ئێمە با لەدەسەڵات
گەڕێین كە چاو و گوێیان لەدەستداوەو كەوتوونەتە گیانی میللەتە، بەڵام بەجددی بۆ
دوو قسە لەسەر ئۆپۆزسیۆن نەكەین؟ پرسیار بكەین بڵێین ئەرێ بەراستیی ئەو هێزانە ئیشیان
چییە؟
بەپێی مەنتقی دیموكراسی،
ئۆپۆزسیۆن تەواوكەری حوكمڕانییە، هێزی فشاری سەر دەسەڵات و هێزی بەدیلە. ئیشی ئۆپۆزسیۆن
لەدوو شوێنە، لەپەرلەمان و لەشەقام. ئەگەر لەپەرلەمان سەركەوتوو نەبوو بۆ گۆڕانكاریی
و دروستكردنی فشار، پەنادەباتە بەر شەقام و خەڵك دێنێتە جادە. كەچی لەكوردستان پەرلەمان
پەككەوتووە هیچ حزب و كەسێكیش خۆپێشاندان ناكات، كەواتە ئۆپۆزسیۆن ئیشی چییە؟
باشە پەرلەمان پەكخراوە،
تازە حكومەتیش دروستناكرێت، كەوایە ئۆپۆزسیۆن چی دەكەن لەپەرلەمان؟ بۆ دەستلەكارناكێشنەوەو
چۆڵی ناكەن؟ كۆمەڵی دادگەریی كارێكی باشی كرد، چونكە ئەم پەرلەمانە بوون و نەبوونی
وەك یەك وایە، كەوایە بۆ روو زەردی دەنگدەرانیان بن.
لەكوردستان ئۆپۆزسیۆنیش
كوێخایە، رەفتاری رژێمی حوكمڕانی هەڵگرتووە. لەباتی بەرگرتن زوڵم و لەستەمكاریی دەسەڵاتداران،
هەر بۆڵەبۆڵیەتی. ئەوەتا رژێمی دەسەڵاتدار دەستی خستۆتە سەر خنخنۆكەو هەناسەدانی خەڵك، كەچی وتەبێژی حزبێكی ئۆپۆزسیۆن دەیگوت ئەگەر خەڵك
خۆپێشاندان بكات، ئێمە پشتیوانیان دەكەین!! خۆیان نا! ئەم قسەیە سوكایەتیی بەئازاری
خەڵك نەبێت چیی؟!
لەكوردستان ئۆپۆزسیۆن
بەشێكە لەئەجێندای حوكمڕانان، وەك جەماوەری تۆپێن لەنێوان هەردوو حزب، هەردوو وڵاتی
ئیقلیمیی دابەشبوون، هەمویان بوونەتە بەشێك لەم سیستمە شكستخواردووە، ئیشیان ئەوە
نییە رێی راست پێشانی خەڵك بدەن، ببنە بەدیلی ئەم حوكمڕانییە خراپە، بەڵكو لەخزمەت
دەسەڵات و رژێمی حوكمڕاندان و ئەركیان بۆتە بەتاڵكردنەوەی توڕەیی خەڵك و شەقام.
ئەو دیمەنە تراژیدییەی
لەكوردستان دەیبینین، رێك بەشێكە لەو دیمەنانەی كە ئالان دونو لەكتێبە بەناوبانگەكەی
(سیستمی پڕوپوچی) باسی سروشتی ئۆپۆزسیۆن لە سیستمی پڕوپوچ دەكات.
لەوێدا دەڵێت لەوجۆرە
سیستمەدا ئۆپۆزسیۆن دەبێتە شەریكی گەندەڵیی و دەبێتە بەشێك لەخراپەكارییەكانی رژێمی
حوكمڕن و بەشدار دەبێت لەحوكمڕانیی و جومگەكانی حوكمڕانی وەردەگرێت. لەو جۆرە سیستمەدا
ئۆپۆزسیۆن لەباتی ببێتە بەدیل، رژێمی حوكمڕان دەیانكاتە هێزی بێ ئەرزش و دەیانكاتە
شەریكی حوكمڕانیی. ئۆپۆزسیۆن دروشمی گەورەو بریقەدار هەڵدەگرن، بەڵام زیانبەخش
نابن بۆ حوكمڕانان و تەنها گارەگارو بۆڵە بۆڵ دەكەن و هیچیتر، بگرە سودێكی گەورە بەرژێمی
حوكمڕان دەگەینن و تەمنی حوكمڕانیی و حوكمڕانان درێژ دەكەنەوە.
ئەو كتێبەی
ئالان دونو نوسیویەتی بەناوی رژێمی پڕوپوچی، رێك دەڵێیت لەسەر حوكمڕانی هەرێم
نوسراوە، بەڵام هێشتا خراپتر، ئۆپۆزسیۆنی لەهەرێم جگە لەوەی بەشێكە لەم بارودۆخە،
هاوكات بۆتە هۆكاری نائومێدییەكی گەورە، ئیدی خەڵك بڕوای بەدروشمبازیش نەماوە! ئەمەش
خواستی دەسەڵاتە.
بێگومان ناكرێت
تەواوی ئۆپۆزسیۆن، یان پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بخەینە سێرە، لەنێویاندا پەرلەمانتاری
زۆرباش و دڵسۆز هەیە، بەڵام بەگشتیی باسی هەڵسوكەوت و سیاسەتی زۆربەی حزبەكانی بەناو
ئۆپۆزسیۆن دەكەین، یەكێك لەو پەرلەمانتارانە كە چالاكانە كاردەكات، كاك عەلی حەمەساڵح
و خوشك و برای دیكەش رۆڵی باش دەبینن و ئازایانە دەست لەسەر بەشێك لەبرینەكان دادەنێن،
جێگەی دەستخۆشیە.
بەدڵنیاییەوە نیگەرانین
باسی ئۆپۆزسیۆن دەكەین، چونكە هەموومان دەستمان لەدەسەڵات و دەسەڵاتدارانی
كوردستان شوشتووە، تازە دوعاش كاریان تێناكات. باریان تێكناوەو بەجۆرێك هەڵسوكەوت
دەكەن وەك ئەوەی بەتەمای بەیانی نەبن و باربكەن. دەستیان خستۆتە سەر خنخنۆكەی میللەت
و لەهەموولایەك سامانی ئەم وڵاتە دەكێشنەوە، ئەم میللەتەیان كردۆتە دیل و بارمتەی
بەرژەوەندی و حەزوو ئارەزووەكانیان. تازە چاكبوونیان زۆر زەحمەتە، چونكە ئێستا هەر
خۆیان نین، بەڵكو نەوەكانیشیان گەورەبوون و فێری پڵاو بوون، هەموو ستەمكارانی مێژووش
هەر بەم رێچكەیەدا تێپەڕیون.
.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی