میدیاکراتی یان دەسەڵاتی میدیایی، ئاماژەیە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن و حیزب یان سەرمایەداران کاریگەرییەکی رهها بەسەر ئاراستە سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتییەکاندا دەسەپێنن. لە هەرێمی کوردستاندا، تێکەڵاوبوونی قووڵی میدیا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و حزبی، فۆرمێکی تایبەتی لە میدیاکراتی دروستکردووە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر قەیرانی ئازادیی ڕادەربڕین هەیە.
بەحیزبیکردن و قۆرخکردنی بۆشایی گشتی لە هەرێمدا، زۆرینەی دەزگا گەورە و کاریگەرەکانی ڕاگەیاندن سەر بە هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانن یان لەلایەن بازنە نزیکەکانیانەوە ئاراستە دەکرێن. ئەمە وایکردووە میدیا لە پرەنسیپی چاودێریكردن بەسەر دەسەڵاتەوە بگۆڕێت بۆ ئامرازی پاساوهێنانەوە بۆ دەسەڵات و زەبر وەشاندن لە نەیاران.
بەرتەسککردنەوەی رووبەری ئازادی و فکری و لەناوبردنی هاوسەنگی لە گەیاندنی زانیاریدا و دروستکردنی پرسی خۆسانسۆرکردن لە سایەی میدیاکراسی حزبی و سەرمایەی سێبەردا لەهەرێم، ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی ڕاگەیاندن هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی لەدەستدانی کار یا سزادانی پیشەییدا دەژین كە ئەگەر لە هێڵە سورە دیاریکراوەکان لابدەن. ئەم پرۆسەیە بۆتە هۆی ئەوەی کە خودی ڕۆژنامەنووس پێشئەوەی بابەتێک بڵاو بکاتەوە، خۆی سانسۆری توند بەسەر بەرهەمەکەیدا بسەپێنێت، کە ئەمەش قەیرانی ئازادی لە شێوەی دەرەکییەوە دەگوازێتەوە بۆ کۆتوبەندێکی ناوەکی، ئەوە جگە لە تێکشکاندنی متمانەی گشتی.
میدیاکراتی لە هەرێمدا کۆمەڵگەی دابەش کردووە بەسەر چەندین سەنگەری جیاوازدا، کاتێک میدیا دەبێتە سەنگەری جەنگ و ڕاستی دەبێتە قوربانی یەکەم و ئەم جەمسەرگیرییە توندە ڕێگری دەکات لە دروستبوونی رای گشتیی تەندروست، چونکە ئازادیی ڕادەربڕین لێرەدا دەبەسترێتەوە بە قەبارەی هێز و توانای دارایی لایەنەکانەوە، نەک بە بەهای پیشەیی و مافی مرۆڤەوە.
هەروەها گۆشەگیرکردن و لاوازکردنی میدیای سەربەخۆ بەهۆی زاڵبوونی میدیاکراتی و نەبوونی بازاڕێکی ڕاستەقینەی ڕیکلام و ئابورییەکی سەربەخۆ، دەزگا سەربەخۆکان و ڕۆژنامەنووسە ئازادەکان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و ئاستەنگی یاسایی دەبنەوە، ئەم فشارە داراییانە لەگەڵ بەربەستە کارگێڕییەکاندا، دەبنە هۆی کشانەوە یان بێدەنگکردنی دەنگە جیاوازەکان.
میدیاکراتی لە هەرێمی کوردستاندا قەیرانی ئازادیی لە شێوەی سەرکوتکردنی ڕووتەوە گواستووەتەوە بۆ قەیرانێکی ئاڵۆزتر، کە تێیدا خودی پێکهاتە و شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی ڕاگەیاندن، خۆی دەبێتە بەربەست لەبەردەم گەشەکردنی ئازادیی ڕاستەقینە و پیشەییدا.
پێموایە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی پیشەیی لە نێوان ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکاندا، دەکرێ ببێتە چارەسەرێکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی میدیاکراتی لە هەرێمدا.
تێڕوانینێکی زۆر واقعیانە هەیە کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی دۆخی تاڵ و ئاڵۆزی ئێستای کەرتی ڕاگەیاندنە لە هەرێمدا، ڕاکێشانی ڕۆژنامەنووسان بۆ ناو مێدیا سێبەرەکان و سەرقاڵکردن بە بابەتی پووچەوە، خاڵێکی یەکجار هەستیار و مەترسیدارە.
لێرەدا سیستمی سیاسی و دارایی تەنها پشت بە سەرکوتکردنی ڕووت نەبەستووە، بەڵکو ستراتیژێکی پێشکەوتووتری گرتووەتەبەر. کاتێک ژینگەی پیشەیی تەسک دەکرێتەوە و ئابورییەکی سەربەخۆ بۆ میدیا بوونی نەبێت، ڕۆژنامەنووس ناچار دەبێت بۆ دابینکردنی بژێوی ڕوو لەو دۆخە بکات کە سەرمایەی سێبەر و دەسەڵات دەیخوڵقێنێت،لێرەدا پڕوپاگەندە و بابەتی لاوەکی دەبنە پڕکەرەوەی بۆشایییەکە و خەڵکیش بە شێوازێکی سیستماتیک بەرەو بەکاربردنی ناوەڕۆکی هیچ و بێمایە دەبرێن، وەک چۆن لە زۆرێک لە مۆدێلەکانی بلۆگەر و یوتووبەری لاوەکیدا دەبینرێت.
خاڵێکی تر بریتیە کوشتنی گیانی ڕەخنەگرانە بە فشاری بژێوی، دەسەڵات زۆر باش لەوە تێگەیشتووە کە دروستکردنی میدیای سێبەر و سەرگەرمکەر باشترین ئامرازە بۆ بێدەنگکردنی قەڵەمە بوێرەکان، بەو پێیەی مرۆڤ لە ژیاندا پێویستی بە دابینکردنی سەقامگیریی ئابوری هەیە و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان لەژێر فشاری ژیاندا ناچار دەبن ئاراستەی کارەکانیان بگۆڕن و ببنە بەشێک لەو مەکینە گەورەیەی کە ئامانجی سەرەکییان سەرگەرمکردنی کۆمەڵگە و کپکردنی دەنگی ڕاستەقینەیە.
خاڵێکی تر بریتیە لە گۆڕینی ئاراستەی رای گشتی لە کێشە بنەڕەتییەکانەوە، کاتێک میدیا و سەکۆ گشتییەکان پڕ دەبن لە مشتومڕی لاوەکی و ناوەڕۆکی پووچ و سیناریۆی دروستکراو، ئامانجی ستراتیژی ئەوەیە کە کۆمەڵگە لە پرسیارکردن لەسەر دۆسیە هەستیار و گەورەکان وەک گەندەڵی و قەیرانی حوکمڕانی و مافە سەرەتاییەکان دوور بخرێتەوە و تاقه ببڕدرێت.
ئەمە وا دەکات کێشەکە تەنها لە نەبوونی هاوپەیمانییەکی پیشەییدا نەدۆزرێتەوە بۆ میدیاکار و رۆژنامەنوسان، بەڵکو کێشەکە بریتی بێت لە داڕمانی بەهای ڕاستەقینەی کارکردنی پیشەیی لەناو ژینگەیەکدا کە تێیدا بێدەنگی یان بەشداریکردن لە پووچگەراییدا دەبێتە مەرجی بەردەوامبوون.
خاڵێکی تری زەق ئەوەیە کاتێک کەسانی نەزان و خاوەن زمانێکی ناشایستە مایک و سەکۆ گەورەکان داگیر دەکەن و ڕێژەی بینین و فۆڵۆ دەبێتە تاکە پێوەری سەرکەوتن نەک ناوەڕۆکەکەی و پیشەگەری و ڕاستگۆیی.
لەم دۆخەدا دەنگی لۆژیک و شیکارکار و کەسانی خاوەن توانا گۆشەگیر دەکرێن، چونکە بازاڕەکە تەنها پێویستی بە دروستکردنی ژاوەژاو و سەرگەرمکردنی کاتی هەیە، نەزانین و قسەی بێسەروبەر دەبنە کاڵایەکی بازرگانی کە سەرمایەکان دەیانکڕن و دەیانفرۆشن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە پرسیارە ڕاستەقینەکان دوور بخەنەوە، ئەمە وا دەکات کایەی گشتی ببێتە ژینگەیەک کە تێیدا ڕاستی دەبێتە قوربانیی ژاوەژاو و ناوبانگی دەستکرد.
لێرەدا پێناسەی ڕاستەقینەی دیاردەی "پووچگەرایی بەکۆمەڵ" دێتە سەر شانۆی ژیان و دەبێتە هۆی بەتاڵکردنەوەی کایەی گشتییەکان لە ناوەڕۆکی مانادار، وەک ئەو نموونە زیندووانەی هەن، لە لوتکەی داڕمانی پیشەیی و سزادانی هزری کۆمەڵگە، کە خۆی لە بەلاڕێدابردنی هزری کۆمەڵگە دەبینێتەوە، کاتێک کۆمەڵگە سەرتاپا لە قەیرانی ئابوری و بێکارییو ناعەدالەتی و داڕمانی بنەما سەرەتاییەکانی ژیاندا دەناڵێنێت، هێنانی بابەتی سەیروسەمەرە و پرسیارکردنی بێسەروبەر وەک نموونەکەی شوتیفرۆشەکە، کاتێک مایک بەدەستەکە کە خۆی وەک میدیا کار نیشاندەدات و لەشوتی فرۆشێک دەپرسێت تۆ چۆن بیری فرۆشتنی شوتیت کردۆتەوە!
لەو پیشەدا، کە لەگەڵ ڕێزم بۆ پیشەی شوتی فرۆشتنەکە، ئەوە نەزانی مایک بەدەستەکەیە، چونکە هەموو کەس دەتوانێت شوتی بفرۆشێت، تەنها ئامانجی ستراتیژیی لەو پرسەدا کە هەیە، ئەویش نازانی و سەرقاڵکردنی مێشکی تاکە بە بابەتی هیچەوە، بۆ ئەوەی هیچ کاتێک پرسیار لەسەر قەیرانە ڕاستەقینەکان و بەرپرسیارێتیی بڕیاردەران نەکرێت، ئەوە جگە لە بازرگانیکردن بە نەزانی و ناوەڕۆکی ژاوەژاو کە ئەمجۆرە مێدیا و کەسایەتییانە پێویستییان بە خوێندنەوە، و تێگەیشتن یان لێکۆڵینەوە نییە، چونکە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی قوول ماندووبوونی دەوێت.
لە بەرامبەردا، ئەو میدیایانە خۆیان بە زانیاریی لاوەکی و ڕووداوی سەرنجڕاکێش لەو سەری دونیا یا ئەو بابەتانەی بە "علم لا ینفع" ناسراون، خەریک دەکەن، کە خێراترین ڕێگەیە بۆ بەدەستهێنانی بینەر (Viewers) و دروستکردنی بازاڕێکی پووچ کە تێیدا نەزانین دەبێتە کاڵایەکی پڕداواکاری.
خاڵێکی تر بریتیە لە تێکشکاندنی پێوەری تێگەیشتن! کاتێک سەکۆ گشتییەکان دەبنە مەیدانی قسەی بێسەروبەر و بابەتی پووچ، ئەوا مێشکی کۆمەڵگە بەجۆرێک ڕادێت کە ئیتر لە بابەتە جدی و قورسەکان ڕابکات. ئەمە پرۆسەیەکی نهێنیی داڕمانە کە تێیدا پێوەری هەڵسەنگاندن لە زانین و لۆژیکەوە دەگۆڕێت بۆ سەرگەرمبوون بە شتی لاوەکییەوە، کە دەسەڵات ئەمە ئەمە بە بەرنامە دەگرێتەبەر بە ئامانجی تێکشاندنی تاکێکی بوێر و تێگەیشتوو، چونکە ئەوانەی تێدەگەن و پێگەیشتوون و باڵا بیر دەکەنەوە. ھەڵبەت ئەوانی خاوەن ماریفەتن زیاتر ئازار لەو نەزانیە دەخۆن کە کۆمەڵگاکەیان تێیکەوتووە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی