نەتەوەیەک دڵ ئاراستەی دەكات

1 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد سدیق

نەتەوەیەک دڵ ئاراستەی دەكات كە دەڵێین مەملەکەتی کورد، راستەوخۆ مانای جۆگرافیایەکی سیاسی و یەکەیەکی نەتەوەیی دەگەیەنێت،بەڵام مرۆڤی كورد هەر كە دەگاتە قۆناخی قسەكردن و خۆ ناسین، راستەوخۆ مێژووەكەی دەبێتە کێڵگەیەکی فراوانی بە پیت و بەرەكەتی ترپەی لێدانی دڵ، ئەو دڵەی مێژووەكەی نەک بە مەرەکەبی ڕەشی ئەقڵ و حیکمەت، بەڵکو بە خوێنی گەرم و لێدانی پڕ لە جۆشی سۆز نووسراوەتەوە و دەنووسرێتەوە.

کێشەی بنەڕەتیی ئەم نەتەوەیە لەوەدا نییە خاوەن هەستە، بەڵکو كێشەكە ئەوەیە هەست سەرچاوەی هەموو تێگەیشتنیەتی بۆ دەوروبەری خۆی و بۆ هەموو جیهان. بێگومان کاتێکیش دڵ دەبێتە ڕێبەر و سەروەر، ئۆتۆماتیكی ئەقڵ دەبێتە کۆیلەیەکی دەستوپێ كەلەپچە كراو، مەیدانەکە بۆ ساتەوەختە کوێرەکان چۆل دەکات. ئیتر لە ژینگەیەكی لەم جۆرەدا، مرۆڤی کورد لە یەک چرکەدا حەیران دەڵێت و لە چاوترووكانێكدا دەیکات بە لاواندنەوە، دەیكات بە مەقام زۆر بە خێراییش دەیگۆڕێت بۆ بەستە و گۆرانی. نەتەوەیەكین سەفەردەكەین و لە نیوەی ڕێگای سەفەرەكەدا لەناكاو پەشیمان دەبینەوە و دەگەڕێینەوە، چونکە بزوێنەری جوولە، عاتیفەیەکی کاتییە نەک ئیرادەیەکی پۆڵاینی ئەقڵانی کە ئامانجە دوورەکان ببینێت.

لە فەلسەفەی وجودیدا، دڵ ناوەندی سۆزە، ئەقڵیش ناوەندی وشیارییە، کۆمەڵگایەک تەنیا بە دڵ مامەڵە لەگەڵ بووندا بکات، دەکەوێتە ناو تەڵەی تراژیدیای کاتی و لەناو دۆخێكی چەقبەستوودا دەخنکێت. دڵ قەت ستراتیژ داناڕێژێت، چونکە دڵ تەنیا لە ئێستادا دەژی، لە ئێستایەکی پڕ لە گریان یان پڕ لە پێکەنین، بەجۆرێك ناهێڵێت مرۆڤ سەیری ئاسۆکانی داهاتوو بکات. ئەم هەڵچوونە ساتەوەختییانە وای کردووە مرۆڤی کورد نەتوانێت پرۆژەیەکی درێژخایەنی هەبێت، چونکە ئێمە میللەتێکین بە یەک وشەی پڕ لە سۆز هەموو مێژوویەکی پڕ لە خیانەتكاریمان بیر دەچێتەوە، بە یەک هەڵەی بچووکیش هەموو ڕابردوویەکی پڕ لە قارەمانێتیمان دەسووتێنین!. ئەمە کارەساتی دیکتاتۆریەتی سۆزە کە حەقیقەتەکان دەبنە قوربانیی مەزاج. تەنانەت ئایین و پیرۆزییەکانیش لەم مەملەکەتەدا بوونەتە ئامرازی سۆز، مرۆڤی کورد بە حیساب موسڵمانە و لە خواترسە، کەچی بۆ چەسپاندنی درۆکانی ڕۆژانە دەیان جار سوێند بە خودا و بە قورئانەکەی دەخوات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پیرۆزییەکان لە قووڵایی ئەقڵدا جێگیر نین، بەڵکو تەنیا لەسەر لێواری هەستەکان نیشتوون.

ماڵوێرانیی ئێمە لەوەوە دەست پێ دەکات ئێمە خاڵین لە ئەقڵ، بە دڵەکانمان شەڕ دەکەین، بە دڵەکانمان ئاشتی دەکەین، بە دڵەکانمان دەنگ دەدەین، بە دڵەكانمان رەفتارەكانمان دەنوێنین، بێ ئەوەی فلتەرێکی لۆژیکی هەبێت بۆ جیاکردنەوەی بەرژەوەندی لە ئارەزوو. دڵ کاتێک بە تەنیا دەمێنێتەوە دەبێتە هێزێکی تێکدەر، چونكە ئەقڵی تێدا نییە. وەک ئەو کەشتییە وایە کە با بۆ ئەملاو ئەولای وەردەسووڕێنیت، بۆیە ئەم نەتەوە کۆنە سەرەڕای قەبارە و مێژووەکەی هێشتا لەناو هەمان بازنەی داخراو دەسووڕێتەوە. تۆ سەیری ئەم پارادۆکسە بكە، مرۆڤی ئێمە ڕقی لە بەرپرسەکانە و دەزانێت گەندەڵن، درۆزنن، سووكن، بوودەڵەن....هتد، بەڵام کاتێک بۆی هەڵدەکەوێت وێنەیەکیان لەگەڵ بگرێت خێرا لە فەیسبووکەکەی خۆی بڵاوی دەکاتەوە و بە شان و باڵیدا هەڵدەڵێت، چونکە سۆزی بەرژەوەندیی کاتی زاڵە بەسەر پرەنسیپی ئەقڵانی. ئەقڵ ئەو ڕووناکییەیە ڕێگەی داهاتوو دەبینێت، بەڵام دڵ تەنیا ئەو چرایەیە ناوەوەی مرۆڤ دەسووتێنێت و وای لێ دەکات لەناو خۆڵەمێشدا هەنگاو بنێت. بۆیە ئەقڵ لە مەملەکەتێک کۆچ بکات، وشیاری دەبێتە مۆمێکی کوژاوە و لە تاریکیدا تەنیا هاواری هەستەکان دەبیسترێت کە ناتوانن مانایەکی قووڵ بۆ ژیان بەرهەمبهێنن.

تۆ لێی ورد بەرەوە، لە کۆمەڵگای کوردیدا هەمووی شاعیرن، بەڵام نەک بۆ نووسینی شیعرێکی بەرز، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕاستییە تاڵەکان بە پەردەی سۆز و عاتیفەی رووت دابپۆشین. هەموومان كاتێك ژنێكی جوان دەبینین دوو چاومان هەیە و پەنجا چاوی تری بۆ قەرز دەکەین بۆ ئەوەی تێر تێر تەماشای بكەین، ئێمە لە واقیعدا ناژین، ئێمە لەناو خەیاڵ و ئارەزووەکانی دڵماندا دەژین و بەدوای جوانییەکی وەهمیدا وێڵین کە ئامادەین بۆی ماڵی ڕاستەقینەی خۆمان وێران بکەین. ئەم دابڕانە لە واقیع گەیشتووەتە ئاستێک ئەوەی نەخوێندەوارەو لە ژیانیدا کتێبێکی نەخوێندۆتەوە، کەچی پێیوایە هەموو شتێک دەزانێت و دەتوانێت لەسەر وردترین بابەتە ئابووری و سیاسییەکان رێنمایی هەمووان بكات، ئەمە کارەساتی زانینی وەهمییە کە لە سۆزێکی بێسنوورەوە بۆ خۆسەلماندن سەرچاوە دەگرێت، دوور لە ڕامانێکی قووڵی ئەقڵانی. هەموو جیهان بگەڕێ ئەم سووپا نەخوێندەوارە نادۆزیتەوە، كە لە سۆشیال میدیا رێنمایی حیزب و میللەت و خەڵكی نوخبە بكات!.

دڵی کورد، جیاواز لە هەموو نەتەوەکانی تر، دڵێکی بێ مەرج و بێ ئاراستەیە، نەتەوەکانی تر دڵیان وەک بزوێنەر بەکار دەهێن، بەڵام ئەقڵ وەک سوکان و قیبلەنما کار دەکات. لای ئەوان دڵ وزە دەبەخشێت و ئەقڵیش ئاراستە دەستنیشان دەکات، بەڵام لای ئێمە دڵ هەم وزەیە و هەم ئاراستە، ئەمەش وای کردووە ئێمە لە یەک چرکەدا لەوپەڕی لووتکەی قوربانیدانەوە بکەوینە ناو قووڵایی بێهیوایی و ڕەشبینی. دڵێکی ئاوا شێت ناتوانێت دەوڵەت دروست بکات و ناشتوانێت سیستەم بونیاد بنێت، چونکە سیستەم پێویستی بە ساردوسڕیی ئەقڵ و لۆژیکی ماتماتیكی هەیە، نەک گەرموگوڕی و لێشاوی فرمێسک. لەم فەزایەدا هەمووان قسە دەکەن بەڵام کەسیان گوێ ناگرن، ئاخر گوێگرتن پێویستی بە بێدەنگیی ئەقڵ هەیە بۆ تێگەیشتن، لە کاتێکدا قسەکردن تەنیا بەتاڵکردنەوەی ئەو بارگاوییە سۆزدارییەیە کە دڵەکانمان پڕیان کردووە. ئێمە لەناو قووڵترین قەیرانی سیاسیداین کەچی ڕۆژانە ئامۆژگاری سیاسییەکان دەکەین، ئەمەش لووتکەی بێباکییەکی سۆزدارییە کە واقیعی تاڵ نابینێت و بەدوای چارەسەری سیحریدا دەگەڕێت.

ئێمە بووینەتە میللەتی گریان و پێکەنین چونکە دڵ ناسەقامگیرە و بە سروشتی خۆی زوو وەرەس دەبێت، زوو دەگۆڕێت و زوو بڕیار دەدات. ئەوەی ئەمڕۆ دڵ پێی خۆشە ڕەنگە دوای كاتژمێرێكی دیكە وەک دوژمن بیبینێت، ئەم ناسەقامگیرییە دەروونییە لە سیاسەت و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشماندا ڕەنگی داوەتەوە و وای کردووە هەموو شتێکمان بە پێچەوانە بێت. کاتێک دڵ حوکم دەکات حەقیقەت دەبێتە قوربانیی مەزاج، ئێمە تەنیا ئەو ڕاستییانەمان دەوێت کە دڵمان ئاسوودە دەکەن نەک ئەو ڕاستییانەی کە چارەنووسمان ڕزگار دەکەن. لەسەر ئاستی مێژوویی دڵ بۆ ئێمە وەک ئاگر وابووە، هەم گەرمی کردووینەتەوە و هەمیش ماڵەکەمانی سووتاندووە. ئێمە بە دڵ پارێزگاریمان لە شوناسی خۆمان کردوو، بەڵام هەر بە هەمان دڵیش دەرفەتە زێڕینەکانمان لەدەست داوە ،چونکە ئەقڵی ڕەخنەیی نەبووە بپرسێت چۆن؟ بۆچی؟، بەڵکو حەزمان لێیەتی!!. ئەم دڵە گەورە و چییكڵدانە بچووكەی کورد ئەگەر نەخرێتە ژێر چاودێریی ئەقڵێکی سارد و وشیار، هەر بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی کارەساتی نوێ و خولانەوە لەناو هەمان بازنەی شکستی مێژووییدا.

ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی ئەقڵانی هەیە تا دڵ وەک سووتەمەنی بمێنێتەوە بەڵام ئەقڵ وەک ڕێبەر دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەگەرنا، ئەم گریان و پێکەنینە بێباکانەیە و ئەم ڕاکردنە بەدوای سەرابدا وەک کارەساتی ئاخیرزەمانی نەتەوەیەک دەمێنێتەوە کە تەنیا بەهۆی ئەوەی زۆر هەستیار بوو هەموو شتێکی دۆڕاند. ماڵی وێرانی کورد پێویستی بە ئەندازیاریی ئەقڵە نەک بە نزا و هاواری دڵێکی تەنیا و بریندار کە لە نیوەی ڕێگادا دەگەڕێتەوە.میللەتی کورد لە داهاتوودا یان دەبێت بە ئەقڵ بیر بکاتەوە و سیستەمێکی لۆژیکی بونیاد بنێت، یان لەناو شەپۆلە ناسەقامگیرەکانی دڵیدا بۆ هەمیشە نوقم بێت و مێژوو وەک تراژیدیایەکی ئەدەبیی بێ سوود بینووسێتەوە. ئەمە کاتی وشیاربوونەوەیە لە خەوی سۆز، چونکە گەردوون تەنیا گوێ لەو زمانە دەگرێت کە بە ئەقڵ دەنووسرێتەوە و بە ئیرادەی وشیار جێبەجێ دەکرێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی