دیجیتاڵیکردنی سێکتەری دارایی ، تەنیا سیستەمی ئاڵوگۆڕی نەریتی
و بازرگانی جیهانی نەگۆڕی، بەڵکو گەورەترین و ئاڵۆزترین دەروازەشی بۆ پەرەسەندنی گەندەڵی
دارایی و شاردنەوەی سەرمایە نایاساییەکان کردەوە.
لە کاتێکدا کە جیهان بەدەست سیستەمە داراییە کۆنەکان و چاودێرییە
خاوەکانەوە دەیناڵاند، سەرهەڵدانی تۆڕە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکان و بازاڕی ڕەش لە قووڵایی
ئینتەرنێتدا و سەربەخۆیی دراوە کریپتۆییەکان زەمینەیەکی زێڕینیان بۆ مافیا نێودەوڵەتییەکان
و تەنانەت خودی هەندێک لە حکومەتەکان و ڕژێمە سیاسییەکان فەراهەم کرد تا شێوازەکانی
سپیکردنەوەی پارە و تاوانە داراییەکان بەرەو قۆناغێکی نوێ ببەن .
لەم ساڵانەی دواییدا، سپیکردنەوەی پارە لە شێوازە تەقلیدییەکەیەوە
کە پشت بە کڕینی موڵک و ماڵی گرانبەها وکۆمپانیا وەهمییەکان ، یان جانتای پڕ لە پارەی
نەختینە دەبەست، گۆڕدرا بۆ پرۆسەیەک كە تەنیا بە یەک کرتە لە پشتی شاشەی کۆمپیوتەرەکانەوە
بەڕێوەدەچێت.
دراوە کریپتۆییەکان کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای بلۆکچەین و سیستەمی نامەركەزی کاردەکەن، سەرەتا وەک ئامرازێک
بۆ ڕزگاربوون لە قۆرخکاری بانکە ناوەندییەکان و هێنانەکایەی دادپەروەری دارایی ناسێنران،
بەڵام خێرایی و نادیاریی ناسنامەی بەکارهێنەر، و نەبوونی چاودێریی دەوڵەتی، وایکرد
کە ئەم تەکنەلۆژیایە ببێتە باشترین چەک بۆ داپۆشینی سەرچاوەی ئەو پارانەی کە لە گەندەڵی
و دزینی سامانی گشتی بەدەستدێن .
ئەوەی ئەم هاوکێشەیەی لە تاوانێکی ڕێکخراوی ئاساییەوە گۆڕی
بۆ مەترسییەکی جیۆپۆلەتیکی گەورە، چوونە ناوەوەی ڕاستەوخۆی هەندێک لە حکومەتەکان و
ڕژێمە گەندەڵ و تاکڕەوەکان بوو بۆ ناو ئەم کایەیە. لە ژێر گوشاری سزای ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان
و بۆ دەربازبوون لە چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تۆڕی سێبەری داراییان لەناو جیهانی
دیجیتاڵیدا دروستکردووە.
ئەم حکومەتانە نەک هەر چاوپۆشی لە چالاکییە نایاساییەکانی
سپیکردنەوەی پارە دەکەن، بەڵکو خۆیان لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکان و هاکەرە حکومییەکانەوە
بوونەتە کارەکتەری سەرەکی. ئەوان بە بەکارهێنانی پرۆتۆکۆڵە پێشکەوتووەکانی تێکەڵکردنی
دراوە دیجیتاڵییەکان شوێنپێی ملیۆنان دۆلاری دزراو یان دەستکەوتوو لە چالاکی قاچاخچێتی
بەتەواوی ون دەکەن، بە شێوەیەک کە بەدواداچوونی بۆ هیچ دەزگایەکی چاودێری نێودەوڵەتی
ناکرێت.
لەم پرۆسە نوێیەدا، "تۆڕە تاریکەکان" وەک ناوەندێکی بازرگانی نێودەوڵەتی کاردەکەن کە
تێیدا یاسای هیچ وڵاتێک حوکم ناکات. لێرەدا، گەندەڵی دارایی حکومەتەکان دەگاتە لووتکە؛
کاتێک بەرپرسە باڵاكان پارە یان پشکە حکومییەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرە دیجیتاڵییەکانەوە
دەگۆڕن بۆ دراوی کریپتۆ، پاشان لە ڕێگەی زنجیرەیەک گواستنەوەی ئاڵۆز لە نێوان هەزاران
جزدانی دیجیتاڵیدا کە ناسنامەکانیان تەمومژاوییە،
دابەشی دەکەن.
حکومەتی ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییە توندانەی كەلەسەریەتی،
سیستمێکی ئاڵۆزی لە دارایی دیجیتاڵی پەرەپێداوە کە لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکان بەڕێوەدەبرێت.
حکومەت لە لایەکەوە ڕێگەی بە دامەزراندنی سەنتەری گەورەی دیجیتاڵی داوە بۆ بەرهەمهێنانی
"ماینینگی کریپتۆ" بە بەکارهێنانی کارەبای هەرزانی وڵاتەکە، و ەلە لایەکی
دیکەوە ئەم دراوە ژمارەییانە بەکاردێنێت بۆ کڕینی کاڵا و تەمویلکردنی چالاکییە دەرەکییەکانی
بە شێوازێکی نهێنی.
حکومەتی ڤەنزوێلا ، دراوێکی ژمارەیی فەرمی بەناوی "پێترۆ" لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕاگەیاند، کە گوایە پشت بە یەدەگی
نەوتی وڵاتەکە دەبەستێت. بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەورەترین فەزیحەی گەندەڵی دارایی
دیجیتاڵی تەقییەوە کاتێک دەرکەوت بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی
نیشتمانی بە هاوکاری دەزگای سەرپەرشتیاری دراوە دیجیتاڵییەکانی وڵاتەکە ، ملیاران دۆلاری
فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلایان لە ڕێگەی کڕین و گۆڕینەوەی دراوە کریپتۆکانەوە (وەک بیتکۆین
و تێزەر) بۆ حیساباتی تایبەتی خۆیان لە دەرەوەی وڵات گواستووەتەوە. ئەم کارە بووە هۆی
ونبوونی زیاتر لە ٢١ ملیار دۆلار لە داهاتی گشتی وڵاتەکە کە هەمووی بە دیجیتاڵی شاردرابووەوە،
و لە کۆتاییدا حکومەت ناچار بوو لە سەرەتای ٢٠٢٤دا پڕۆژەی دراوە دیجیتاڵییەکەی بە تەواوی
ڕابگرێت.
لە عێراقدا لەساڵی ٢٠٢٢، زیاتر لە ٢.٥ ملیار دۆلار لە ئەماناتی
باجی عێراق لە بانکی ڕافیدەین دزرا. ئەگەرچی دزینەکە لە ڕێگەی چەکی کاغەزییەوە ئەنجامدارا،
بەڵام بنەمای کارەکە پشتی بە گەندەڵییەکی دیجیتاڵی بەربڵاو بەستبوو لە نێو سیستمی چاودێری
وەزارەتی دارایی و دەستەی باجدا. گەندەڵکاران بە ئەنقەست سیستمە ئەلیکترۆنیەکانی چاودێری
بانک و وردبینیان پەکخستبوو یان دەستکاری کۆد و زانیارییە تۆمارکراوەکانیان کردبوو.
دواتریش پارەکان بە خێرایی لە ڕێگەی حیساباتی ئەلیکترۆنیەوە گۆڕدران بۆ دۆلار و زێڕ
و بۆ دەرەوەی وڵات قاچاخ کران.
لە کۆتاییدا، ئەم پارە سپیکراوەیە لە بازاڕە یاساییەکانی
جیهاندا وەک وەبەرهێنانی شەرعی یان پشکی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان دەردەکەوێتەوە. ئەم
گۆڕانکارییە بنەڕەتییە لە داینامیکی گەندەڵیدا، سیستەمی دادوەری و چاودێری نێودەوڵەتی
تووشی شۆک کردووە، چونکە میکانیزمە یاساییە کۆنەکان ناتوانن لەگەڵ خێرایی خولیای گۆڕانی
تەکەنەلۆژیادا بڕۆن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی