وێنەی دوژمن بەئاراستەی خود نەفرەتی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د

گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە بەبەردەوامی دوژمنی هەبووە، لەسەردەستی ئەم دوژمنانەش قوربانیەکی زۆری داوە ،هەموو شۆڕشەکانی کورد بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دوژمنکاریانەبووەو بەشوێن ئازادی و ڕزگاربوون لەو ستەم و خوێن ڕێژیەدا گەڕاوە، لەدوای ڕاپەڕینی 1991 گەلی کوردوستان لە هەرێم دا چوە قۆناغێکی نوێوە،شۆڕشی بەرەو حوکمڕانی تێپەڕاندو حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دامەزراند.

بەڵام سەد مەخابن،نەیتوانی خۆی لە کلتورە مێژوییەکەی شاخ و بوغزو شەڕو ململانێ تەقلیدیەکان ڕزگار بکات و بە فەلسەفەیەکی سیاسی نوێوە حوکمڕانی بکات.بەڵکو بە هەمان نەفەس و عەقڵیەتی سەردەمی شاخ دەستی کرد بە سیاسەتی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی و بەمەش هەرێمی کوردستانیان کردە کاولستانێک کە ئێستا لە خراپترین دۆخیدایە.
چونکە ئەو عەقڵیەتە بوە سەرچاوەی گەندەڵی و دزی و تاڵانی و پەرتەوازەیی هێزو پەک کەوتنی پڕۆژەکانی پەرەپێدان و دەست خستنە بینەقاقای یەکتر هەتا ئاستی کوشتن وێرانکاری و دەرکردن و سوتاندن وەک ئەوەی هۆزە بەشەڕهاتوەکانی هۆتی و و توتسی لە ئۆغەندا یەکتریان کرد .

دروستبوونی شەڕی ناوخۆی (94 تا 98)گەورەترین هەڵەی ستراتیجی بوو کەڕویدا،چونکە لەم شەڕەدا باشترین و دڵسۆزترین پێشمەرگەکانی کورد لە شەڕی کورد کوژیدا تیاچوون.کە ژمارەیان زیاترە لە 20هەزار پێشمەرگە ئەمەش،کتێبێکی ڕێکخراوی Human rights watch کەلەسەر شەڕی ناوخۆ نوسراوە پشتڕاست دەکاتەوە.

پاش وەستانی شەڕەکە،لە جیاتی بەخۆداچوونەوەو هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ،بەهەمان عەقڵیەت و پەنجا بە پەنجا درێژەیان بە حوکمڕانیدا و ململانێکان چونە ناو کایەی حوکمڕانی و دەستیانکرد بە دەست بەسەرداگرتنی پۆستەکانی حکومەت و بردنی سامانی گشتی بۆ حیزب و کۆمپانیاو بەرپرسەکانیان.و بەمەش بەرپرسانی دوو حیزبە حکومڕانەکە بوونە ملیۆنێرو ملیار دێرو خەڵک و نیشتمانیش هیچ، ئەم ململانێیە ڕۆژ بەڕۆژ قوڵتربویەوەو لەئێستاشدا لەخراپترین دۆخیدایە.

دەبوایە دوای پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم، یەکێتی و پارتی لەسەر بنەمای فەلسەفەیەکی حوکمڕانیی نوێ کاری سیاسییان بکردایە، لەسەر بنەمای ئەو ئاڵنکارییانەی ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نوێیە دەبنەوە  سیاسەتیان بکردایە. لەم ڕوانگەیەوە، لەسەر ئاستی دەرەوە بیانتوانیایە وێنەی دوژمن بۆ ئەزموونە نوێیەکە دیاری بکەن، و لە ژێر سایەی ئەم سیاسەتە نوێیەدا هەموو هێزە سیاسییەکان و جەماوەر بە گشتی پارێزگاری لە بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتمانی و نەتەوەیی بکردای، چونکە دروستبوونی ئەزموونێک کە کورد خۆی بەڕێوەبەری بێت، بۆ وڵاتانی ناوچەکە (بە تایبەتی ئەوانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە) جێگەی قبووڵکردن نەبوو، ئەگەر پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبووایە، تەمەنی حکومەتی هەرێم لە کۆماری مەهابادی قازی محەمەد درێژتر نەدەبوو. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوە بوو کە ئەم 2 پارتە حوکمڕانە، لەجیاتی دروستکردنی ئەزموونێکی یەکگرتوو وەستانەوە دژ بە دوژمنی دەرەکی، لەسەر بنەمای پلانێکی تر کاریان کرد کە ئەویش بەدوژمنکردنی یەکتر بوو بە ئاڕاستەی خودنەفرەتی.

یەکێتی و پارتی لە شەڕی ناوخۆدا، لە هەموو بوارەکانی سەربازی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا شەڕی یەکتریان کرد؛ هەروەها لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تریشدا هەموو جۆرە توندوتیژییەکیان بەکارهێنا بۆ سووتاندنی بارەگا، دەستگیرکردنی ئەندامانیان و بێبەشکردنیان لە پۆستە حکوومییەکان.

بەهۆی ئەو بارودۆخەوە کە وێنەی دوژمنەکان لە دەرەوە گواستراونەوە بۆ ناوخۆ و وێنەیەکی ناشیرین بۆ کورد و ئەزموونەکەی دروست بوو، ڕۆژ بە ڕۆژی یەکێتی گەلی پەلتەوازە کرد و حکوومەتی هەرێمی لاواز کرد و دواجار بووە کار بە ڕێکەر و چووە لاوازترین قۆناغی خۆی. پەرلەمان لە کارخراو هەڵبژاردن بوە پرۆسەیەکی گاڵتەجاڕی، گەورەترین سامانی نیشتمانی کە نەوت بوو ڕادەستی بەغدا کرایەوە.

ڕۆڵی دەوڵەتە ئەقلیمیەکان لە هەرێمدا زیادی کرد و لە ئێستادا بە جۆرێکی لێهاتووە کە پەیوەندی ئەو دوو هێزە سەرەکیە لەگەڵ بەغدا و تورکیا و ئێران بە هێزترە لەوەی کە لە نێوان خۆیاندا هەیە، لێرەوە هەرێمی کوردستان لە ئەزموونێکی سیاسی گەلێکەوە گۆڕا بۆ دوو زۆن کە دوو بنەماڵە حوکمی دەکەن.

لە ئێستادا وێنەی دوژمن لە دوژمنی نیشتمانەوە گۆڕاوە بۆ دوژمنی حیزب.  ئەو 2 حیزبە لە میدیاکانیاندا سڵ لە هیچ سووکایەتی و شکاندنێک بەرامبەر یەکتر ناکەنەوەو، و ئەوەی بە یەکتری دەکەن هەرگیز بەرامبەر بە دوژمنە دەرەکییەکان نایکەن. لەژێر سایەی ئەم دۆخەشدا کە ئەو 2 حیزبە حوکمڕانە دروستیان کردووە، ئاماژە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە بەرەو ئەوە دەچن کە قەوارەی هەرێم بەرەو پووکانەوە و لەناوچوون بچێت، و جارێکی تر چارەنووسی کورد لەم ناوچەیە تێکەڵ بە عێراق بکرێتەوە، بەمەش هەموو ئەو هیوایەی کە 70 ملیۆن کورد لەسەر ئاستی جیهان لەسەر ئەم هەرێمە هەڵیانچنیبوو ببێتە سەرابێک.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە