هەندێک شوێن لەسەر نەخشە، وەک شوێننکی ئاسایی ناویان تۆمار کراوە، کە بەشێکە لە وڵات و نیشتمان، بەڵام هەندێک شوێن دەبن بە ناسنامە، دەبن بە ڕەمزی قوربانی و لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتیدا دەبنە برین. لە کوردستان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، هەر مشتێک لەم خاکە مێژووی برینێکی هەڵگرتووە؛ هەڵەبجە، ناوچەئەنفالکراوەکان (گەرمیان،بارزان، کورێمە و ...) شەنگال... ئەو ناوانەن کە لە نەخشەدا شوێنن، بەڵام لە ویژدانی نەتەوەکەماندا، ناسنامەن. لە ئێستادا شەنگال برینێکە زۆر بە سوێیە،برینێک کە ساڵان تێدەپەڕن، بەڵام هێشتا خوێنی لێ دەچۆڕێتەوە. چیرۆکی شەنگال و شەنگالیەکان تەنها چیرۆکی شارێک نییە، تەنها چیرۆکی کۆمەڵەیەکی ئاینییش نییە؛ ئەمە چیرۆکی مرۆڤایەتییە لەسەدی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، ئەوە چیرۆکی ئەو جیهانەیە کە زۆرجار لە کاتی تاقیکردنەوەی ویژدانیدا، جیهان بێدەنگ دەبێت، مرۆڤایەتی بێ دەنگ دەبێت و تاونەکان ڕەوایەتی وەردەگرن، تاوانکارانیش ئازادەنە دەسوڕێنەوەو یاساکانیش دەبن بە مەرەکەبی سەر کاغەز و ویژدانیش دەخەوێت.
ناکرێت کارەساتەکان لەبیر بکرێن، لەبەرئەوەنا، بۆ ئەوەی ساڵانە چەند بەیاننامەو ڕێورەسمی سیاسی دەر بکرێن هەندێ وشەی سواو بێ کردار دووبارە بکرێنەوە. بە بۆچوونی ئێمە یادکردنەوە بۆ پاراستنی ڕابردوو نییە، بەڵکوو بۆ پاراستنی داهاتووی مرۆڤایەتییە، یادکردنەوەی کارەساتی جینۆسایدی شەنگال، ئەنفالی شەنگالیەکان لەو کارەساتانەییە.
ئێزدییەکان، وەک یەکێک لە ڕەسەنترین پێکهاتەکانی نەتەوەی کورد، سەدەها ساڵە لە بارگرانیی (فەرمانەکاندا) دەژین. لە بیرکردنەوەی هەر ئێزدیک و کوردێکی ڕەسەن ومرۆڤێکی دروستدا، فەرمان تەنها وشە و وشەیەکی مێژوویی نییە تەنیا وشەیەکی ئاسایی نییە لەو فەرهەنگی زمانی کوردیدا؛ بەڵکوو فەرمان ناوی هەموو ئەو هەوڵانەیە کە بۆ سڕینەوەی مرۆڤ لەبەر ناسنامەی بوونی دراون. هەر فەرمانێک هەوڵێک بووە بۆ ئەوەی مرۆڤێک لە مافی بوون بێبەش بکرێت، هەر فەرمانێک لە قوڵایی نادادیدا، لەگەروی بێدەنگیدا، هەڵگری پەیامی ئازارو نادادی وجینۆساید و ئەنفال و مرۆڤ کوژی و تاڵانی و دڕەندەین، بە کویلەکردنی ژنان و دەست درێژیکردنەسەریانە. ئەو فەرمانانە چیرۆکێکن، کە بۆنی ستەم و دڕندەیی و خوێن و بەربەریت و تاریکپەرستی لەناخیاندا کەڵەکە بووە تۆز بەسەریانەوە نیشتبوو، بەلام کارەساتی جینۆسایدی شەنگالیەکان هەموو ئەو تۆزەی هەڵماڵی لەسەر مێژوویەکی خوێناوی لەیاد کراو، بۆیە دەبیت یادی فەرمانەکان بکەینەوە، بۆ ئەوەی بەیانیمان لەبەر چاو بێت و بە ئەگابین، بۆ ئەوەی بەناوی جیا و لەبەرگی جیا دووبارە نەکرێنەوە.
هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، کۆتایی ئەو زنجیرەیە فەرمانانە نەبوو؛ بەڵکو دڕندەترین ئەڵقەی ئەو زنجیرەیە بوو. لە سەدەی بیست و یەکدا، لە جیهانێک کە خۆی بە جیهانی مافی مرۆڤ ناساندبوو، ژنان لە بازاڕەکاندا وەک کەلوپەل فرۆشران، منداڵان بێدایک و باوک مانەوە، پیاوان تەنها بەهۆی باوەڕیانەوە کوژران و شەهیدکران، گوللەبارانکران و زیندە بەچاڵکران، و هەزاران خێزان تا ئێستاش لە چاوەڕوانیی کەسە ونبووەکانیاندا پیر دەبن.
ئەگەر دەتانەوێت بە ئازارەکانی ئەو چیرۆکانەوە ئاشنابن، وەرن گوێ لە دەنگی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و قوربانیان ئەو کارەساتە بگرن، ئەوەی جێگای نیگەرانیە تا ئەمڕۆ هەزارن قوربانی ماون سۆراخیان نییە، ناوچەکانیشیان ئاوەدان نەکراونەتەوەو قەربووی مادی و مەعنەوی نەکراون.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان وەک مامۆستا شێرزاد حەسەن دەڵیت ڕەش هەڵاتی ناوەڕاست، مێژوو زۆرجار بە خوێن نووسراوە. بەڵام ئەگەر ئێمە ساڵێ جارێک تەنها یادی قوربانییەکان بکەینەوە و هیچ هەنگاوێکی نوێ نەگرینەبەر، ئەوا مێژوو هەر خۆی دووبارە دەکاتەوەو خۆی دەنوسێتەوە،
لەبەر ئەوە، یادی شەنگال دەبێت لە یادێکی ساڵانەوە بگۆڕدرێت بۆ بزووتنەوەیەکی مرۆڤایەتی، بزوتنەوەیەکی جیهانی خاون پەیامی مرۆڤایەتی.
پێویستە کەمپینێکی جیهانی بۆ شەنگال و ئێزدییەکان دەست پێ بکرێت؛ کەمپینێک کە مەبەستی تەنها هاوخەمی نەبێت، بەڵکو کردار بێت. ئەم کەمپینە دەبێت هەڵگری شەش ئامانج بێت: دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان، ناساندن و هەڵدانەوەی هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان، چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربووان، پاراستنی میراتی ئاینی و کەلتووریی ئێزدییەکان، ئاودان کردنەوەی ناوچەکانیان و قەربوو کردنەوەیان، بەجیهانی کردن وبەجیهانیکردنەوی دۆسیەی جینۆسایدی شەنگال تا ببێتە بەشێک لە هۆشیاریی ویژدانی مرۆڤایەتی بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ خێزانەکان، و بۆ ئەوەی چیرۆکی ئێزدییەکان لە قوتابخانە، زانکۆ، کتێب و میدیاکانی جیهاندا بژی. هەموو مرۆڤێک دەتوانێت بەشێک بێت لەم کەمپینە؛ نووسەر بە قەڵەمەکەی، هونەرمەند بە هونەرەکەی، مامۆستا بە وانەکەی، ڕۆژنامەنووس بە دەنگی خۆی، و هاووڵاتیی ئاسایی بە بڵاوکردنەوەی ڕاستی، دەنگ بێژەکانمان بە چیرۆک و لاوک و حەیرانەوە، هۆڵی سینەماکان بە گێڕانەوەی چێروکی شەنگال و شەنگالیەکان، چونکە پاراستنی یادەوەریی قوربانییەکان، تەنیا کاری حکومەت و ڕێکخراو حیزبەکان نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی مرۆڤایەتییە.
ئەگەر شەنگال تەنها یادێک بێت، کەمە. ئەگەر ببێتە وانە، باشترە. بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی کردار، ئەوا قوربانییەکان لەناو بێدەنگیدا نامرن.
لە یادی ١٢ ساڵەی داگیركردنی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەكاندا،لەیادی ١٢ ساڵەی فەرمانی سەر شەنگال و شەنگالیەکاندا، سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو بێتاوانانە، بەڵام بە ڕێزدانان و دانانی چەپکە گوڵ؟ بەڵام بە بەیاننامە؟، بەڵام بە پرۆتستۆکردن ؟بە هاوخەمی؟ ئەرکەکانمان تەواو نابێت. ئەو ڕێزو هاوسۆزی و بەیاننامە و پرتستۆکردنە کاتێک مانای دەبێت شوێنی خۆی دەگرێت کە ببێتە کردار؛ چونکە قوربانییەکان زیاتر لە فرمێسک، پێویستیان بە دادپەروەرییە، و زیاتر لە یادکردنەوە، پێویستیان بە ویژدانێکی زیندوو هەیە. نەفرەت لە تیرۆریستان، نەفرەت لە داعش و بیر داعشیەکان، ئەگەر هەر یەکێ لە ئێمە خۆی بخاتە شوێنی کەسوکاری شەنگالیەکان، وەک باوکێک بیر بکەیتەوە کچەکەت یان دایکت یان خوشکت یان پورت یان دەزگیرانی کورەکەت لەبازاڕەکانی هەراجی مرۆڤایەتی بازرگانیان پێوە دەکرێت، یان کەسوکارت بەبێ تاوانی لەگۆرەبەکۆمەڵەکاند زیندەبەچاڵ کراون، ئینجا لەو ئازارە تێدەگەیت، دادپەروەری، تۆڵەی شارستانییەتە، تۆڵەی ویژدان و مرۆڤایەتیە، نەفرەت، تۆڵەی تیرۆرە. ئێمە داوای تۆڵە ناکەین، داوای داد دەکەین؛ چونکە ئەوەی لە شەنگال زیندبەچاڵکران و شەهیدکران، تەنیا هەر ئیزدی نەبوون، بەڵکوو لەگەڵ ئیزدیەکان مڕۆڤایەتیشیان زیندە بەچاڵکرد.
شەنگال تەنها هی ئێزدییەکان نییە؛ شەنگال تاقیکردنەوەی ویژدانی هەموو مرۆڤایەتییە. بەتایبەتی هی هەر کوردێکی ڕەسەنە، ئەگەر ئێمە دەنگ هەڵبڕین و کردار بنوێنین، ئەوا جارێکی تر نابێت ئایدیۆلۆژیای نەفرەت، بە ناوی ئاین یان هەر پیرۆزایەتییەکی دیکە، ببێتە ئامرازێک بۆ جینۆساید و سڕینەوەی مرۆڤ. لەبەر ئەوە، با لە یادی شەنگال، کردار جێگای وشە و بەیاننامەکان بگرێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی