فەرمانی٧٤سەر ئێزیدییەکانی شنگال

2 کاتژمێر پێش ئێستا

کاوە نادر قادر

بەرەبەیانی رۆژی ٣ی ئابی٢٠١٤رێکخراوی داعشی تیرۆرست،هێڕشێکی بەرفراوانی بەرنامەڕێژی فرەلایەنی هێنایە سەر ناوچەی شنگال،دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە لەو ناوچەیە جێگیر بوونکشانەوەو خەڵکەکەیان وەک نێچیر بۆ داعشە تیرۆرستەکانی تێنو بە خوێنی کوردستانیان،بەجێ هێشت و هێزەکانی داعشی تیرۆرست  لەو ناوچەیەدا،چەندین تاوانی گەورەیان ئەنجامدرا، کە لە یاسا نێودەوڵەتییدا، بە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی هەژمار دەکرێ.
دوای دوازدە ساڵ لەو کارەساتە، پرسیارەکە لەوەدا نەماوە چیڕۆکی رووداوەکە بگێڕدرێتەوە ؟ بەڵکو پێویستە بپرسرێ بۆچی  شەنگال و ئێزیدییەکان کرانە ئامانج؟ ئایا داعش تاکە تاوانباری ئەو جینۆسایدە بوو، یان ئامرازێک بوو لە سیناریۆیەکی فرەلایەنی ئاڵۆزتردا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، بێ ئەوەی بەرپرسیارێتی تاوانکاریی ڕاستەوخۆی داعش کەمبکرێتەوە، تاوانەکە تەنیا بە بەرهەمی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی توندڕەوی داعش ئەنجام نەدرا، بەڵکو حیساباتی جیۆپۆلەتیکی و فراوانخوازی هەرێمی لەگەڵی تێکەڵ بوون،بەشدارییەکی کارایان لە دروستکردنی ئەو ژینگەیەدا کرد کە ئەو کارەساتەی لێ کەوتەوە.
    ئەو هێڕشە بە پلانگێڕی چەند لایەنێک و مەودا دووری و وردی بۆ داڕێژرابوو، لێرەدا دەکرێ بۆ ئەو قسەیەمان چەند ئاماژەیەک بکەین:
_ چەندین دەزگای هەواڵگریی هەرێمی کە تێنو بوون بە خوێنی کوردستانیان، بە تایبەتی لە جولاندنی ئەو پێکهاتەی کە رۆلی کاریگەریان  بینی لە ئەنجامدانی هێڕشەکە(هەندێ لە تورکمانەکانی داعشی تەلەعفەر، بەشێک لەو عارەبە تەعریبچیانەی کە لە لایەن حزبی بەعسی رووخاو لە کاتی خۆی بۆ ناوچەکە هێنرابوون، لەگەڵ هەندێ  بنەماڵە لە عەشیرەتێکی کوردی و یەکەم ئەمیری داعشی شنگال دوای کارەساتەکە کە کەسێکی  کورد بووە و پاش سێ مانگ لەناویان  رایکردە.
_ هەڵبژاردنی شوێن و کاتی هێڕشەکە،زۆر لێکدانەوە هەڵدەگرێ، ئەو رۆژە (٣ی ئاب)،کۆتایی جەژنی چلەی هاوینی ئێزیدییەکان بوو، لەو رۆژە ئێزیدییەکان مەژغووڵی ئاهەنگ گێڕان بوون بەو بۆنەو لە چەک هەڵگرتن دوور دەبن، ئەوجا هەڵبژاردنی یەکەم هێڕشی گەورە، لە سەعات دووی بەرەبەیانی (سێی ئاب) بۆ سەر گوندی (گرزەرک) کە دانیشتوانەکەی وەک(ئەرسەدۆکسی ئێزیدی) سەیر دەکرێن، بە کەوتنی ئەو گوندە، گوندەکانی دیکە بە ئاسانی خۆ بەدەستەوە دەدەن.

خوێندنەوەی وردی جینۆسایدەکە و لێکدانەوەی ئەو خاڵانە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەئامانجکردنی ئێزیدییەکانی شنگال تەنیا هێرشێک بۆ سەر گروپێکی ئایینی نەبووە، بەڵکو هێرشکردنی سەر پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلی کورد بوو لە یەکێک لە ناوچە هەستیارەکانی جیۆپۆلەتیکیانەدا. شنگال پردێکی پەیوەندیی جوگرافییە  کە باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە،بەشێک لە قووڵایی ستراتیژی کوردستان پێکدەهێنێت.بۆیە کەمبوونەوەی دانیشتووانەکەی تەنیا دەرئەنجامێکی مرۆیی شەڕەکە لێنەکەوتەوە،بەڵکو واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی دروستکرد کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی هەست پێدەکرێت.

بەو جۆرە،کارەساتەکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرۆژەی سیاسی کوردستانی کرد،چ بە لاوازکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی کوردستانی، یان گۆڕینی شنگال بۆ گۆڕەپانێکی یەکتربڕینی بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

بەم پێیە جینۆسایدەکە، تەنیا تاوانێکی تیرۆریستی نەبوو، لە لایەن داعشەوە ئەنجامدرا، بەڵکو ساتێکی سەرەکی بوو لە مێژووی ئێزیدییەکان وەک بەشێک لە گەلی کورد بە گشتی،دووپاتی کردەوە کە بە ئامانجگرتنیان لە چوارچێوەی بەرفراوانی ململانێ لەسەر ناسنامەو خاک و سەربەخۆیی لە کوردستان دابڕاو نەبووە. ساڵانی دوای جینۆساید سەلماندی کە تاوانەکە بە کۆتایی هاتنی کۆنترۆڵی داعش بەسەر شەنگال و دەرکردنیان لە شارەکە کۆتایی نەهاتووە.کاردانەوە سیاسی و دیمۆگرافی و ئەمنییەکانی بەردەوامن هەتا ئێستاش. تا هەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بەو تاوانە هەیەو ئاسانکارییان بۆ جینۆسایدەکە کردووە یان سوودمەندبوون لە دەرئەنجامەکانی، لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا، سزای تەواو وەرنەگرن  دادپەروەری نایەتە دی.

فەرمانی ٧٤ی سەر ئێزیدییەکانی شنگال وەک برینێکی کراوە لە یادەوەری ئێزیدییەکان و گەلی کورردستاندا دەمێنێتەوەو بەڵگەش لە سەر ئەوە دەبێت، کە جینۆساید لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، کە زۆرجار خزمەت بە ئامانجە سیاسییەکان دەکات و لە بکەری ڕاستەوخۆی پتر درێژدەبێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە