لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، شەنگال تەنها داگیر نەکرا؛ مرۆڤ، ئایین، شوناس و مێژووی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن کرانە ئامانج. هێرشەکەی داعش هەوڵێکی ڕێکخراو بوو بۆ کوشتن، ڕفاندن، کۆیلەکردن و سڕینەوەی ئێزدییەکان لە خاکی باوباپیرانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە نێوان ٢ هەزار تا ٥ هەزار و ٥٠٠ ئێزدی گیانیان لەدەست داوە، نزیکەی ٦٣٨٦ ژن و منداڵ ڕفێنراون و لە نێوان ٣٥٠ تا ٤٥٠ هەزار کەس لە شەنگال ئاوارە بوون. زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵیش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دۆزراونەتەوە.
بەڵام دوازدە ساڵ دوای جینۆسایدەکە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا تەنها یادکردنەوەی قوربانییان بەسە؟
لە ٣ی ئابی ٢٠٢٥دا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند کە هێشتا زیاتر لە ٢٦٠٠ ئێزدی دیارنەماون و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بێماڵ و ئاوارەن. ئەمە مانای ئەوەیە کە جینۆسایدەکە تەنها ڕووداوێکی کۆتاییهاتووی مێژوویی نییە؛ بەڵکو کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆ لە ژیانی خێزانەکاندا بەردەوامن.
یادەوەری بەبێ دادپەروەری تەواو نابێت
هەموو ساڵێک لە ٣ی ئابدا بۆنە و وتار و پەیامی هاوخەمی ڕێک دەخرێن؛ بەڵام دادپەروەری بە وتار بەدی نایەت. تا ئەو کاتەی تاوانباران بە شێوەی یاسایی بەرپرسیار نەکرێن، دیارنەماوان نەدۆزرێنەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکان نەکرێنەوە و قەرەبووی زیانلێکەوتووان نەدرێتەوە، برینی شەنگال بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
بۆچی گەڕانەوە هێشتا دژوارە؟
گەڕانەوە تەنها بە داخستنی کەمپەکان ڕوونادات. خێزانێک کاتێک دەتوانێت بگەڕێتەوە کە ئاسایش، خانوو، قوتابخانە، نەخۆشخانە، کار و ئیدارەیەکی متمانەپێکراوی هەبێت.
ڕێککەوتنی شنگال لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئیدارە و ئاسایشی ناوچەکە واژۆ کرا؛ بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠٢٥دا جەختی کردەوە کە بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و ملمـلانێی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە.
بەرژەوەندیی دانیشتووانی شنگال نابێت ببێتە قوربانیی ملمـلانێی بەغدا، هەولێر و هێزە دەرەکییەکان. خەڵکی شنگال خۆیان دەبێت بەشدار و خاوەنبڕیار بن لە دیاریکردنی داهاتووی ئیداری و ئاسایشی ناوچەکەیان.
یادکردنەوەی ڕاستەقینە چییە؟
یادکردنەوەی ڕاستەقینە بریتییە لە:
* دۆزینەوەی دیارنەماوان و چارەنووسی ڕفێنراوان؛
* کردنەوە و ناسینەوەی قوربانییانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان؛
* دادگاییکردنی تاوانباران بە تۆمەتی جینۆساید؛
* خێراکردنی قەرەبوو و پشتگیریی دەروونیی ڕزگاربووان؛
* ئاوەدانکردنەوەی شنگال و مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەلامەت؛
* پاراستنی بەڵگە و یادەوەریی جینۆساید لە کتێب، قوتابخانە و ئەرشیفی نیشتمانی.
٣ی ئاب نابێت تەنها ڕۆژێک بێت بۆ نووسینی پەیامی هاوخەمی؛ دەبێت ڕۆژی نوێکردنەوەی بەڵێن بێت: بەڵێنی دادپەروەری، بەڵێنی گەڕاندنەوەی شەنگال بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی و بەڵێنی ئەوەی هیچ کۆمەڵگەیەکی تر بەهۆی ئایین و شوناسی خۆی نەکرێتەوە قوربانیی فەرمانێکی نوێ
تێبینی:
فەرمانی «٧٤» لەو باوەڕە مێژووییەوە هاتووە کە ئێزیدییەکان پێشتر ٧٣ جار تووشی کوشتار، ڕاگواستن و هەوڵی سڕینەوەی ئایین و ناسنامەکەیان بوون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی