نەتەوەسازی لە ئاوێنەی زماندا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

ژینەتیکی سیاسی و فەرهەنگیی هەموو نەتەوەیەک لە قووڵایی زمانی ئەو نەتەوەیەدا لەدایک دەبێت، وەک چۆن ئارنۆڵد تاینبی دەڵێت( شارستانیەتەکان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاڵنگارییە گەورەکاندا یان دەگەشێنەوە یان لەناو دەچن ) زمانی کوردی لە مێژوودا سەلماندوویەتی کە خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵایینە بۆ مانەوە. سەرەڕای سەدان ساڵ داگیرکاری و نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و پەرتەوازەیی جوگرافی، زمانی کوردی نەک هەر لەناو نەچووە بەڵکو توانیویەتی وەک چەترێکی فەرهەنگی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بپارێزێت، بەڵام لە ئێستادا ئاڵنگارییەکە لە مانەوەوە گۆڕدراوە بۆ ڕێکخستن و هێنانی زمانەکە بۆ ناو کایەی ڕەسمی و زانستی واتە ئەرکی مێژوویی دانانی زمانی ستاندارد.

لە فیکری سیاسی و کۆمەڵناسیی هاوچەرخدا کاتێک باسی بونیاتنانی نەتەوە دەکرێت زمان لە ڕیزی یەکەمی توخمە پێکهێنەرەکاندا دادەنرێت، مارتن هایدیگەر زمانی بە (ماڵی بوون) ناو دەبرد بەو مانایەی کە سەروەریی واقیعی و فکریی مرۆڤ و نەتەوەکان لە ناو زمانیاندا جێگیرە، نەتەوەی کورد خاوەنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین و خۆڕاگرترین زمانەکانی ناوچەکەیە، بەڵام چەمکی نەتەوەسازی بەبێ زمانی ستاندارد کە تێکڕای کایەکانی خوێندن و زانست و دیپلۆماسیەت و ئەدەب و میدیا لەخۆدەگرێت هەمیشە ناتەواوی دەمێنێتەوە.

گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم لەدایکبوونی زمانی ستانداردی کوردی هۆکاری سیاسی و مێژوویی بوون، لە دواین هەسارەی دەسەڵاتی مادەوە تا دەگاتە میرنشینە کوردییەکان و ئەزموونە ناوچەیییەکانی سەدەی پێشوو، نەبوونی دەسەڵاتێکی سەرتاسەری یان فەرامۆشکردنی ئاگادارانەی ئەم پرۆسەیە لەلایەن بڕیار بەدەستانەوە وایکردووە ئەرکی دانانی زمانی ستاندارد دوا بکەوێت. ئیبن خەلدون لە موقەددیمەدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە گەشەی زانست، ئەدەب و بەرەوپێشچوونی زمان پەیوەستە بە سەقامگیریی دەسەڵات و دامەزراوەسازییەو، ئەمە ڕێک ئەو هەڵسەنگاندنەیە کە وەڵامی ئەم گریمانە مێژوویییە دەداتەوە، دانانی زمانی ستاندارد پێویستی بە دامەزراوەی ئەکادیمی و شارەزایانی چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆڕا هەیە بەڵام جێبەجێکردن و سەپاندنە یاساییەکەی تەنیا دەسەڵاتێکی سیاسیی ئیرادەدار دەتوانێت ئەنجامی بدات.

لێرەدا تێگەیشتنێکی هەڵە سەرهەڵدەدات ئایا فرەیی دیالێکتەکان، کرمانجی سەروو، ناوەڕاست، خواروو و پێکهێنەرەکانی تر لە زمانی کوردیدا کۆسپن؟ وەڵامی زانستی و ژیریی ڕەها کۆکە لەسەر ئەوەی کە دیالێکتەکان سەرمایەن نەک کۆسپ ، ئەنتۆنیۆ گرامشی لە تێڕوانینە کۆمەڵناسییەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زمانی ستاندارد نابێت ببێتە ئامرازێکی هێژمۆنی دەسەڵات بەسەر دیالێکتە ناوچەیییەکاندا، زمانی ستانداردی کوردی بە هیچ شێوەیەک جێگرەوەی شێوەزارە لۆکاڵییەکان نییە و نایانسرێتەوە بەڵکو تەنیا چوارچێوەیەکی فەرمیی هاوبەشە بۆ کایە ئەکادیمی و گشتییەکان. ئەگەر سەرنج بدەینە ئەزموونی جیهانی ڕازی ناسیۆناڵیزم و زمان لە وڵاتانی عەرەبی یان لە فەرەنسا و بەریتانیا و هەنانەدانی زمانی ئینگلیزی ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە جیاوازیی قووڵ لە نێوان زمانی شەقام و قسەکردنی ڕۆژانەی ناوچە جیاوازەکاندا هەبووە و هەیە بەڵام بوونی یەک زمانی ستاندارد نەتەوەکەی لە پارچەپارچەبوون پاراستووە، زمانی کوردی سەرەڕای فرەیی دیالێکتەکانی لە ڕووی پێکهاتە و دەولەمەندییەوە هیچی لە زمانەکانی وەک عەرەبی و تورکی و فارسی کەمتر نییە و لە زۆر کایەدا هێزی ڕامان و دەربڕینی زیاتریشی تێدایە.

یۆرگن هابەرماس لە تیۆریی ( کردەی پەیوەندیدار )دا باسی ڕەخساندنی بواری گشتیی ئازاد دەکات بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، پرسی زمانی ستانداردی کوردی لەمڕۆدا پێویستی بە گۆڕەپانێکی زانستی بێگەرد لە ئەجێندای بەرژەوەندخوازانەی سیاسی هەیە ئەنجامدانی کۆنفرانس و دیداری زانستی لە نێوان زانکۆکان و ئەکادیمیستەکان و ڕۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆڕا، هەنگاوی یەکەمی ڕەسمکردنی نەخشەڕێگەیەک دەبێت بۆ بونیادنانی ئەم فۆرمە یەکانگیرە. خۆڕاگریی زمانی کوردی لە بەرامبەر زەبروزەنگی سەدەی ڕابردوو، و کەمبوونەوەی بەرچاوی کاریگەریی زمانەکانی دەوروبەر لەسەری بەڵگەی زیندوێتیی ئەم زمانەیە لەم سۆنگەیەوە گەشبینی بەرامبەر بەداهاتووی زمانی ستاندارد، پابەندبوونێکی ژیرانەیە بە واقیعی مێژووییەوە زمانی ستاندارد تەنیا ئامرازێکی پەیوەندیکردن نییە بەڵکو گەورەترین بنەمای نەتەوەسازی و پرشنگدارترین ڕووی ناسنامەی کوردستانیبوون و هەوێنی لەدایک بوونی ڕزگاریی یەکجارییە. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی