟
لە وتاری پێشوودا وەستاین لەسەر ئەوەی چۆن چوارچێوەیەک
دەتوانێت ببێتە ڕێسایەکی گشتی. ڕێسا دیاری دەکات چ شتێک دەبێت بپارێزرێت، چ مەرجێک
دەبێت جێبەجێ بکرێت و مامەڵەکان لەسەر چ بنەمایەک هەڵبسەنگێنرێن.
بەڵام ڕێسا بۆ ئەوەی لە کاری ڕۆژانەدا جێبەجێ بکرێت،
دەگۆڕدرێت بۆ ڕێکار. ڕێکار دەڵێت: یەکەم چی بکە، دووەم کام بەڵگە بپشکنە، دواتر
کەیسەکە بۆ کام بەش بنێرە.
ڕێکار بە خۆی کێشە نییە. دەتوانێت کارەکان ڕێک بخات،
نایەکسانی کەم بکاتەوە و ڕێگری بکات لەوەی هەر کارمەندێک بە پێی تێگەیشتنی خۆی
مامەڵە بکات. بەڵام ڕێکار کاتێک دەبێتە بەربەست کە هۆکاری خۆی لەدەست دەدات و
تەنها داوای ملکەچبوون دەکات.
با جیاوازیی نێوان دوو وەڵام ببینین.
وەڵامی یەکەم دەڵێت: "بۆ پاراستنی
زانیارییە کەسییەکانت، پێویستە ناسنامەکەت بە شێوەیەکی دیاریکراو پشتڕاست
بکرێتەوە. ئەگەر نەتوانیت ئەم هەنگاوە لە ڕێگای دیجیتاڵەوە تەواو بکەیت، دەتوانیت ئەم
ڕێگای جێگرەوەیە بەکاربهێنیت"
لێرەدا ڕێکارەکە هۆکاری خۆی ڕوون دەکاتەوە. هاووڵاتی
دەزانێت بۆچی هەنگاوەکە پێویستە و ئەگەر نەتوانێت جێبەجێی بکات، چ ڕێگایەکی دیکەی
لەبەردەستدایە.
وەڵامی دووەم دەڵێت: "بەپێی ڕێکارەکان
ناتوانرێت"
ئەم وەڵامە هۆکار نادات. ناڵێت ڕێکارەکە بۆچی دانراوە،
کێ پەسەندی کردووە، ئایا ڕێگای جێگرەوە هەیە، یان کام ڕۆڵ دەتوانێت دۆخە تایبەتەکە
هەڵبسەنگێنێت. وشەی "ڕێکار" لێرەدا جێگای ڕوونکردنەوە دەگرێتەوە.
کێشەکە ئەوە نییە کە دامەزراوە ڕێکاری هەیە. کێشەکە
ئەو کاتە دەردەکەوێت کە ڕێکار لە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێسا، دەگۆڕێت بۆ
ئامانجێک لە خۆیدا. لەو دۆخەدا، پرسیار ناکرێت ئایا مافەکە پارێزراوە؛ تەنها
پشکنین دەکرێت ئایا هەنگاوەکان بە هەمان ڕیز جێبەجێ کراون.
کارمەندەکە ڕەنگە دەسەڵاتی گۆڕینی ڕێکارەکەی نەبێت.
بۆیە نابێت بەرپرسیارێتیی تەواوی سیستەمەکە بخەینە ئەستۆی ئەو. بەڵام دەتوانێت
هۆکارەکە ڕوون بکاتەوە، ڕێگای ناڕەزایەتی نیشان بدات و مامەڵەکە بگوازێتەوە بۆ ئەو
ڕۆڵەی کە دەسەڵاتی پێداچوونەوەی هەیە.
هەروەها، ئەو بەشەی ڕێکارەکەی نووسیوە، ئەو
بەڕێوەبەرەی پەسەندی کردووە و ئەو بەرپرسەی دەسەڵاتی گۆڕینی هەیە، نابێت لەپشت
وشەی "پڕۆتۆکۆل"دا ون بن. ڕێکارەکان لەلایەن مرۆڤەوە دانراون و
دەتوانرێت لەلایەن مرۆڤەوە پشکنین و ڕاست بکرێنەوە.
دامەزراوە کاتێک شایستەی متمانە دەبێت کە تەنها
نەپرسێت: "ئایا ڕێکارەکە جێبەجێ کرا؟" بەڵکو بپرسێت: "ئایا ئەم
ڕێکارە هێشتا ماف، دادپەروەری و ئامانجی سەرەکیی ڕێساکە دەپارێزێت؟"
چونکە لە هەنگاوی داهاتوودا، ڕێکار لە فۆرم و شاشەوە
دەگوازرێتەوە بۆ بڕیارێکی دیاریکراو لەسەر ژیانی مرۆڤێک، بۆیە، جارێکی تر کە پێت
وترا "ڕێکارەکان ڕێگە نادەن"، تەنها مەپرسە ڕێکارەکە چی دەڵێت. بپرسە
ئەگەر ئەم ڕێکارە چیتر خزمەتی ئامانجی ڕێساکە ناکات،
کێ ناوی، ڕۆڵ و دەسەڵاتی هەیە بۆ ئەوەی بیپشکنێت و بیگۆڕێت؟
هۆڵەندا ـ 23ى 7ى 2026
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی