سێ کورتە سەرنج سەبارەت بە ڕۆڵی ئیسلامییەکان بەرانبەر جینۆسایدی ئێزیدییەکان

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاراس سەعید



یەک

گوتاری دینی و ئاراستە ئیسلامییەکان (بە تایبەت لە شێوازە  سیاسییەکەیدا) لە چەندین ئاستدا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ جینۆسایدی ئێزیدییەکان و تەنانەت پرسی ئەنفالیش هەبووە، بۆ نموونە، داعش وەک زادەی ڕەهەندێکی توندڕەوی گوتاری (سەلەفی-جیهادی) کاتێک لەژێر ناو و دروشمی ئیسلامیدا هەڵسوکەوتی بەربەریانەی بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجام دا.  ئەوکات بەشێک لە گوتاری دینیی بە ئیسلامیی «تووندڕە و میانڕەو»وە لەبری سەرکۆنەی توند و ڕەخنەی  ڕیشەیی، پرسەکەیان بە لاوەکی زانی هەندێکیشیان بێ دەنگیان هەڵبژارد، ئەمە لە کایەی گشتیدا بەتایبەت تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان فەزایەکی دروست کرد کە تاوانەکە وەک بەشێک لە ململانێی  مەزهەبی و توندڕەویی ئایینی تەماشابکرێت، نەک وەک جینۆسایدێکی مرۆیی کە پێویستی بە هەڵویستەیەکی ڕەهای ئەخلاقی هەبێت.

دوو

لە زۆرینەی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، بەتایبەتی کوردستان کاتێک قوربانییەک سەر بە ئایین یان پێکهاتەیەکی جیاواز بێت، گوتاری  دینی ناتوانێت هاوسۆزییەکی تەواو و مرۆیی لەگەڵدا دروست بکات، چونکە ناسنامەی(ئاین) پێش ناسنامەی مرۆڤبوون دەکەوێت. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر لە ئاست تراژیدیای دەستدرێژی، بەکۆیلەکردن و کوشتاری ئێزیدییەکاندا بێدەنگ بن یان بە شێوازێکی سارد مامەڵەی لەگەڵ بکەن. من هۆکاری ئەمە دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئاگامەندیی ئایینی و سیاسی بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر کاریگەریی "ئێسنشالیزم" (Essentialism - ڕەگەزباوەڕی و بنەمای نەگۆڕ) دا بووە. لێرەدا (قوربانی نەخاسمە لەسەر بنەمای بەهای باڵای مرۆڤبوون) بەڵکوو لەسەر بنەمای ناسنامەی« تائیفی، مەزهەبی و نەتەوەیی»   شوناسیان پێ دەدرێت. کاتێک ئاگامەندیی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئەو عەقیدەیە خۆی بینا دەکات کە (ِهەقیقەتی ئێمە پیرۆزترە له وانیتر)، ئەوا ئاگامەندی لە ئاست تراژیدیای ئەوانی تردا کوێر دەبێت. هەربۆیە کوشتن و کۆیلەکردنی ئێزیدییەک یان ئەنفالکردنی کوردێک نابێتە خەمی هاوبەش.

سێ

لەکۆتاییدا، من تەنیا تاوانەکە ناخەمە ئەستۆی ئایین، بەدیدی من دیسکۆرس و مەنتاڵێتی حوکمڕانی زۆنەکانیش پشکی سەرەکیان بەردەکەوێت، لە زیانگەیاندن بە کەیسی جینۆساید،  بەنموونە، ئەنفالی بارزانییەکان، لە زۆنی سەوز کەمتر بووە بە خەمی هاوبەش و ناسۆر و یادەوەری نەتەوە.
موریس هالڤاکس، یەکێک لە دیارترین سۆسیۆلۆجیستی بواری یادەوەری، دەڵێت: "یادەوەری مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی چوارچێوەی کۆمەڵایەتییەوە زیندوو دەمێنێت و گەشە دەکات." بەداخەوە ئێمە یادمان ناکەوێتەوە چونکە ئاسۆی بیرکردنەوەکان ‌‌‌‌ لەناو قەفەزی ئایین و حزب و خێڵ و شارەکاندا گیری خواردووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی