کاتێک بەیاننامە شەرمنەکەی
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە وەڵامی محەمەد سەمعاندا خوێندەوە،
لە پێشدا ئەز شەرم دایگرتم! دەستەیەک کە خۆی بە پاسەوانی خاکی دابڕاو دەزانێت، لەبری
هەڵوێستی مەیدانی و توند، کەوتووەتە پاڕانەوە و داوا لە پارێزگارێکی سەپێنراو دەکات
گیانی پێکەوەژیان تەبایی تێک نەدا! ئەمە وەڵامدانەوە نییە، ئەمە ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی
و پینە و پەڕۆ کردنی ئەو کارەساتەیە کە دوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) بەسەر
کەرکووکدا هێناویانە.
محەمەد سەمعان لە کەناڵی
فەرمیی عێراقەوە ڕادەگەیەنێت کە ماددەی ١٤٠ گەورەترین هەڵەی ستراتیژی بووە. بەراستی
چی وایکردوە کەسێکی وەک سەمعان ئەو جورئەتە بکات و ئەو شەکرە بشکێنێت؟
سەمعان باش دەزانێت کە
بڕیار و ئیرادەی سیاسیی کورد لە کەرکووکدا کراوەتە قوربانیی ململانێی دوو حزب،
واتا کینەی کۆن، و سیاسەتی «کەرە دێزە»ی نێوان یەکێتی و پارتی. کاتێک بەرپرسانی هەردوولا
ناوبەناو خەریکی خەنجەردانن لە پشتی یەکتر و کەرکووکیان کردە بەشێک لە سەودا و مامەڵەی
شەخسی و حزبی لە بەغداد، شەقامی کەرکووکیان تەسلیمی کەسانێکی وەک سەمعان بێگ کرد کە
تەنانەت لە خەونیشیاندا نەیاندەبئنی بڕیاردەری ئەو شارە کوردییە بن.
بەرپرسانی ئێوە پێیان
وایە جەماوەر نەزانن و بە ڕستەگەلێکی سادە و وشەی ڕازێنراوەی ناو بەیاننامەکان فریو
دەخوات.
ئێمە دەزانین پاراستنی دەستوور بە بەیاننامە ناکرێت، کاتێک لە سەرکەوتنی سیاسی
و هێزی مەیدانیدا شکست دێنن، دێن لەسەر کاغەز باسی «ئیرادەی گەلانی عێراق» و «پابەندبوونی
دەستووری» دەکەن. ئەگەر بەڕاستی بەهای دەستوورتان دەزانی، بۆچی لە پێناو پلەوپۆست
و دەستکەوتی حزبی، سەنگەرتان لە یەکتر گرت و کەرکووکییەکانتان بەبێ پشتیوان هێشتەوە؟
شکستی ستراتیژی بە بەیاننامە پینە ناکرێت، خەڵکی کوردستان باش دەزانێت کە ئەم
بەیاننامەیەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان تەنها بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی پەندە
کوردییەکەیە: «لە دوای تڕێ، خەمشە بڕێ». دوای ئەوەی ماڵەکەتان بە دەستی خۆتان و بەهۆی
چاوبرسییەتی حزبییەوە دۆڕاند، ئێستا هاتووون لە پشت ڕاگەیاندنەکانەوە بەرد لە نەیارانتان
دەگرن؟
محەمەد سەمعان تەنها
داردەستە و ئەو قسانەی دەیکات حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم پێشتر زەمینەکەیان بۆ ڕەخساندووە.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە شاری کەرکووک نەک هەر بە سەمعان، بەڵکو بە بێباکی و ناکۆکیی
نەبڕاوەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دۆڕێنرا.
ئەگەر پارتی و یەکێتی
تۆسقاڵێک ڕێزیان بۆ خەبات و خوێنی شەهیدانی کەرکووک بمابووایە، لەبری دەرکردنی بەیاننامەی
کاغەزیی، دەستبەرداری گەمە حزبییەکانیان دەبوون و بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی کرداریی
لە بەغداد، وەڵامی ئەو سووکایەتییانەیان دەدایەوە. بەڵام کاتێک سیاسەتی حزبی زاڵ دەبێ
حەتمەن ئەنجامەکەی هەر ئەوە دەبێت کە دەستەواژە دەستوورییەکان بشێوێندرێن و کورد لە
شارەکەی خۆیدا بکرێتە تەماشاکار!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی